تەندروستی سلێمانی: حاڵەتەکانى توشبوون بە پەتای کۆلێرا زیادی کردووە

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: تا ئێستا ١٠ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆلێرا تۆمار کراوە.

دواى ئەوەى ئەمڕۆ بەڕێوەبەرى خۆپاراستنى تەندروستى سلێمانى توشبوونى چوار هاوڵاتی دیکەی بە پەتاى کۆلێرا لە شارى سلێمانى راگەیاند، بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى پارێزگاکە ئاشکرای کرد، تا ئێستا ١٠ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆلێرا تۆمارکراوە.

د.سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: "رۆژانە زیاتر لە ١٠٠ کەس بە هۆی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانە حکومییەکان دەکەن". وتیشی: ئەو پشکنینانەی بۆ بەغدا نێردرابوون، ئەنجامەکەیان گەڕاوەتەوە و دەرکەوتووە، تا ئێستا ١٠ کەس تووشی کۆلێرا بوون. هیچ حاڵەتێکی گیانیان لەدەستدانیش بەهۆی نەخۆشیەکەوە تۆمار نەکراوە.

د.سەباح هەورامی هەروەها داواى لە هاوڵاتییان کرد، کە هۆشیار و پابەندی رێنماییەکان بن و وتى: "ئەم قۆناغە هەستیارە و پێویستە بە وریاییەوە ئاوی خواردنەوە بەکاربێت".

داوایشى کرد لە بەکارهێنانى ئەو ئاوانە بەدوربن کە سەرچاوەکانیان نادیارە، جەختیشیکردەوە، دەرمانى تایبەت بە چارەسەرى پەتاى کۆلێرا لە شارى سلێمانى بەردەستە.

ژ.ن