TUAY-DER: بە زودترین کات پێویستە تیمە تەندروستیەکان بچنە ئیمڕالی

TUAY-DER ئاماژەی بە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنای کرد و ڕایگەیاند، پێویستە بە زودترین کات شاندێکی ڕێکخراوە تەندروستیەکانی سەربەخۆ سەردانی ئیمڕالی بکەن.

کۆمەڵەی پشتگیریکردن لە خانەوادەی زیندانیان (TUAY-DER) لەبارەی دۆخی زیندانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە زۆربەی زیندانەکان دۆخی پاکوخاوێنی لەبەرچاو ناگیرێت و وتی، "قاوشەکان بە ڕێکوپێکی پاکناکرێنەوە. کەلوپەلی پاککردنەوە کەمن، کاتژمێرەکانی چوونە دەرەوە کەمن و ئاوی گەرم بەڕێکوپێکی بەرنادرێتەوە."

لە راگەیەنراوەکەدا داوا لە وەزارەتی تەدنروستی کرا، ئەگەر لە زیندانەکاندا ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرا، پێویستە بۆ ڕای گشتی ئاشکرابکرێت.

'پێویستە شاندێکی تەندروستی بچێتە ئیمڕالی'

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەدەکرێت، هەموو چاوپێکەوتنە ڕووبەڕووکان قەدەغەکراون و بە تەنها لە ڕێگای تەلەفۆنەوە زیندانیان دەتوانن لەگەڵ کەسوکاریان قسە بکەن. بەڵام لە زیندانی ئیمڕالی ٢١ ساڵە مافی بەکارهێنانی تەلەفۆن بۆ بەڕێز عەبدوڵلا ئۆجالان قەدەغەکراوە. پێویستە مافی بەکارهێنانی تەلەفۆن بە بەڕێز ئۆجالان و سێ زیندانیەکەی تر بدرێت. هەروەها داوا دەکەین شاندێکی تەندروستی سەربەخۆ سەردانی ئیمڕالی بکات و لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانی تر چاوپێکەوتن ئەنجامبدات.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا داوا دەکرێت زیندانیە نەخۆشەکانیش ئازاد بکرێن.

ف.ق