تێکۆشانی چێ گیڤارای کوردستانی

چێ گیڤارا شۆڕشگێڕی کورد لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی داعش ڕووی کردە ڕۆژئاوا. دوای ٣ ساڵ مانەوە لە رۆژئاوا بڕیاریدا دژی ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە کە پشتیوانی داعشی دەکرد شەڕ و تێکۆشان بکات. بەم مەبەستەوە روودەکاتە شاخەکانی کوردستان و دەبێتە گەریلا.

لە کوێ سیستەمی سەرمایەداری خۆی جێگیر کردبێت، لەوەێش ئازادی نامێنێت. لە کوێ مرۆڤەکان دەبنە ڕۆبۆت، مێشک خەوتووە. لە کوێ درۆ پەرەی سەندبێ، خیانەت لەوێدا شاراوەتەوە. لە کوێ هەموو شتێک لەبیرچووبێتەوە، مرۆڤایەتی لە خۆی دوور کەوتووەتەوە. لە کوێ دۆستایەتی نەمابێ، دوژمنایەتی گەشەی سەندووە. لە کوێ هەموو شتێک ڕوون نەبێت، ئیرادە نەماوە. بەگشتی لەوێ ژیان کۆتایی هاتووە. لە کوێ هێرشکردنە سەر سەرۆکێک بە بێدەنگی تەماشا بکرێت، لەوێ بەکۆمەڵایەتی بوون و مرۆڤایەتی مردووە. لە کوێدا هەموو ئەمانە بوونیان هەبێت، ویژدان بوونی نییە، چیرۆکی ژیانی شۆڕشگێڕێکی کورد چێ گیڤارا بەم لێکۆڵینەوەیەوە دەست پێدەکات.

بەدواداچوون بۆ ڕاستی لە سۆسیالیزمەوە دەست پێدەکات

شێخموس ئایدن لە ساڵی ١٩٨٨ لە ناوچەی مەهسێرتی شاری مێردین لەدایک بووە. بەڵام وەک زۆرێک لە بنەماڵە کوردەکان بە هۆی توندوتیژی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کۆچ دەکەن بۆ شارە گەورەکانی تورکیا. شێخموس لە شاری ئیزمیر و دوور لە زێدی خۆی گەورە دەبێت. لەوێ زۆر لە کولتوری کورد بوونی خۆی دوور نەبووەتەوە، دەزانێت کوردە و لە وڵاتەکەی کۆچی کردووە. هەروەها جارێکیش بە هۆی ناسنامەی کوردایەتی و مەیلە سیاسییەکانی بنەماڵەکەی، لە تەمەنێکی بچووکدا ڕووبەڕووی گوشاری دەوڵەت بووەتەوە. ئەمانە کاریگەری لەسەر شێخموس دەکات و بەو بۆنەوە زیاتر دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات لە سەر ژیانی خۆی گەلەکەی.

شێخموس ماوەی ١١ ساڵ لە قوتابخانە حکومییەکان دەخوێنێت. بەڵام هەست بە ڕازیبوون ناکات و  ئەو پەروەردەیەی کە لەوێ پێدەڵێنەوە هیچ دڵخۆشی ناکات. چونکە دەبینێت هەموو شتێک بە پێی سیاسەت و بەرژەوەندیی دەوڵەت دەکرێت. بۆیە قەناعەتی پێناکرێت. ئەو گەنجێکی زانا و زیرەک بووە. لە بەدواداچوونەکانیدا بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیستەمە. چونکە دەبینێت جگە لە لیبرالیزم و خۆسەپاندن هیچ ئامانجێکی دیکە پەیڕەوی ناکەن. لە ئەنجامدا بیرۆکەی سۆسیالیزم دەدۆزێتەوە و لێی دەکۆڵێتەوە و باوەڕی پێی پەیدا دەکات. سۆسیالیزم وەک ئایدۆلۆژیا و تاکە ڕێگای ڕزگاری دەبینێت. لە هەمووی زیاتر دەکەوێتە بن کاریگەری کەسایەتی و تێکۆشانی چێ گیڤارا. بۆیە دەیەوێت هەمان ڕێگا بگرێتەبەر و وەک ئەو سەرکەوتوو بێت. بەڵام لە کوردستان ئەمە چۆن دەکرێت؟ بۆ ئەوەش دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات. شێخموس لە ساڵی ٢٠١٣دا پەکەکە دەناسێت و وەڵامەکەی دەستدەکەوێت. دەزانێت تەنها بە تێکۆشانی پەکەکە سۆسیالیزم لە کوردستان بەدی دێت. بۆیە لە ساڵی ٢٠١٥ بڕیاریدا بچێتە نێو ڕێبازی شۆڕشەوە وبەشداری گەریلاکانی ئازادیی دەبێت.

لە ڕۆژئاوا ئەرکە نەتەوەییەکانی خۆی جێبەجێ دەکات              

شێخموس بە بەشداربوونی، سەرەتا ڕووی لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد. ناوی ئەو شۆڕشگێڕە هەڵدەگرێتەوە کە سەرەتا لە ژێر کاریگەری بیر و تێکۆشانەکانیدا بووە و خۆی بە چێ گیڤارا دەناسێنێت. ئەو پێش ئەوەی ڕوولە شاخەکانی کوردستان بکات بۆ ئەوەی جیهان لە مەترسییەکی گەورە ڕزگار بکات ڕوو لە ڕۆژئاوای کوردستان دژی داعش شەڕ دەکات. وەکوو شۆڕشگێڕێکی کورد ئەرکەکانی بە جێ دێنێت. لە هەموو بەرەکاندا بەبێ وەستان بەشدار دەبێت و تێکۆشان دەکات و دەبێتە جەنگاوەرێکی شارەزا. لەگەڵ دروستبوونی شۆڕشی ڕۆژئاوا، دەبینێت کە سۆسیالیزمی ڕاستەقینە لەوێدا بنیات نراوە. ئەمەش وروژاندنێکی گەورەی بۆ دروست دەکات. لەوێ بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو دەژی و تێکۆشان دەکات. دوای سێ ساڵ بڕیار دەدات لە دژی ئەو هێزەی کە پشتیوانی و هەواڵگری داعش دەکات (ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە) شەڕ و تێکۆشان بکات. بۆیە ڕوو لە چیاکانی کوردستان دەکات.

بە خرۆشێکی چەند ڕۆژەوە، ڕۆحی خۆی بە ئازادیی شاد دەکات

چێ گیڤارا بە پەڕینەوە لە شاخەکان، لەناوبردنی دەوڵەتی فاشیستی تورک دەکاتە ئامانجی سەرەکی خۆی. چوونکە ئەو لەو باوەڕەدا بوو لەگەڵ لەناوچوونی فاشیزم، گەلی کورد و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هێرشە فاشیستیەکان ڕزگاریان دەبێت و ئەو دەسەڵاتە عوسمانییە نوێیەی کە دەیانەوێت بیسەپێنن، بەم تێکۆشانەوە لەناو دەچێت.

چێ گیڤارا بە جۆش و سۆز و حەماسەتەوە پێشوازی لە ژیانی شاخ دەکات. لەوێیەوە هەست بە ژیانەوەی خۆی دەکات. تامەزرۆی گەڕانەوەیە بۆ خاکەکەی. لەگەڵ ئەم هەستانەدا هەر ڕۆژێک کە تێدەپەڕێت مانایەکی نوێ دەدات بە ژیانی. پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ یاسا بنەڕەتیەکانەدا دەخوڵقێنێت. دەگاتە ئەو ئاستەی دەیەوێت چالاکانە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و جێگەی خۆی لە تێکۆشاندا دیاری بکات. بۆیە هەڤاڵ چێ گیڤارا بەشێوەیەکی فیداکارییانە بەشداری زۆربەی چالاکیەکان دەکات. بەم شێوەیە تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوە دەبات.

لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لەگەڵ ٥ لە هەڤاڵەکانی لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهید بوون.

چێ گیڤارا بەو باوەڕەی کە بە ڕێبەر ئاپۆ و سۆسیالیزم هەیبوو، لە پێناو گەلەکەی و مرۆڤایەتیدا بە بێ دوودڵی تێکۆشانی کرد و خۆی فیدا کرد. بەو بۆنەوەیە تێکۆشانی گیڤاراکان لە کوباوە تا بۆلیڤی و لە کۆبانێەوە تا چیاکانی کوردستان پەرە دەستێنی و بە سەرکەوتنی مەزن دەخەمڵێندرێن.