تەرمی باهۆز چیا، گەریلای هەپەگە دوای ٤ مانگ بەخاکسپێردرا

تەرمی باهۆز چیا، گەریلای هەپەگە، سەرباری ئەوەی لەلایەن بنەماڵەکەوە ناسرابووەوە، بەڵام لە گۆڕستانی بێکەسانی مێردین بەخاکسپێردرابوو. دواجار و پاش ٤ مانگ تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و لە ناوچەی قەلقەلیی سەر بە پارێزگای وان بەخاکسپێردرایەوە.

تەرمی گەریلای هەپەگە، ئەرداڵ مارانگوز (باهۆز چیا)، کە ڕۆژی ٢ی ئایار لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە داوێنی چیایی باگۆکی سەر بە ناوچەی نسێبینی مێردین شەھید بوو، دوای ٤ مانگ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

هەرچەندە تەرمەکە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ناسرابووەوە، بەڵام بەپاساوی ئەوەی ئەنجامی پشکنینی دی ئێن دەرنەچووە، تەرمەکەی لە گۆڕستانی بێکەسان لە شاری کامۆر، کە دەکەوێتە ناوچەی ئارتوغلوی، بەخاک سپێردرابوو.

دوای ئەوەی ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی دەرچوو، تەرمی باهۆز چیا ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

بەیانی دوێنێ بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی تەرمەکەی لە وانەوە چوون بۆ مێردین، سەرباری ئەوەی رێکارەکانی وەرگرتنی تەرمەکە تەواو ببوو، بەڵام تا درەنگانی شەو تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکرایەوە.

دوای ئەوەی درەنگانی شەو تەرمی باهۆز چیا ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، لە ناوچەی قەلقەلی شاری وان لەژێر گەمارۆی پۆلیسدا بەخاک سپێردرا. پۆلیس جگە لە بنەماڵەکەی ڕێگەیان بە ھیچ کەسێک نەدا، کە لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەدا بەشدار بن.

ژ.ن