تەرمی ئەڤین ئەنجو گەریلای یەژا ستار پاش ١١ ڕۆژ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە

دوای ١١ ڕۆژ تەرمی ئەڤین ئەنجو گەریلای یەژا ستار، کە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ناسرابوویەوە، ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

ڕۆژی ١١ی کانوونی دووەم لە هەرێمی بەستای شرنەخ لە نێوان گەریلاکانی یەژا ستار و سەربازانی سوپای تورکدا شەڕ و پێکدادان هاتە ئاراوە. لەو شەڕەدا ٦ گەریلای یەژاستار شەهید بوون و تەرمەکانیان گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی حکومیی شرنەخ، یەکێک لە تەرمەکان گەریلای یەژا ستار ئەڤین ئەنجو بوو، کە لە ڕۆژی یەکەمدا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ناسرایەوە، بەڵام داواکاری گشتی بە بنەماڵەکەی وتبوو، تاوەکو پرسەی جەردەوان نیعمەت ئەنجو، مامی ئەڤین ئەنجو تەواو نەبێت، کە ئەویش لەو شەڕەدا کوژرابوو، تەرمی ئەڤین ئەنجو ڕادەستی بنەماڵەکەی ناکەنەوە.

بنەماڵەی ئەنجو لە ماوەی ١١ ڕۆژدا سێ جار ڕۆیشتن بۆ ناوەندی شار بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی ڕۆڵە شەهیدەکەیان و سەردانی داواکاری گشتییان کرد. حەمید ئەنجو باوکی شەهید ئەڤین ئەنجو لەو بارەیەوە وتی، ئێمە لە ڕۆژی یەکەمدا تەرمەکەمان ناسیوەتەوە، بەڵام لە یەکەم ڕۆژدا تەرمەکەیان ڕادەست نەکردینەوە. دوای ئەوە دیسانەوە ڕۆژی سێشەممە ڕۆیشتینەوە، بەڵام وتیان، بڕۆن و ڕۆژی چوارشەممە بگەڕێنەوە. ئیدی دوێنی چوارشەممە گەڕاینەوە. بەهۆی پرسەی نێعمەتی ئامۆزام، کە ئەویش لەو ناوچەیەدا کوژرا بوو، تەرمەکەی ئەڤین-یان بە ئێمە نەدەدایەوە و وتیان: با پرسەکەی نێعمەت تەواو ببێت و دوای ئەوە پێتان دەدەینەوە".

بنەماڵەی ئەنجو دوێنی چوارشمە لە پزیشکیی داد لە شرنەخ  تەرمی کچە شەهیدەکەیان وەرگرتەوە و بردینانەوە بۆ گوندی بێجوهێ لە ناوچەی قلەبانی شرنەخ و لە دوای ئەنجامدانی کاروباری ئایینی لە ژێر گەمارۆی سەربازانی تورکدا، تەرمەکەی شەهید ئەڤین ئەنجو-یان بە خاک سپارد.

تا ئێستا تەرمی ٥ گەریلای شەهیدی یەژاستار، کە لەو شەڕەدا شەهید بوون ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە و تەرمی یەکێک لە گەریلا شەهیدەکان ماوە و ئەویش چاوەڕێی ناسینەوەیە.

ژ.ت