شەڤین رۆشنا هۆجائۆغڵو گەریلای یەژاستار بە نازناوی ئامارا سەرحەد لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٠دا لە ناوچەى شەهید مزگین لە بەدلیس لەگەڵ گەریلایەکی تری یەژاستار بە ناوی ئاسمین جیلۆ (مەدیا سۆنمەز) و گەریلایەکی هەپەگە بە ناوی کەنداڵ باز (سەفا کزل کایا) لە هێرشی ئاسمانیدا شەهید بوو بوون. تەرمی ئامارا سەرحەد لە دوای ١١ مانگ رادەستی بنەماڵەکەى کرایەوە.
دوای ١١ مانگ و لە دوای پشکنینی دی ئێن ئەى لە دەزگای پزیشکیی دادی ئیستەنبول بڕیاردرا تەرمی ئەو گەریلا شەهیدە رادەستی بنەماڵەکەى بکرێتەوە.
تەرمی ئامارا سەرحەد لە گۆڕستانی بێکەسان لە سەیران تەپە لە ناوچەى توشبا لە وان وەرگیرایەوە و بردیانەوە بۆ ئامەد. بنەماڵەکەى تەرمەکەیان لە گۆڕستانی تایبەت بە بنەماڵەکەیان لە ناوچەی هێنێ لە ئامەد بە خاکسپارد.
بەهۆی گەمارۆی پۆلیسەوە تەنها ئەندامانی بنەماڵەى ئەو شەهیدە رێگایان پێدرابوو بەشداری لە مەراسیمی بە خاکسپاردنەکەیدا بکەن و رێگری لە بەشداریکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانان و خزمان و دراوسێکانیان کرابوو.
ژ.ت