"تیرۆرکردنی دوو ژنە رۆژنامەنووسەکە، تیرۆرکردنی هەموو تاکێکی کوردە"

مامۆستایانی ژن ڕایانگەیاند: "شەهیدکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس کە چەکەکانیان قەڵەم و زیهنیانە، زۆر بە ڕوونی ئەوەمان پێ دەڵیت کە ڕۆڵی ژنان چەند کاریگەرە و بەهێزە، بووە بە هۆکاری ترسی دووژمنانی کورد."

دوای ئەوەی لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤، لە سنوری قەزای سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە چاوساغی هێڵی خیانەت، لە ڕێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە، ئۆتۆمبێلێکی کەناڵی ستێرکی بە ئامانج گرت و تێیدا هەر دوو ڕۆژنامەنووس؛ هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا شەهید بوون. لە بەرانبەر ئەو هێرشەدا لە لایەن گەلەوە ناڕەزایەتی لەسەرجەم چین و توێژەکان پیشاندرا، لەو بارەیەوە هەر یەک لە مامۆستایان؛ ڕۆشنا محەمەد و شەیما جەمال بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

'ڕۆڵی ژنانی بووە بە هۆکاری ترسی دووژمنانی کورد'

مامۆستا ڕۆشنا محەمەد لە سەرەتای قسەکانییدا هاوخەمی خۆی دەربڕی بۆ  بنەماڵەی هەر دوو ژنە شەهیدی ڕۆژنامەوانی ئازاد، وتی: "لەسەر دەستی تورکیا و چاوسەغەکانی دوو ڕۆژنامەنووس، لە سەیدسادق شەهید دەکرێن. تیرۆکردنی ڕۆژنامەنووسان، تەنها تیرۆرکردنی دوو ژنە ڕۆژنامەنووس نییە، بەڵکو تیرۆکردنی تاکی کوردە، ئەگەر ئێمە بە وردی لێ کۆڵینەوە بکەین ئەوە دەبینین کە ئەمە تیرۆرکردنی گەلی کوردە.

شەهیدکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس کە چەکەکانیان قەڵەم و زیهنیانە، زۆر بە ڕوونی ئەوەمان پێ دەڵیت کە ڕۆڵی ژنان چەند کاریگەرە و بەهێزە، بووە بە هۆکاری ترس و نیگەرانی دووژمنانی گەلی کورد."

لە کۆتایی قسەکانییدا مامۆستا ڕۆشنا ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت گەل هەڵوێست و ناڕەزایەتی پیشانبدات لە دژی تیرۆکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و وتی: "پێویستە لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەنگمان لە دژی ئەم داگیرکارییە بڵند بکەین و لە بەرانبەر ئەم داگیرکارییە بوەستینەوە بەتایبەت لە بەرانبەر تیرۆکردنی ئەم دوو قەڵەمە ئازادە.

دواکارم ژنان لە خەباتی مەدەنی و زینهی نزیکببنەوە و بێدەنگیمان بووە بە هۆکاری شەهیدبوونی ژنانی تێکۆشەر و ئازاد. هۆشیاربوونەوەی ژنان هۆشیاری کۆمەڵگەیە."

'پێویستە خۆپیشاندان بکرێت بۆ ئەوەی جارێکی تر هیچ ڕۆژنامەنووسێکی تر نەبێتە قوربانی'

لای خۆیەوە شەیما جەمال لە قسەکردنییدا ئیدانەی تیرۆرکردنی هەر دوو ژنە ڕۆژنامەنووسیی شەهیدی کرد و وتی: "لە دوای تیرۆکردنی هەر دوو ڕۆژنامەنووسیی ژن، تەواوی کۆمەڵگە خەمبارن و پییان ناخۆشە کە ئەم تاوانە ڕوویداوە، سەرەڕای ئەوەش بێدەنگیین ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە ئیمە وەک تاک چیمان پێ دەکرێت؟

لە حاڵەتێکی وادا دەبێت ئێمەی ژنان و هەموو ڕۆژنامەنووسان یەک دەنگبیین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم تاوانانە ببینەوە. پیویستە خۆپیشاندان و بەیاننامە دەربکرێت بۆ ئەوەی جارێکی تر هیچ ڕۆژنامەنووسێکی ژن نەبێتە قوربانی لە هەرێمی کوردستاندا."