تەفگەری ئازادی-کەرکووک: ڕێبەر ئۆجەلان هێلی سورە بۆ ئێمە

دەربارەی هەڵوێستەکان لەبەرامبەر دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکووکی تەفگەری ئازادی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.

دەربارەی ئەو بانگەشانەی کە لە میدیاکاندا دەربارەی دۆخی تەندروستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکراوەتەوە، ئێوارەی ئەمرۆ سێ-شەممە، ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەفگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان لە بارەگای کەرکوکی تەفگەر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا کە تیدا هەڵوێستی تەفگەری لەبەرامبەر دۆخی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان ڕاگەیاند.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا عومەری حاجی حوسێن ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەفگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، ووتی: " دەنگۆیەک لەبارەی ڕەوشی ڕێبەر ئۆجەلان بڵاوبۆتەوە، ئێمەش وەکو تەفگەری ئازادی بروامان وایە تێزەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕێگا چارەسەرە بۆ کێشەکانی کەرکوک و کێشەی کورد بەگشتی و بەتایبەتی لە چوار ووڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بۆیە رێبەر ئاپۆ هێڵی سورە بۆ تەواوی کوردان و تەواوی ئازادی خوازانی جیهان."

هەروەها عومەری حاجی حوسێن سەبارەت بە دۆخی ڕیبەر ئۆجەلان ووتی: " هەریەکە لە ووڵاتانی تورکیا و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا شەرمەزار دەکەین و بە بەرپرسیاریان دەزانین لەبەرامبەر دۆخی رێبەر ئۆجەلان کە ماوەی ساڵێکە بارودۆخی دیارنیە، داواش لە هەموو ئازادی خوازان دەکەین برژێنە سەرشەقام بۆ خاوەنداری کردن لە ڕێبەر ئۆجەلان چونکە ئەوە ئەرکێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوین."

سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە لەسەر ڕەوشی رێبەر ئۆجەلان، عومەری حاجی حوسێن ووتی: "بە بۆچوونی ئێمە وەکو تەفگەری ئازادی ئامانجی تورکیا لە بڵاوکردنەوەی ئەو پروپاگەندەیە دەیەوێت قەبارەی و قورسایی بزوتنەوەی ئاپۆچێتی بزانێت، و هەوڵێکی تورکیا هەیە لە تۆڵەی شکستەکانی هەوڵێک هەیە ئەوەی رەوشێکی خراپ بەسەر ڕێبەر ئۆجەلان بهێنێت، بۆیە پێویستە گەلی کورد و تەواوی ئازادیخوازانی جیهان بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن."

عومەری حاجی حوسێن داواشی کرد: " هەرچێ زووە داوادەکەین پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ چاویان پی بکەوێت، ئەگەر دەوڵەتی تورک ڕێگە بە چاوپێکەوتن لەگەل ڕێبەر ئاپۆ نەدات ئەوە مانگرتن و چالاکی سەرتاسەری ڕادەگەیندرێت، خاوەنداری کردن لە ڕێبەر ئۆجەلان خاوەنداری کردنە لە ئازادی، دیموکراتی و پێکەوەژیان، بۆیە ئێمە وەکو تەفگەری ئازادی پشتگیری لە کامپینی ئازادی بۆ ئۆجەلان دەکەین بە ئەرکی خۆمانی دەزانی چونکە ئازادی ڕێبەر ئۆجەلان ڕێگە چارەسەرە بۆ کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست."

ک-ش