تەڤگەری ئازادی: نا بۆ خزمەتکردن بە داگیرکەران

ڤتەڤگەرى ئازادیى کۆمەڵگاى کوردستان سەبارەت بە جووڵەپێکردنی هێزەکان لە سنووری برادۆست و سیدەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوى کردەوە و دەڵێت: "ئەم هێرشە پیلانی تورکیایە و پەدەکە جێبەجێی دەکات".

تەڤگەرى ئازادیی کۆمەڵگاى کوردستان، سەبارەت بە جووڵاندنی هێزی سەربازی بۆ سنوورەکانی سیدەکان و برادۆست و هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕ دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە هاتنی هاکان فیدان و دانیشتن لەگەڵ حکومەتی عێراق، دەیانەوێت عێراقیش پەلکێشی شەڕ بکەن و پەدەکەش بە ناوی پاسەوانی سنوورەوە ئەم پیلانگێڕییە دژی گەریلاکانی ئازادیی جیبەجێ دەکات.

تێیدا هاتووە، لەبری پاراستنی ئەو خاکەی بە خوێنی هەزاران شەهید و زیندانی سیاسی و ئاوارەیی ڕزگارکراوە، کەچی دەستی داگیرکەر دەگرن و دەهێننە نێو خاکەکە، هەروەک ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتەکەی پەدەکە لەبری ئەوەی بە داهاتەکان ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان و موچەخۆرانی دابین بکات، داهاتەکە دەخاتە خزمەتی دەوڵەتی تورک بۆ شەڕ و داگیرکاری.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، هەموو هەوڵێکی هێرش بۆ سەر شۆڕشگێڕان و ڕادەستکردنی کەمپنشینان شەرمەزار دەکرێت، هەروەها جووڵەکردنی هێز لە سنوورەکانی برادۆست، سیدەکان بە پیلانی دەوڵەتی تورک لەقەڵەم دەدات کە پەدەکە جێبەجێی دەکات.

لەکۆتایدا، هۆشداری ئەوە دراوە، پەدەکە قەوارەی هەرێمی خستۆتە بەر مەترسی لەناوچوون، داوا دەکرێت، هەمووان بە یەک دەنگ بڵێن: "نا بۆ خزمەتکردن بە داگیرکەران".