تاژێ: کوشتنی ژینا ئەمینی دەرئەنجامی سیاسەتی دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنانە

تاژێ ئیدانەی کوشتنی ژینا ئەمینی کرد و ڕایگەیاند کە کاتی ئەوە هاتووە ڕژێمی ئێران خۆی بگۆڕێت، ئەگەرنا وەک هەموو ڕژێمە دیکتاتۆر و دەسەڵاتدارەکان دەڕوخێت.

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی لە بارەی کوشتنی کچە کوری رۆژهەڵاتی کوردستان ژینا ئەمینی لە تاران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە بەم شێوەیەیە:

"لە هەموو جیهاندا خەبات بۆ ئازادی ژنان دەسکەوتی گرنگی بەدەست هێناوە، ژنانی جیهان دەتوانن لە هەموو ئاستەکاندا گردبوونەوە ڕێکبخەن، وەک کۆنفرانسی تونس. دەتوانن گفتوگۆ بکەن و بۆچوونیان دەرببڕن و هەڵوێستیان هەبێت لەسەر هەموو ئەو پرسانەی کە جێگەی سەرنجی ژنانن. ڕوونە کە ئەم قۆناغە بە تایبەت لە ژێر سەرکردایەتی ژنانی ئێزدی و کورد و فارس و عەرەب و هتد، سەردەمی ئازادی ژنان دەبێت.

"کوشتنی ژینا ئەمینی دەرئەنجامی سیاسەتی دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنانە"

لە بەرامبەر شەپۆلی ئازادی ژنان و گەلدا، هەندێ دەسەڵاتی فاشیست و دژە دیموکراسی بەردەوام دوژمنایەتی ژنان دەکەن. یەکێک لەو وڵاتانە، ڕژێمی دەوڵەتی ئێران، بەتایبەتی لەم دواییانەدا، توندوتیژی دژ بە ژنانی گەیاندە ئاستێکی بەرزتر لە جاران، کە چیتر ویژدانی گەل ئەم دۆخە قبوڵ ناکات. لە ئێران دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنان بە یاسا ئاینییەکان جێگیر کراوە. هەموو ساتێکی ژیانی ژن بە عەقڵی باڵادەستی پیاو دیاری دەکرێت، واتە دەوڵەت. هەروەها دەیانەوێت کە ژنان ژێردەستە بمێننەوە. هەروەها کوشتنی  ژینا ئەمینی دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە دوژمنکارانەیە. چونکە هەر جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان بە ڕەوا دادەنرێت. ئەگەر ژن بیت و بتەوێت بە ئیرادەی خۆت بژیت دەبیتە ئامانجی هێرشی دڕندانە. مافی ژیانت لێدەسەندرێتەوە. هەروەها ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕووبەڕووی مەترسی هێرش و کوشتن ببنەوە. لەگەڵ کوژرانی ژینا ئەمینی جارێکی دیکە ئاشکرا بوو کە دۆخی ژنان لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار. چونکە ئەوەی دەیکوژێت خودی دەوڵەتە.

دژی ئەم هێرشانە بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی!' ئێمە بەشداریی گەل بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مانادار دەبینین و پشتیوانی لێدەکەین. هەرچەند ڕژێمی ئێران هێرش دەکاتە سەر خۆپیشاندەرانی ناڕازیی کە بەهۆی کوژرانی ژینا ئەمینی چوونەتە نێو شەقامەکان ، بەڵام ناتوانێت ڕێگریان لێبکرێت. تا ئێستا لەم ناڕەزایەتیانەدا چەندین هاوڵاتی شەهید بوون. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان دەکەین.

"بەم باجانە ئازادی ژنان مسۆگەر دەبێت"

ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی هاوبەشی ئازاری ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانین. کوژرانی ژینا ئەمینی و سیاسەتە گەندەڵەکانی رژێمی ئێران شەرمەزار دەکەین. ئێستا کاتی ئەوەیە کە رژێمی ئێران بگۆڕێت و دان بە مافی هەموو خەڵک و ژناندا بنێت. ئەگینا وەک هەموو ڕژێمە دیکتاتۆر و دەسەڵاتدارەکان دەروخێت.

داوا لە هەموو ژنان و گەلی ئێران دەکەین تا مافی خۆیان بەدەست نەهێنن دەست لە خەباتی خۆیان هەڵنەگرن. چونکە دوا وشە هەمیشە بەرخۆدان بووە. ئەم جۆرە باجانە دەبێتە هۆی ئازادی ژنان."

ف.ق