تەڤگەری ئازادی: ئەو وڵاتانەی هاوکاری سەدام حسێن بوون ئێستا هاوکاری ئەردۆغان و بەشار ئەسەدن

ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، لە ساڵڕۆژی كۆمەڵكوژی و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەهیددا لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە پەیامێکی ئاڕاستەی گەلی کورد و هەڵەبجەی شەهید کرد .

ئەمرۆ سێشەممە ١٦ی ئازار لە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە شاری کەرکوک ئەنجومەنی هەرێمی كەركوكی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە پەیامێکی  ئاراستەی گەلی کورد و هەڵەبجەی شەهید کرد، بەیاننامەکەی تەڤگەری ئازادی لە لایەن کۆمەل سەرمەد هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کەرکوک خوێندرایەوە، کە تێیدا هاتبوو: "بۆ یادی تێپەڕبوونی ٣٣ساڵ بەسەر جینۆسایدی گەلەکەمان لە شاری هەڵەبجەی شەهید،  بەوپەڕی دڵسۆزیەوە ئەو ساتانە بەبیردێنینەوە و بکەرانی ئەو تاوانە جیهانیە ئیدانە و  شەرمەزار دەکەین.

لە کەسایەتی شاری هەڵەبجەدا گەلی کورد و تەواوی وڵات بەئامانجگیرا، بەداخەوە ئەو تاوانە هێشتاش لەبەرانبەر گەلانی ناوچەکە و بە تایبەتی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت، هێشتاش هیچ گەرەنتییەک بۆ سەلامەتی گەلانی ناوچەکە مسۆگەر نەکراوە، ڕۆژانە گەلەکەمان لە باشور و ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان ڕۆژانی خۆی لە بن هەڕەشەی جینۆسایدی نوێی سوڵتان و سەرۆکە ڕەگەزپەرست و دیکتاتۆرەکانی هاوشێوە و ترسناکتر لە سەدام حسێن بەسەر دەبەن، هیچ گەرەنتیەک بۆ ژیانێکی یەکسان و هاوسەنگ بوونی نیە و ئەو وڵاتانەشی کە هاوکاری سەدام حسێن بوون ئێستا هاوکاری خوێنخۆری وەکو ئەردۆغان و بەشار ئەسەدن."

هەروەها کۆمەڵ سەرمەد وتیشی: "ئەزموونی شاری هەڵەبجەی پیرۆز، بەسە بۆئەوەی گەلەکەمان هەتا کۆتایی و بەوپەڕی سووربوونەوە پێداگری بکات لەسەر پێشەنگایەتی بۆ ئازادی و ئاشتی لە ناوچەکەدا.

شاری هەڵەبجە، دوای تێپەڕبوونی ٣٣ساڵ وەکو گوندێکی بچوکی دوورە دەستوایە و گەنجەکانی بێکارن و زۆر بێزارن ئەوەش دوای زیاتر لە سێ دەیە لە حکومڕانی خێڵەکی و حیزبی کوردی، دیارە حکومەتی هەرێم تێنەگەیشتووە لەوەی کە خۆی لەسەر کەلاوە ڕوخاوەکانی هەڵەبجە دروست بووە، تێنەگەیشتوە لەوەی کە لەسەر خوێنی هەزاران شەهیدی هەڵەبجە دروست بووە  تێنەگەیشتوە لەوەی لەسەر ڕەنجی هەزاران ئاوارە و دەربەدەر و ونبوو دروست بووە، کەچی نەک هەوڵی بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە نەداوە، بەڵکو نەیتوانیوە بریندارەکانیش چارەسەر بکات و کەس و کاری شەهیدان قەرەبوو بکاتەوە و بەرنامەیەکیشی نیە بۆ چارەسەری بریندار و دۆزینەوەی ونبووەکان."

لە دەقی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیدا هاتبوو: "حکومەتی هەرێم بەردەوامە لەسەر خیانەتەکانی دەرهەقی خوێنی شەهیدانی هەڵەبجە و گەندەڵیش گەوەرترین بەڵگەی ئەو خیانەتانەیە.

هەر بۆیە وەک تەڤگەری ئازادی داوا لە هەڵەبجەییەکان دەکەین زۆرتر یەکگرتووبن و پشت بەهێزی لەبن نەهاتووی خۆیان ببەستن وسیاسەتی پێکەوەژیان و خۆبەڕێوەبەری زۆرتر پەرەپێبدەن و گەورەترین قەرەبووی ماڵباتی شەهیدان و ڕوحی شەهیدان و تەواوی هەڵەبجەییەکانیش بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و داڕشتنی ستراتیژی نەتەوەییە."

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا بەناوی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵ سەرمەد وتی: "دووبارە ئەو تاوانە دژە مرۆڤییە ئیدانە و ڕەسوا دەکەین و بکەرانی شەرمەزار دەکەین و سەرەخۆشی و سەرکەوتن و سەربەرزی زیاتریش بۆ هەڵەبجەیەکان و تەواوی گەلەکەمان لە هەرشوێنێک بن دەخوازین."

ف.ق