تەڤگەری ئازادی خەباتێکی نوێی لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، خەباتێکی نوێی لەسەر بنەما ژینگەپارێزیی و هاوسەنگیی ڕەگەزیی و دیموکراسیدا، لەسەر داخوازی ئازادیخوازانی دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند، بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا کۆنگرەی خۆی لە سوید ساز بکات.

تارا حسێن، هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، لەسەر داخوازی ئازادیخوازان، خەباتێکی نوێی تەڤگەری ئازادی لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند، لەپەیامەکەدا وتی: تەڤگەری ئازادی وەکو بزووتنەوەیەکی دیموکراتی، سیاسیی، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی، ساڵانێکە خەباتی خۆی لەسەر بنەما و جیهان بینییە ژینگەپارێزی و هاوسەنگی ڕەگەزی و دیموکراسی بەڕێوە دەبات، لەو چوارچێوەیەدا بەبەشداری ژنان و گەنجان خەباتی خۆی بەردەوام کردووە.

هەر لە پەیامەکەدا هاتووە، "لەماوەی پێشوودا هەست بەوە کرا، کە گەلەکەمان لەدەرەەوی وڵات پێویستە لە چوارچێوەی ڕێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادییدا خۆیان ڕێکبخەن، داواکارییەکی بەم شێوەیە هەبوو، بۆ ئەم مەبەستە دەستەیەکی ئامادەکاری  ڕێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادی لە دەرەوەی وڵات دروستکرا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە، سمینار و چالاکی جیاواز بەڕێوەچوو".

هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادی، مزگێنییەکی بۆ ئازادیخوازان و دۆستانیان لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند و وتی: "لە ڕۆژانی ١١، ١٢ و ١٣ی ئەم مانگەدا، کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی لەوڵاتی سوید بەڕێوەبچێت، گەلی ئێمە پەناهەندەی وڵاتانی دەرەوە بووە، بەبۆنەی نەبوونی سیستەمێکی دادپەروەر و دیموکراتی و ژیانێکی ئازادانە لە باشووری کوردستاندا، وڵاتییان بەجێ هێشتووە، ئێمە بە پێویستی دەزانین گەلەکەمان لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت، دەبێت پارێزگاری لە شووناس و ناسنامە و بەها کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بکات،  خواستێکیش لەدەرەوەی ولات هەبووە کە تەڤگەری ئازادی لەدەرەوەی وڵاتیش ڕێکخستنەکانی خۆی گەشە پێبدات و ببێتە یارمەتیدەرێک بۆ ناوخۆی وڵات".

تارا حسێن لەپەیامە ڤیدیۆییەکەدا بانگەوازیی کرد و وتی: "دۆستان و ئازادیخوازان لەدەرەوەی وڵات، شانبەشانی ئێمە بتوانن بەشداری ئەو تێکۆشانەبن  و خاوەنداری لە پرسەکانی نەتەوە و نیشتمانەکەمان بکەن، لەئێستادا هاووڵاتییانی باشووری کوردستان، بەهەموو ڕەنگ و پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانیشەوە، لەنەبوونی بەڕێوەبەرایەتییەکی دیموکراتی و سیستەمێکی جێگرەوەدا ژیان دەکەن، تەڤگەری ئازادی بە ئەرکی خۆی دەبینی وەکو سیستەمێکی جێگرەوە بانگەوازیی بکات بۆ گەلەکەمان کە خۆی ڕێکبخات".

تارا حسێن لەکۆتاییدا، ئاماژەی بەوەشدا، ڕەنگە بەپێی پێویست دەستەکانیان نەیانتوانیبێت خۆیان بگەیەنن بە هەموو ئازادیخوازان لەدەرەوەی وڵات و وتی: ئەمە بەواتای ئەوە نییە کە لەبیر کرابن، هەموو ئازادیخوان و دۆستانمان ئەیانەوێت بەشداری کۆنگرە بکەن، یاخود لە دوای کۆنگرەشەوە دەتوانن پەیوەندی بکەن بە تەڤگەری ئازادییەوە، بەشداری لە خەباتی ئەخلاقی و سیاسیی و  دیموکراتی و کۆمەڵایەتییەکان بکەن، بۆیە لەڕێگەی ئەو کەناڵانەی دامەزرێندراون دەتوانن خۆیان بگەیەنن بە ڕێکخستنەکانەوە.

هـ . ب