تەڤگەری ئازادی داوای کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی کەرکوک دەکات

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لەبارەی هێرشکردنە سەر ئەو خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیەی لەپێناو کردنەوە رێگەی کەرکوک- هەولێر بەڕێوەچوو، راگەیەندراووێکی بڵاوکردەوە و داوای کرد بەر بەو ئاڵۆزیانە بگیرێت.

ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیی راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندان و توندوتیژیەکانی رۆژانی رابردوو لەو پارێزگایە بڵاوکردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی لە كەركوك ڕوو دەدات ئەگەر زوو پێشی لێ نەگیرێت و بە ئاشتیانە چارەسەر نەكرێت، دەبێتە فیتنە و شەڕ و ئاژاوە و پێكدادانی تائیفی و نەتەوەیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، و شارەكە بەرەو وێرانە و ماڵ وێرانی دەبات و چارەسەركردنی مەحاڵ دەبێت .

ئاماژەی بەوەداوە، ئێمە وەك تەڤگەری ئازادی پێمان وایە بەشێوەی تاكڕەوی و عسكەرتارێت و بەسەربازكردن، نە لە ڕابردوو نە لە ئێستا و داهاتوشدا ناتوانرێت كەركوك بەڕێوە ببرێت.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، پێیان وایە گونجاوترین شێوازی بەرێوەبردن بۆ كەركوك و كەركوکییەکان، خۆیان بڕیار لەسەر بەرێوەبردنی خۆیان بدەن، پێشمان وایە ئەگەر زوو پێش لەم گرژی و ئاڵۆزیانە نەگیرێت، ئەوا ڕێگە لەبەردەم دەست تێوەردانی دەرەكی دەكاتەوە.

تەڤگەری ئازادی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی ڕوو دەدات لەپشت ئەم خۆپیشاندانەوە بەشێكی مەرامی سیاسی و حملەی ئینتیخابی پێشوەختەیە، بۆ بەدیهاتنی ئەو مەرامە گڵاوەش خەڵكی كەركوك و ئاشتی و تەبایی نێو نەتەوەكان دەبێتە قوربانی.

لە کۆتاییشدا رایگەیاندووە: داواكارین لە سەرجەم پێكهاتەكانی شاری كەركوك بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن، ئاشتی و پێكەوە ژیان بكەنە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكانیان تاوەکو بتوانن ئەو مەرام و پیلانانەی هەیە پێكەوە پوچەڵی بكەنەوە.

هـ . ب