تەڤگەری ئازادی لە کەرکوک: پیرۆزبایی ٣٠هەمین ساڵرۆژی ڕاپەرین لەگەلانی کەرکوک دەکەین

ئەنجوومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی لە ٣٠هەمین ساڵیادی ڕاپەرینە مەزنەكەی گەلی کورد كە لە یەكەمین رۆژی  نەورۆزدا شاری کەرکوک ئازاد کرا، بەو بۆنەیەوە بەیاننامەیەکی ئاراستەی خەڵکی کەرکوک کرد.

ئەنجوومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان بەبۆنەی ٣٠هەمین ساڵیادی ڕاپەرینە مەزنەكەی گەلی کورد كە لە یەکەم رۆژی  نەورۆزدا شاری کەرکوک لەدەست رژێمی بەعس رزگارکرا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

لە دەقی بەیاننامەکەی تەڤگەری ئازادیدا هاتووە: 

ئەنجومەنی هەرێمی كەركوكی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان، بەوپەڕی هیواوە ئەو یادە بەرز ڕادەگرێ و لە سەرجەم گەلەكەمان پیرۆزی دەكات بەتایبەتی خەڵكی كەركوك، کە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر تەواوی چین وتوێژەكانی کەرکوک لە ماوەیەکی كورتدا شارەكەيان لە ستەمی ڕژێمێكی زاڵم پاك كردەوه و بە ئاگری نەورۆز ئەو رۆژە پر لەشكۆیەيان پیرۆز كرد.

٣٠ ساڵە خەڵكی كەركوك قوربانی حكومەت و ئیدارە یەك لەدوای یەكەكانی شارەكەن و بەردەوام لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و خزمەتگوزارییەوە لە پاشەكشەدایە، بەردەوام خەڵكی ئەم شارە قوربانی ململانیە سیاسی و سەربازییەكانی نێوان لایەنە سیاسی و حكومەت و ووڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیە، بەبێ ئەوەی خەڵكی شارەكە خۆیان ڕۆڵیان لە دیاری كردنی ئایندە و چارەنوسی شارەكەیان هەبێت، بە بەردەوام سەروەت و سامانی ئەم شارە بەتاڵان براوە و خەڵكەكەشی لە سادەترین خزمەتگوزارێكانی ژیان بێبەش كراوە، لەگەڵ ئەوەی یەكێكە لە دەوڵمەنترین شارەكانی جیهان بەڵام خەڵەكەی بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنێ‌ شارەكەش تادێت بەرەو وێرانتر دەچێت.

تاكە شتێك جێگەی هیوابێت لەم شارە ئەو كەلتوور و مێژووە پڕلە شكۆ و جوانەیە كە لە مێژوودا وێنەیەكی جوانی لە پێكەوە ژیانی ئاشتیانە بەخشیوە بە گەلەكەی، بەگەرانەوە بۆ ئەو كەلتوورو میژووە تەڤگەری ئازادیی بە چاوێكی پڕ لەهیواوه بە مۆڕالێكی بەرزەوە لە تێكۆشانێكی بێوەچاندايە بە دروشمی (لە بەڕیوه بردندا دیموكراسی ولە پێكەوەژیانیشدا ئاشتی) كار بۆ پرۆژەو سیستەمێك دەكەين تاوەکو تەواوی گەلانی كەركوك بەبێ جیاوازی نەتەوەی و مەزهەب و بیروباوەڕە جیاوازەكان هەمووان پێكەوە لەژێر سایەی كەركوكێكی دیموكراتدا كۆبكاتەوە.

لە كۆتایدا تەڤگەری ئازاديی ٣٠هەمین ساڵ رۆژی ڕاپەڕین ونەورۆز و سەری ساڵی كوردی لە تەواوی چین و توێژەكانی كەركوک و تەواوی گەلی كورد پیرۆزدەكات."

ژ.ت