تەڤگەری ئازادی: لەبەرانبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگ نەبن

تەڤگەرى ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە هێزە عێراقییەکان بێنە دەنگ و هەرچییەک پێویستە لەگەڵ تورکیا بیکەنە کردار و لە ئاستی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانەدا بێ دەنگ نەبن.

تەڤگەرى ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە هێزە عێراقییەکان بێنە دەنگ و هەرچییەک پێویستە لەگەڵ تورکیا بیکەنە کردار و لە ئاستی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانەدا بێ دەنگ نەبن، دەشڵێن: ئەگەر بێدەنگبین بەرامبەر تاوانەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک، ئەوا بۆمبەکانی ئەردۆغان دێنە سەرجەم ماڵەکانى نیشتیمانەکەمان.

ئەمڕۆ دەستەى بەڕێوەبەریى تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لەبارەى کۆمەڵکوژییەکەی زاخۆ لەلایەن دەوڵەتى داگیرکەرى تورکەوە ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: پێویستە هێزە عێراقییە نیشتمانپەروەرەکان بێنە دەنگ و هەرچییەکی پێویستە لەگەڵ تورکیا بیکەنە کردار، لە ئاستی ئەو زوڵم و ناحەقی، تاوان و جینۆسایدانە چیتر بێ دەنگ نەمێنن، ئەگەر بێتوو ئەم تاوانانە قبووڵ بکرێن، ئەوا هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت بە تەنها خۆی بپارێزێت و گەشە بکات و لە هەمانکاتیشدا بۆمبەکانی ئەردۆغان دێنە هەموو ماڵێکی ئەم نیشتمانە.

دەشڵێن: ئێمە لەکاتێکدا ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەین، ڕووبەڕووی بێ هەڵوێستی و خیانەتەکانی هێزەکانی ناوچەکەش دەبینەوە، کە ئەمە زۆر زیاتر ئازاربەخشە، چونکە هێزەکانی پەدەکە، ئیشیان بووەتە سووککردنی قورسایی تاوانەکە لە گەردنی تورکیا و بێ شەرمانە کەوتوونەتە پاساو هێنانەوە بۆ داگیرکەران.

تەڤگەری ئازادیی داواش لەهەموو لایەک دەکات، بایکۆتی کاڵای تورکی بکەنەوە و تەواوی ڕایەڵە دیپلۆماسی، ئابووری و سیاسییەکانییان لەگەڵ تورکیا بووەستێنن و بیپچڕێنن .

تەڤگەرى ئازادى ئەوەشیانخستووەتەڕوو، هەڵوێستی شەرمنانەی هەندێک بەرپرسی کورد لە عێراق و لە کوردستان، گرێدانی ئەو تاوانە بە خەباتی ڕەوای گەلی باکووری کوردستانەوە، نەک هەر خزمەتی سیاسەتی دژە کوردی و تیرۆریستی تورکیا دەکات، هێندەی دیکە خەڵکی کوردستان و عێراق لەو بەرپرسانە تووڕەتر دەکات، پێگەی سیاسییان لە دەوڵەتی عێراق و لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا لاواز دەکات.
ف.ق