تەڤگەری ئازادی: دەوڵەتی تورک چاوی بڕیوەتە کەرکوک و موسڵ و هەولێر

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان دژی سەردانی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بۆ عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و پیلانە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بە مەترسیدار دەزانێت.

بەبۆنەی سەردانی بەرپرسانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ عێراق، دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک پاش شکستەکانی لەسەر سنوورەکانی باشووری کوردستان، ئەمجارە بە سەردانەکانیان بۆ عێراق بەنیازی پیلانگێڕیی نوێن".

تەڤگەری ئازادی دەربارەی ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک دەڵێت: "سەدەیەک زیاترە ئەو دەوڵەتە زھنیەت نەخۆشەی تورکیا،  ھەموو سەودا و سیاسەتێکی لە دەرەوە و ناوخۆدا بۆ لەناوبردنی بزوتنەوەی ئازادییخوازیی کوردانە، ئەوەی ئێستا ئەردۆغان دەیەوێت بیکات، ھەر لە دژی کورد نییە بەڵکو بۆ داگیرکردنی خاکە لەدەست چووەکانی سەردەمی عوسمانییە، بە ئاشکرا چاوی بڕیوەتە کەرکوک و موسڵ و ھەولێر".

تەڤگەری ئازادی ئاماژە بە شکستی دەوڵەتی تورک دەکات بە هاوکاری ناتۆ لە سنوورەکانی باشووری کوردستان، بۆیە دەستی کردووە بە دیدار و کۆبوونەوەی هەمەلایەنە و سەردانەکەی ئەم دواییانەش بۆ جێبەجێکردنی پیلانی داگیرکاری نوێیە.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکە تیشکخراوەتە سەر هاوکاری پەدەکە و دەڵێت: "پەدەکە بە هۆی شکستەکانی لە عێراقدا، کەوتووەتە خزمەت ئەو پیلانگێڕیی و داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا، لە دژی حکومەتی ئێستای عێراق و گەلی کورد، دەبێت تێکڕای گەل بەسەرجەم ھێزە نیشتیمانییەکانەوە، لەدژی ئەو پیلانگێڕیی و تێکدانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لەیەک بەرەی نیشتمانییدا ڕابووەستن".

لەکۆتاییدا تەڤگەری ئازادی بانگەوازی دەوڵەتی عێراق دەکات و دەڵێت: "چاوەڕوانی ئەوە لە دەوڵەتی ئێستای عێراق، ئەوەیە نەبێتە ھاوبەشی تاونەکانی دەوڵەتی فاشستی تورکیا، ڕێگە لە دەستێوەردانەکانی بگرێت و ئەو ھێز و لایەنانەی ھاوکاریی ئەو دەوڵەتە دەکەن، دەبێت وەک خائین سزایان بدات، گەلەکەشمان لە ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ھەڵوێستی نیشتیمانیی دابێت، ئەوانەشی ئەمڕۆ ھاوکاریی ئەو پیلانگێڕیی و ھێرشانەی دەوڵەتی تورکیان، ئەو ھێزانەن کەوا لەدژی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی و خواست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان ڕاوەستاون".