تەڤگەری ئازادی تۆمەتەکانی پەدەکە بەدرۆ دەخاتەوە
تەڤگەریی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تۆمەتەکانی پەدەکە بەدرۆ دەخاتەوە، دەڵێت :"ئەو کردەوەی کە ڕۆژی ١ی ئەیلوول ئەنجام دراوە پەیوەندی بە تەڤگەری ئازادییەوە نییە".
تەڤگەریی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تۆمەتەکانی پەدەکە بەدرۆ دەخاتەوە، دەڵێت :"ئەو کردەوەی کە ڕۆژی ١ی ئەیلوول ئەنجام دراوە پەیوەندی بە تەڤگەری ئازادییەوە نییە".
دەزگای بەناو ئەنجومەنى ئاسایشی هەرێمی سەر بە پەدەکەیە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردوە کە بکەری تەقینەوەکەى ئێوارەی ڕۆژی هەینی 1ی ئەیلوولی 2023، شەقامی 60مەتریی شاری هەولێر بووەو سەر بە تەڤگەریی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانە. لە بەرامبەردا، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە ڕاگەیاندراوێک تۆمەتەکانی پەدەکەی بەدرۆخستەوە.
لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا، تیشک خراوەتە سەر ئەوەی پەدەکە بۆ پەرەپۆشکردنی شکستەکانی بەردەوامە لە دروسکردنی سیناریۆ و تۆمەتبەخشینەوە، دەڵێت: "پارتی لە ئەنجامی شکستی خۆی لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا، دەیەوێت بە سیناریۆ و پاساو هێنانەوە ناڕەزایەتی و بایکۆتی فەرمانبەران و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە لاڕێدا ببات، لە دوای هاتنی هاکان فیدان و داڕشتنی کۆمەڵێک پیلانگێڕی بۆ دروستکردنی ئاژاوە و فیتنەگەری لە ناوچەکەدا بینیمان لە ڕۆژانی ١ و ٢ ی مانگدا لە کەرکووک و دواتریش لە هەولێر سیناریۆیەکیان ئەنجامدا هەر لە سەرەتاوە خواستیان هەبوو ڕەوشی کەرکووک بخەنە ئەستۆی ئازادییخوازانی کەرکووک و ئامانجی بۆگەنیان پەردەپۆش بکەن، خۆشبەختانە بە هۆشیاری خەڵکی هەمیشە قوربانی کەرکووک سیناریۆکانیان ئاشکرا کرد و هەر زوو بوون بە وەڵام بۆ ئاژاوەگێڕ و هێزە وابەستەکانی داگیرکاران".
تەڤگەریی ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان تۆمەتەکەی پەدەکە بەدرۆ دەخاتەوە و دەڵێت: "دەزگایەک بە ناو دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە داتاشینی سیناریۆی بێ بنەما و چەواشەکارانە بەرامبەر بە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان دەیانەوێت ڕای گشتی کوردستان بە لاڕێدا ببەن و تەڤگەرەکەمان تۆمەتبار بکەن، ئێمە لێرەوە بۆ ڕای گشتی کوردستان و عێراق ڕای دەگەیەنین دوور و نزیک ئەو کردەوەی کە ڕۆژی ١ی ئەیلوول ئەنجام دراوە پەیوەندی بە تەڤگەری ئازادییەوە نییە و کەسی ناوبراویش هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە و نەناسراوە لەلای ئێمە".
لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەکراوە بە ئامانجی ئەم تۆمەتانە و دەڵێت: "تەڤگەری ئازادی هێزێکی فەرمی مۆڵەت پێدراوە لە ئاستی عێراقدا و لە چوارچێوەی یاسادا کار و خەباتی سیاسی و مەدەنی خۆی ئەنجام داوە، ئێمە پێمان وایە تەڤگەر بووە بە هیوای بێ هیواکان و نەکەوتووەتە ناو زەلکاوی خیانەت و گەندەڵییەوە و تەنیا بۆ خزمەتی گەل و دیموکراتیزە کردنی سیستم خەبات دەکات، بە ئامانج گرتنیشی لەو چوارچێوەدایە".