تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی و ڕەشبگیری بەربڵاوی ھاوڵاتیان، چالاکوانان و کەسوکاری گیانبەختکردووانی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، لە سەرووبەندی یەکەمین ساڵیادی ئەو سەرھەڵدانە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، لە سەروبەندی ساڵڕۆژی تاوانی کوشتنی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان ئازادی'، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەستیان بە ھەڵمەتێکی چری دەستگیرکردنی هاوڵاتییان، چالاکوانان و بنەماڵەی گیانبەختکراوانی ئەو ڕاپەڕینە لە سەرانسەری ئێران، بەتایبەتی لە کوردستان کردووە. هاوکات هۆشدارییان بە زۆرێک لە کاسبکاران و دوکانداران لە شارە جیاجیاکانی کوردستان داوە و هەڕەشەیان لێکردوون، کە بە ھیچ جۆرێک بەشداری لە مانگرتنەکان نەکەن و دوکانەکانیان لە ساڵیادی ناڕەزایەتییەکان دانەخەن.
لەمانگێکدا نزیکەی ١٠٠ کەس دەستبەسەرکراون
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "بە پێی ئامارەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، تەنیا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لانیکەم ١٠٠ کەس، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە هۆکاری سیاسی لە شارە جیاجیاکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و تاران دەستبەسەر کراون و ژمارەیەکی زۆریش بانگهێشتی ئەو ناوەندانە کراون. ھاوکات دەسەڵاتی دادوەریش سزای زیندانی بەسەر ژماریەک لە دەستگیرکراوانی ڕاپەڕینەکە سەپاندووە. ئەمەش لەکاتێدایە سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک بەسەر ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی' زۆرێک لە دەستگیرکراوەن ڕووبەڕووی سزای قورس بوونەتەوە یان بە بێ ئەوەی دۆسیەکانیان یەکلایی بکرێتەوە لە زیندان دان".
بەشێک لە دەستبەسەرکراوان مەترسی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەبارەی ئەو کەسانەی لە لایەن ھێزەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە دەستگیرکراون ڕایگەیاندووە، زۆربەی ئەو کەسانەی لە ماوەی ڕابردوو دەستگیر و بانگهێشتکراون، کەسانێکن، کە پێشتر پێشینەی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتی یان چالاکییە سیاسی و مەدەنیەکاندا هەبووە. هەروەها ھەندێکیشیان، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەت یان وێنەکانی پەیوەست بە ڕاپەڕینەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بانگھێشت و دەستگیر کراون. ھاوکات ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان ئازادی' بەهەمان شێوە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دەستگیر یان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون و لەسەر بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە بانگەوازێک بۆ مەراسیمی ساڵیادی ئازیزانیان هەڕەشەیان لێکراوە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەسەڵاتی دادوەری ئێران تۆمەتی "شەڕ دژ بە خوا"ی خستووەتە پاڵ بەشێک لە دەستبەسەرکراوانی کوردستان و ئێستا ئەو کەسانە مەترسی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
"دەسەڵات درکی بەو ڕاستییە کردووە، کوردستان دەروازەی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'یە"
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ھاتووە، "دەسەڵات بە دروستکردنی کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندن، ھەوڵ دەدات ڕێگری لە ھەر چەشنە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری لە یەکەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی' بکات، کە بە بەفراوانترین ناڕەزایەتی جەماوەری لە مێژووی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی دادەنرێت.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەبیریشی ھێناوەتەوە، لە ماوەی بەڕێوەچوونی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، زۆرترین ژمارەی گیانبەختکردوان لە ناوچەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و بەلوچستان بوون. بە پێی ئامارەکان ١٢٣ کەس لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان گیانیان بەختکردووە، کە لەو ژمارەیە ١٢ کەسیان منداڵ بوون. ھاوکات ھەزاران کەس بریندار و دەستبەسەر کراون.
جەختیشی کردووەتەوە، کۆماری ئیسلامی لە درێژەی سیاسەتە بەردەوامەکانی بۆ سەرکوتکردنی ھەر چەشنە ناڕەزایەتی و ڕەخنەیەک، لە یەک ساڵی ڕابردوو ھێشتا بە کوشتن، لەسێدارەدان، ئەشکەنجە و سەپاندنی سزای قورس ھەوڵ دەدات، دۆخی پڕ لە توڕەیی و ناڕەزایەتی کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ بکات و لە ترسی دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان لە سەروبەندی ڕاپەڕینەکە، شەپۆلی نوێی ڕەشبگیری و بانگھێشتی ھاوڵاتیان، چالاکوانان و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی خستووەتەڕێ و سەرکوتکارییەکانی چڕکردووەتەوە. چوونکە دەسەڵات باش درکی بەو ڕاستییە کردووە، کە کوردستان دەروازەی دەستپێکردنی ناڕەزاییەتە بەرفراوانە جەماوەرییەکانی ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی' بووە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی، وێڕای ئیدانەکردنی شەپۆلی نوێی دەستگیرکردن و ڕەشبگیری لە لایەن ھێزەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە، داوای لە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی بواری مافی مرۆڤ و میدیا جیھانییەکان کردووە سەرنجیان بخەنە سەر سەرکوتکارییە ھەمیشەییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەرک و بەرپرسیاری خۆیان بەرامبەر بە ھاوڵاتیانی چەوساوە و ستەملێکراوی ژێر دەسەڵاتی ئێران جێبەجێ بکەن.
ژ.ن