تەرمی گەریلای هەپەگە فیداکار هێلین بەخاکسپێردرا

فیداکار هێلین لە گابار بەهۆی بۆردومانەوە شەهید بوو، دوای ١٠ مانگ تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە، لە گوندی بارمان بەخاکسپێردرا.

گەریلای هەپەگە فیداکار هێلین (مەزڵوم ئەکمان) کە ٢ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە هەرێمی گاباری شەرناخ لەگەڵ ٣ هەڤاڵی بەهۆی بۆردومانەوە شەهید بوو، پاش ١٠ مانگ تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. هەرچەند بنەماڵەکە بۆ پشکنینی DNA خوێنیان بەخشیبوو، کەچی بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی تەرمەکەی لە گۆڕستانی بێکەسان بەخاکسپێردرابوو. پاش دەرکەوتنی ئەنجامی DNA، بنەماڵەکەی لە ناوچەی ستێوری مێردینەوە هاتنە شەرناخ. پاش کاروباری یاسایی، تەرمەکەیان لە گۆڕستان دەرهێنا و بەرەو گوندی بارمانی ستێور بەڕێ کەوتن.

بنەماڵەکە لەسەر ئەرکی خۆیان ئۆتۆمبیلی تەرمیان پەیداکرد و تەرمەکەیان گواستەوە بۆ مێردین. تەرمەکە لە گوندی بارمان، لەلایەن جەماوەرێکی فراوانەوە پێشوازی لێ کرا. پاش ڕێوڕەسمی ئایینی، تەرمەکەی بە ئامادەبوونی سەدان کەس بەخاکسپێردرا.