ھاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی باشوری کوردستان پەیامێکی بۆ ڕایگشتی بڵاو کردوەتەوە و تێیدا، داخوازی هاوڵاتیانی باشوری کوردستان بەشێوازی مەدەنی بە ڕەوا دەزانێت و پشتیوانی لێدەکات و سیاسەتی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیش بە نا حەکیمانە و نادیموکراتیانە و بێباکانە بەرابەر بەگەل بەناو دەکات. تەڤگەرەکە سەرکۆنەی شەهیدکردن، بریندارکردن، دەستگیرکردنی هاوڵاتیان دەکات و وێڕای سەرخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکان ڕایدەگەیەنێت: تەڤگەرەکەمان خاوەن پڕۆژەیە بۆ گۆڕانکاری لە مۆدێلی ئیدارەدان و تێپەڕاندنی دەسەڵاتداری پاوانخوازی و گۆڕینی بۆ خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیانەی خودی کۆمەڵگە بە ھەموو ڕەنگ و ئایدیاکانیەوە.
تەواوی دەقی پەیامەکەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی:
چەندین ساڵە ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمە بە شێوەیەکی چڕو بەردەوام داوای مافە ڕەواکانیان دەکەن بەڵام بە داخەوە لە ئەنجامی سیاسەتی نا حەکیمانەو نادیموکراتیانەی دەسەڵات و بێباکی بەرامبەر بە ماف و ئازادییەکانی ھاووڵاتیان، دۆخی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانی گەیاندۆتە ئاستێک کە توندوتیژی مەترسیداری لێبکەوێتەوە،
خوێنی ڕۆڵە خێرلەخۆنەدیوەکانی ئەم گەلەی لە بەرژەوەندیە کەسی و حیزبییەکانی لا گرنگترە و نە بەشێوەی مەدەنی گوێ لە داواکان دەگرن و نە بە توندوتیژیش ڕوی چەکەکانیان وەردەگێڕن لێیان،
وەکو تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ، ھاوبەشی خەمی بنەماڵەی شەهید (ئاکۆ سەلمان و ئادەم یەحیا) دەکەین و سەبوری بۆ گەلی کورد و خانەوادەکانیان و سەلامەتی بۆ بریندارەکان دەخوازین، لەگەڵ ئەوەشدا داواکارین ھەر خۆپیشاندەرێک کە دەستگیرکراوە بەزوترین کات ئازاد بکرێن، بەڕوونی دەڵێین داوای ھاووڵاتیان بە ڕەوا دەبینین و پاڵپشتین بۆ گەیاندنی داواکانیان بەشێوەی مەدەنیانە و خاوەن پڕۆژەین بۆ گۆڕانکاری لە مۆدێلی ئیدارەدان و تێپەڕاندنی دەسەڵاتداری پاوانخوازی بۆ خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیانەی خودی کۆمەڵگە بە ھەموو ڕەنگ و ئایدیاکانیەوە. بۆ ئەوەش تێکۆشانی مەدەنی ڕەوایە و ئەنجامگیر و بە دەستکەوت دەبێت، لەو سۆنگەیەشەوە وێڕای ئیدانە کردنی بەکارھێنانی چەک لەلایەن ھێزە ئەمنیەکان و داواکاریمان بۆیان کە ڕوی چەکەکانیان نەکەنە خوشک و براکانیان،
لە ھەمان کاتدا داوا لە گەلەکەمان بە گشتی و گەنجانی ناڕازی و تەواوی ئەندامان و دۆستانمان دەکەین، خۆیان بە دووربگرن لە توندوتیژی، لە ناخی پڕ لە ناڕەزایەتیتان تێدەگەین، بەڵام مسۆگەر ئەم شێوازە نەک چارەسەری ناھێنێ بەڵکو ڕەوایەتی داواکانمان دەخاتە بەردەم دواکەوتن و پێکنەھێنان و لەھەمان کاتدا بیانوی سەرکوتکاری و توندوتیژیش دەداتە دەستی دەسەڵاتەوە و لە ئەنجامدا بێ گەیشتن بە ئامانجەکان کۆتایی دێت، داواکارین خۆمان ڕێک بخەین و بە پڕۆژەوە گۆڕانکاری لە سیستم و حوکمڕانیدا بکەین و ژیانێکی ئازاد و دیموکرات و بەکەرامەت فەراھەم بکەین، بۆ ئەوەش ئێمە خۆمان بەرپرسیار و ئەرکدار دەبینین پێکەوە بە ھۆشیاری و خۆڕێکخستن دەتوانین فشارەکانمان کاریگەرتر و بەهێزتر بکەین، پێویستە ڕۆحی شەھیدەکان بە تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ئاسودە بکەین.
هـ.هـ