دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١ دەستی بە هێرشی فراوانی داگیرکەری بۆ سەر دەڤەرەکانی ئاڤاشین، مەتینا و زاپی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا کرد، هێرشەکانی بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان بەردەوامە.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەم چوارچێوەیەدا دەستی بە سووتاندنی دارستانەکانیش کردووە و دارستانەکانی باشوری کوردستان قڕ دەکات.
پێشتریش عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان وێنەی تاڵانکردنی دارستانەکانی باشوری کوردستانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دار و دارستانەکانی باشوری کوردستان دەسووتێنن و دەیاندزن.
هەروەها عەلی حەمە ساڵح وتوبووشی، "رۆژانە ٤٥٠ تۆن دار بۆ تورکیا دەبرێت."
کاتژمێر ٥:٣٠ی ئێوارەی دوێنێش لە باخچەی شەهید (شێخ مارف بەرزنجی) لەگەڕەکی ئیسکانی شاری کەرکوک، ژمارەیەک چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی و هاووڵاتییان و کەسایەتی شاری کەرکوک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا دژ بە هەوڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ دژایەتی و لەناوبردنی گەلی کورد بەبیانوی جۆراوجۆر و تێکدانی سروشتی کوردستان.
چالاکییەکە لەلایەن ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان ڕێکخرابوو و هەروەها ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستانیش بەشداری چالاکییەکە بوون.
لە گردبوونەوەکەدا حەسەن حوسێن چالاکوانی مەدەنی و بەرپرسی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان بەناوی ئامادەبووانی چالاکییەکە یاداشتنامەیەکی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕایگشتی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو: '' ئێمە لێرەوە یاداشنامەیەک ئاڕاستەی نەتەوەتەکگرتووەکان، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکان ڕایگشتی دەکەین، ڕوونە لای هەمووان کە دەوڵەتی تورک بەبیانوی جۆراوجۆر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشێل دەکات و بنکەی سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان دامەزارندووە و کە رۆژ لەدوای رۆژ ئەو بنکە و بارەگایانە رووی لەزیادبوونە کە ئەمەش دژی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەجۆرێک کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەدەیان جار بووەتە هۆی شەهیدبوونی هاوولاتیانی سڤیل لە هەرێمی کوردستان."
هەروەها حەسەن حوسێن چالاکوانی مەدەنی ووتیشی: "ئەو پێشێلکارییەی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەر چاوی جیهانەوە و هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراقەوە ئەنجامی دەدات بەبێ گوێدانە هیچ یاسا و رێسایەک، کە دوا هەوڵی دەستدرێژییەکانی تورکیا دەستدرێژیکردنە سەر سروشتی جوانی باشووری کوردستان و دزینی دارو درختەکانییەتی، جگە لە پێشێلکردنی یاسا بەم کردارە ئەمە خۆی لەخۆیدا جینۆسایدکردنی ژینگەی کوردستانە، ئێمە وەکو ڕێکخراوە دیموکراتەکانی حزبی شێوعی کوردستان بەتەواوی ئیدانەی کردەوەیەی دەوڵەتی تورک دەکەین شەرمەزاری دەکەین."
هەروەها ئەو چالاکوانە مەدەنیانە چەند داواکارییەکی ئاڕاستەی ڕایگشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ ڕێگریکردن لە کردەوە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، خالەکانی بریتیبوون لە:-
یەکەم/ داوا لە پەرلەمان حکومەتی عێراق دەکەین بەزووترین کات بێنەسەر هێڵ بۆ ڕاگرتنی دەوڵەتی تورک لە پاکتاوکردنی دارستەکان.
دووەم/ داوا لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەین بێدەنگی بشکێنن و بە فەرمی داوا لە تورکیا بکەن خاکی باشوری کوردستان بەجێبهێڵێت.
سێیەم/ داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بە فەرمی لە دادگا نێودەوڵەتییەکان سكاڵا لەدژی ڕەفتارە دوژمنکارەکانی دەوڵەتی تورک تۆمار بکات، بەتایبەتی دزینی دار و درەختەکانی کوردستان.
چوارەم/ داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی پاراستنی ژینگە کە ئەو پێشەڵکارییانەی دەوڵەتی تورک ڕابگرن.
پێنجەم/ داوا لە ڕایگشتیی کوردستان دەکەین کە بێدەنگ نەبن و فشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان تا بێدەنگی بشکێنن و هەموو لایەک هاوکاربن لە ڕێگریکردن لە دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاکی کوردستان.
ژ.ت