تیرۆریزمی دەوڵەتی تورك لەدژی منداڵانی كورد: لەنەورۆزی ئامەددا ٧٤ منداڵ دەستبەسەركراون

یاساناسێك رایگەیاندووە كە ئەو منداڵانەی لە مەراسیمی پیرۆزبایەكانی نەورۆز لەشاری ئامەد لەلایەن پۆلیسی توركەوە دەستگیركرابوون براونەتە دائیرەی تیرۆریزم و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كردوون و هاوكات دوو منداڵی پێنج ساڵەش پەنجەمۆریان پێكراوە.

گەورەترین نەورۆزی دنیا لەشاری ئامەدی باكوری كوردستان بەرێوە چوو. دەوڵەتی تورك لەو گردبوونەوەیە سەددان هەزار كەسیەی كوردەكان بەشێوەیەكی توند ناڕەحەتە؛ چونكە ئەم گردبوونەوەیە لەلایەك بەواتای بنكەوتنی زۆڵم و ستەمێك بوو كە ئەردۆغان و باخچەلی بۆ بێدەنگكردنی گەلی كورد بەرێوەیان دەبرد.

دەوڵەتی تورك دەیزانی ناتوانێت نەورۆز بەربەست بكات و ئەو قۆناخەی كە دەیانتووانی نەورۆز بەربەست بكەن دەربازبووە. بەڵام لەبەرامبەریشدا بەهەموو شێوەیەك تۆڕەیی خۆی بەسەرگەلدا بەتاڵكردەوە. تەنیا لەشاری ئامەد نزیكەی سێسەد كەس لەبەشداربوانی گردبوونەوەی پیرۆزبایی نەورۆزیان دەستبەسەر كرد. تەنیا تاوانیشیان لەبەركردنی جل و بەرگی نەتەوەیی و هەڵگرتنی رەنگە سیمبۆلیەكانی سەوز و سور و زەرد بووە.

دوو برای جمكی پێنج ساڵان لەنێو ئەو كەسانەدا بوونە كە دەستبەسەركراون، سەرەنجڕاكێشە كە لەو دوو منداڵەش پەنجەمۆر وەرگیراوە.

محەمەد ئەمین یەكێك لەوتەبێژەكانی كۆمەڵەی مافی منداڵان دەڵێت:"ژمارەی ئەو منداڵانەی لەنەورۆزی ئامەددا دەستبەسەركراون، ٧٤ كەسن. هەریەك لەو دەستبەسەركراوانە رۆژێك یا دوو رۆز لەژێر چاودێردا ماونەتەوە و دوابەدوای لێپرسینەوە رادەستی بنەماڵەكانیان كراونەتەوە.

ئەو دامەزراوەیەی كە لەم منداڵانە لێپرسینەوەی كردووە"دائیرەی تێكۆشان لەگەڵ تیرۆریزم"بووە و محەمەد ئەمین راشیگەیاندووە؛ ئەم دامەزراوە مافی ئەوەی نییە لێپرسینەوە لەمنداڵان بكات.

ئەم منداڵانە لەكاتی دەستبەسەركردنیان لەشوێنێكی تەنگ و تاریك دا راگیراون و لەرەوشێكی زۆر خراپدا رایانگرتوون. پارێزەرانی كۆمەڵەی مافی منداڵان لەو شێوە هەڵسوكەوتەی پۆلیسی تورك سكاڵایان بەرزكردووتەوە.

پارێزەرەكان راشیانگەیاندوو؛ ئەوان بەهیچ شێوەیەك مافی ئەوەیان نییە كە منداڵانی ١٣ ساڵەش بەهیچ تاوانێك دەستبەسەر بكەن. دەستبەسەركردنی دوو جمكە پێنج ساڵەكە بەهۆی لەبەركردنی ئەو جل و بەرگەی لەبەریاندا بووە، ناڕەزایەتیەكان بە حكومەتی فاشیستی توركی زیاتر كردووە.

هـ . ب