تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری پێشێلکاریەکانی لە رۆژهەڵات و ئێران بڵاوکردەوە

لە مانگی شوباتی رابردوودا بە دەیان کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەلایەن رژێمی ئێرانەوە لەسێدارەدراون و دەستگیرکراون.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لانیکەم ١٤ هاوڵاتی و چالاکوانی کورد لە ٧ شاری جیاوازی ئێران دەستبەسەر کراون. لەمانە ٧ کەسیان بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندان و ٧ کەسی دیکەیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. هاوکات زیاتر لە ٣٠ چالاکوانی مەدەنی، ئایینی، کەلتوری، ئەدەبی و هونەرییش لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کراون و بۆ چەندین کاتژمێر خراونەتە ژێر لێپرسینەوە.

هەروەها لەم مانگەدا لانیکەم ٢ کۆڵبەر و کاسبکار بە ناوەکانی ئەبوبەکر محەمەدی و ئیبراهیم پوورمحەمەد بە هۆی خنکان لە ناو چۆم و ڕەقبوونەوە گیانیان لەدەست داوە و ٨ کۆڵبەری دیکەیش بریندار بوون.

لە مانگی ڕەشەمەدا ٣ هاوڵاتی و چالاکوانی کورد لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شارە جیاوازەکاندا حوکمی زیندانیکردن لە ١١ مانگەوە بۆ ٥ ساڵیان بۆ بڕاوەتەوە. لە مانگی ڕابردوودا ٤ هاوڵاتی بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە ناوچە سنوورییەکانی قەسری شیرین، سۆمار و پیرانشار لە پارێزگاکانی کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بریندار بوون.

هەروەها دوو زیندانی بە ناوەکانی حامید موستەفایی خەڵکی هەرسینی پارێزگای کرماشان و ناسر وەلیزادە خەڵکی بۆکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لە زیندانەکانی ئەراک و ورمێ لە سێدارە دراون.

ف.ق