تەرمی ئەو کرێکارە مەخمورییە بە خاکسپێردرا کە لە رووداوی کاردا گیانی لە دەستدابوو

دانیشتوانی مەخمور تەرمی جەمال حەسەن موسا نەرەخی، کە لەناوچەى ئەلوەدای شاری بەغدا لە ٢٠ی ئایاردا بەهۆی رووداوی کارەوە گیانی لە دەستدابوو، دوای ٣ رۆژ لەو رووداوە و وەرگرتنەوەى تەرمەکەى لە پزیشکیی داد، بەرێکخستنی مەراسیمێکی جەماوەری بەخاکیانسپارد.

کارێکارانی کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) بەهۆی گەمارۆدانی کامپی مەخمور و رێگرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ناچاربوون بۆ کار روو لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق و شارەکانی تر بکەن و لە دۆخێکی زۆر سەخت و دژواردا کار دەکەن. لەو رێگا دوور و درێژ و پڕ لە مەترسییەدا تاوەکو ئێستا چەند کرێکارێکی مەخموری گیانیان لە دەستداوە.

جەمال حەسەن موسا نەرەخی دانیشتوی مەخموور و باوکی ٨ منداڵ بۆ بژێویی ژیانی بنەماڵەکەى لە کارگەى کارەبای کۆمپانیای (MASS) لە بەغدا کاری دەکرد، بەڵام بەهۆی رووداوی کار لە کاتی کارکردندا گیانی لە دەستدا.

تەرمی جەمال حەسەن بۆ توێکاری لە نەخۆشخانەى پزیشکیی داد لە بەغدا بوو و دوای ٣ رۆژ تەرمەکەى وەرگیرایەوە و بە بەشداریی هەزاران کەس و بە رێکخستنی کەژاوەی ئۆتۆمبێلی بە خاکیانسپارد.

لە ماوەی ٦ مانگی رابردوودا ٥ کرێکار، کە لە مەخمورەوە دەڕۆیشتن بۆ شارەکانی عێراق بۆ کارکردن، لە ئەنجامی رووداوی هاتووچۆ و رووداوی کاردا گیانیان لە دەستداوە.

ژ.ت

***