تۆمەتی سەر ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو پەسەند کرا

ئەو تۆمەتانەی سەر ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو، کە لە سکاڵانامەی داواکاری گشتیی ئامەددا لە دژیان ئامادەکرابوو، پەسەند کرا.

لە ۸ی حوزەیرانی ۲۰۲۲ دا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی ئامەد دا پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ماڵان و ۲۲ کەسیان دەستگیرکرد، کە لەنێویاندا ۲۰ کەسیان ڕۆژنامەنووس بوون. ڕۆژنامەنووسەکان ماوەی ٨ ڕۆژ لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بوون و دواتر لە ١٦ی حوزەیراندا ڕەوانەی دادگا کرابوون.

 سەرنوسەری ژن نیوز سافییە ئالاگاش، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیلجە فورات (DFG) سەردار ئاڵتان، سەرنووسەری  ئاژانسی میزۆپۆتامیا (MA) عەزیز ئۆروچ، بەرێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی خۆبوون محەمەد عەلی ئەرتاش و زەینەل بولوت، عومەر چەلیک، مەزڵوم دۆغان گولەر، ئیبراهیم کۆیونجو، نەشە تۆپراک، ئەلیف ئونگور، عەبدولڕەحمان ئۆنجو، سوات دۆگوخان، ڕەمزییە تەمەل، ڕەمەزان گەجیکەن، لەزگین ئاکدەنیز و مەهمەت شاهین بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستن" بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرکرا. هەروەها ڕۆژنامەوانان گوڵشەن کۆچوک، ئەسمەر تۆنچ، محەمەد یاڵچین، قادر بایرام، فەیناز کۆچوک و ئیحسان ئەرگولەن بە مەرجی مانەوەیان لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازادکران.

نوسینگەی داواکاری گشتیی ئامەد لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا لێکۆڵینەوەکانی تەواو کرد و تۆمەتەکانی خۆی لە چوارچێوەی سکاڵانامەکەیدا ڕەوانی لقی ٤ی دادگای سزا قورسەکانی ئامەد کرد. دادگاکەش لەسەر داوای داواکاری گشتی تۆمەتەکانی دژ بەو   ڕۆژنامەنووسانە پەسەند کرد.

ژ.ت