ته‌رمی گه‌ریلای یه‌ژه‌ئاستار خه‌دیجه‌ی ئای به‌ وتنه‌وه‌ی دروشم به‌ خاكسپێردرا

ته‌رمی گه‌ریلای یه‌ژه‌ئاستار خه‌دیجه‌ ای كه‌ له‌ پیران شه‌هیدببوو له‌ ده‌زگای پزیشكی دادوه‌ری وه‌رگیرا و به‌ دروشمی ‘شه‌هید نامرن‘ به‌خاكسپێردرا.

ته‌رمی گه‌ریلای یه‌ژه‌ئاستار خه‌دیجه‌ ئای كه‌ له‌ ١٩ی ئه‌یلول له‌ ناوچه‌ی پیرانی ئامه‌د له‌ هێرشێكی ئاسمانیدا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی یه‌ژه‌ئاستار عالیه‌ كیه‌ و هاجه‌ر سوجین ژیانی له‌ده‌ستدابوو، راده‌ستی بنه‌ماڵه‌كه‌ی كرایه‌وه‌. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی دایكی خه‌دیجه‌ ئای به‌ ناوی هیدایه‌ت ئای و ئایه‌توڵا ئای برای به‌ مه‌به‌تس وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ له‌به‌رده‌م پزیشكی دادی ئامه‌د ده‌ستیان به‌ چالاكی ئێشكگری دادپه‌روه‌ری كردبوو و پارته‌ سیاسیه‌كان و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانیش پشتیوانیان له‌ چالاكیه‌كه‌ كردبوو. دواتر داواكاری گشتیی كۆماریی ئامه‌د پاشه‌كشێی كرد و ته‌رمه‌كه‌ی راده‌ستی بنه‌ماڵه‌كه‌ كرد. بنه‌ماڵه‌كه‌ له‌ نیوه‌شه‌ودا ته‌رمی كچه‌كه‌یان له‌ ده‌زگای پزیشكی دادوه‌ری وه‌رگرت و بردیانه‌وه‌ بۆ گوندی هه‌ورێی سه‌ر به‌ پاسوری ئامه‌د و به‌ شێوه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌ خاكیان سپارد.

دوای ئاگاداربوونی گوندنیشینان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ و پێشوازیان له‌ ته‌رمی ئه‌و شه‌هیده‌ كرد. ته‌رمه‌كه‌ به‌ كاروانێكی ئۆتۆمبێل برایه‌ ناو گونده‌كه‌وه‌ و شوێنی پرسه‌كان رێوره‌سم سازكرا. په‌رله‌مانتارانی پارتی دیموكراتیكی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) ره‌مزیه‌ توسۆن و گوڵستان كلیچ كۆچگیری، ئه‌ندام و به‌ڕێوه‌به‌رانی هه‌ده‌په‌ی ئامه‌د و به‌رپرسانی پارتی هه‌رێمه‌ دیموكراتیكه‌كان (ده‌به‌په‌) له‌ ئامه‌د و كۆمه‌ڵه‌ی پشتیوانی و هاوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌سوكاریان له‌ لانكه‌ی شارستانی بێ سه‌روشوێن بوون (مه‌بیا-ده‌ر)، كۆمه‌ڵه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی كولتور و زمانی مێزۆپۆتامیا (مه‌د – ده‌ر) به‌شدارییان له‌ مه‌راسیمی ته‌رمه‌كه‌دا كرد. جه‌ماوه‌ر به‌ چه‌پڵه‌ دروشمی "شه‌هید نامرن"یان وته‌وه‌ و هه‌لهه‌له‌یان لێدا. دوای ئه‌وه‌ی پێویستییه‌ ئایینیه‌كان جێبه‌جێ كران، جه‌ماوه‌ر به‌ چه‌پڵه‌، هه‌لهه‌له‌ و دروشم ته‌رمه‌كه‌یان خسته‌ ناو ئۆتۆمبێلی گواستنه‌وه‌ی ته‌رم و به‌ كاروانێكی ئۆتۆمبێله‌كان به‌ره‌و گۆڕستانی كالێ شێخ بادین رۆیشتن.

گۆڕستانی كالێ شێخ بادین له‌لایه‌ن سه‌ربازانه‌وه‌ گه‌مارۆدرا. ته‌رمه‌كه‌ دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی خوله‌كێك رێزلێنانی بۆ ئه‌نجامدرا به‌ خاكسپێردرا. جه‌ماوه‌ر له‌ مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنه‌كه‌دا دوای نزا به‌ چه‌پڵه‌ و هه‌لهه‌له‌ و دروشمی "شه‌هید نامرن"یان وته‌وه‌.

هـ . ب