ڤیان حەبابی فەرماندەیەکی یەژەشە لە شەنگال: چی دەبێت با ببێت دەبێت تۆڵەی خۆمان بکەینەوە
چی دەبێت با ببێت دەبێت تۆڵەی خۆمان بکەینەوە، ئەو قسەیە لەدوای ئەوە هات کە ڤیان حەبابی تاوانەکانی داعشی لە شەنگال بەچاوی خۆی دیت و بریاریدا تۆڵەیان لێ بکاتەوە.
چی دەبێت با ببێت دەبێت تۆڵەی خۆمان بکەینەوە، ئەو قسەیە لەدوای ئەوە هات کە ڤیان حەبابی تاوانەکانی داعشی لە شەنگال بەچاوی خۆی دیت و بریاریدا تۆڵەیان لێ بکاتەوە.
ڤیان حەبابی خەڵکی گوندی قزڵ کەندی سەر بە شەنگالە لە کاتی کۆمەڵکوژی ٣ ئابی ٢٠١٤ لە گوندەکەی خۆیان بووە بەشێک لە کۆمەڵکوژییەکانی داعشی بە چاوی خۆی بێنیوە، بۆ تۆڵکردنەوە کچانی ئیزدی چەکی کردووەتە شانی و ئێستا فەرماندەیەکی باڵای یەکینەکانی ژنانی شەنگالە (یەژەشە) ئەو چیرۆکی هێرشەکانی داعش و بەرخودانی ژنانی شەنگال بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) دەگێڕێتەوە.
"لە لایەک داعش هێرش دەکات و لە لایەکی دیکە پێشمەرگەکانی پارتی (پەدەکە) ڕادەکەن"
بەم شێوەیە دەست پێدەکات، کاتێک هێرش دەستیپێکرد من لە ماڵ بووم و ئەوەی من بیرم دێت فەرمان لە کاتژمێر ٢ نێوی شەوی ٢ ئابی ٢٠١٤ دەستیپێکرد، ئێمە هەموو هەستاین چوینە سەربان تەماشامان دەکرد کاتێک هێرشەکە نزیک بوویەوە، فیشەک بەسەر گەلی ئێمە دەباری و هەستمان پێکرد ئیتر فەرمان دەستیپێکرد. دەمان بینی لە لایەک داعش هێرش دەکات و لەلایکی تریشەوە پێشمەرگەکانی پارتی (پەدەکە) ڕایان دەکرد بۆ ئێمە زۆر زەحمەت بوو ئەو خاکەی ئێمە بە منداڵی لێی گەورە بووین بە بەر چاومانەوە دەسوتێت و ئاگر بەسەریدا دەبارێت، داعش هێواش هێواش لە ئێمە نزیک دەبویەوە، بە شێوازێک ئەو کاتە ئێمە ناوەندێکی مەدەنیمان هەبوو هی ڕێکخستنی تەڤدا (تەڤگەری چڤاکی دیموکراتی ئازادی ئیزدی) بوو، داعش لە دەرگای پێشەوە چوونە ژوورەوە ئەندامانی ڕێکخستنەکەمان لە دەرگای داواوە دەرچوون خۆیان ڕزگار کرد، لەو کاتەشدا هیچ شتێک بیری مرۆڤ نەدەهات گەل تەنها بیری لەوە دەکردوە خۆی بگەێنێتە چیا و لە فەرمان ڕزگاری بێت، هیچ هێزێک گەلی نە دەپاراست".
"ئەوەی ڕویدا قەت لە بیر ناکرێت"
حەبابی بەو شێوازە درێژە پیدەدات: "لە پێش فەرمان ئەو دەنگۆیە بڵاو بوویەوە، کە فەرمانێک بەسەری گەلی ئیزدی دادێت، لە منداڵیکی بچووک تا مرۆڤە بە تەمەنەکان هەستیان بە مەترسی کردبوو و باسیان لێ دەکرد، کە لە داهاتوو فەرمان بەسەر گەلی ئیزدی دادێت، بەڵام وێڕای ئەوەش تا فەرمانەکە رووی نەدا گەل باوەڕێکی تەواوی نەبوو و دڵنیا نەبوو لە فەرمانەکە و تەنها وەک دەنگۆ باسیان دەکرد. هۆکارەکەشی ئەوە بوو، کە پێشمەرگەکانی پارتی لە ناو گەل باوەڕیان دروست کردبوو، کە ئەوان گەلی شەنگال دەپارێزن، ڕێگری دەکەن لە هێرش، گەلیش باوەڕی بە قسەکانیان کرد، چونکە گەلی ئیزدی گەلێکی عاتفییە هەر لەبەر ئەو بەڵینانە گەل پشتی بە پێشمەرگەکانی بارزانی قایم بوو، بەڵام ئەوان پشتیان لە گەل کرد و گەلیان بێ پاراستن هێشت بۆ فەرمانی داعش، ئەوەی ڕویدا بە هێچ شێوەیک لە بیر ناکرێت، شەنگالیان وێران کرد و هەموویان ڕووخاند و هیچ شتێک بەسەر یەکەوە نەماوە."
"لە مردن زیاتر بیرمان لە هێچ نە دەکردەوە"
ناوبراوی وتیشی، کاتێک فەرمان دروست بوو لە مردن زیاتر هێچ شتێک بە بیری مرۆڤدا نە دەهات و لە درێژەدا وتی، "ئێمە بیرمان لەوە دەکردە، کە بە دڵنیایی هەموومان دەمرین، ئەو کاتەی فەرمان دروست بوو هەر سەر لە ئێوارە گەریلاکانی پەکەکە هاتن، بەڵام ئەو کاتە پێشمەرگەکانی بارزانی ڕێگریان کرد بۆ ئەوەی بە هاواری خەڵکەوە بین، بەڵام کاتێک گوتیان پێشمەرگە ڕێگەی لە هەڤاڵان گرتووە ئەو هیوایەشمان نەما، بەڵام وێڕای ئاستەنگییەکانی پارتی هەڤاڵان (گەریلای پەکەکە) خۆیان گەیاندە گەل و بە هاواری گەلەوە هاتن، بۆیە هیوامان بۆ دروستبوو، کە ئەوەی دەتوانن پێش لە فەرمان بگرێت گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستارن، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و بە گشتی شەڕڤانەکانی ڕێبەر ئاپۆن، ئەو کاتە گەلی ئیزدی نەیان دەزانی ناوی پەکەکە ش بێنن، نەیان دەزانی پەکەکە چیە سەرۆک ئاپۆیان نە دەناسی، ئەوەندەیان دەزانی کە هەندێک مرۆڤ لە جێیەک هاتوون و دەیانەوێت ئەوان ڕزگار بکەن، بۆیە ئەوە هیوا و هێزێکی گەورەی دایە گەل، بەداخەوە گەلێک هەڤاڵیش شەهیدبوون لە کاتی ڕزگاکردنی گەل و بۆ ڕاوستاندنی فەرمان و دروستکردنی ڕێگای ئارام بۆ ڕزگارکردنی گەل"
"چی دەبێت بابێت دەبێت تؤلەی خۆمان بکەینەوە"
لە دوای ئەوەی گەریلا هات گەنجانی ئیزدیان پەروردە کرد بۆ خۆپاراستن و هێزی یەژەشە دروست بوو منیش لەو کاتە بەشداری یەژەشە (یەکینەی ژنانی شەنگال) بووم و دەمگووت چی دەبێت بابێت، دەبێت تۆڵەی خۆمان بکەینەوە، ئێمە نەماندەزانی چەکیش بەکاربێنین، بەڵام دەمان گوت، چی دەبێت با ببێت دەبێت شان بە شانی گەریلا لە دژی داعش شەڕ بکەین و تۆڵەی خۆمان بکەینەوە، چەک هەڵگرتن لەوکاتە ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤی بوو، ئەو کاتە ژمارەیەکی زۆری گەنجانی ئیزدی چەکیان هەڵگرت و شان بە شانی هەڤاڵان لە دژی داعش شەڕیان کرد، بەشیکی تریش کە ویستیان چەک هەڵگرن، بەڵام پێشمەرگەی پارتی ڕێگری لێکردن لەوەی چەک هەڵگرتن و دژی داعش شەڕ بکەن، بە شێوازیک کە پێشمەرگەکانی پارتی بۆ ڕێگریکردن لە چەک هەڵگرتن لە گەنجەکانیان دا و ژمارەیک گەنجی ئیزدیان شەهید کرد. ڤیان حەبابی وا دەڵێت.
"داعش ئەوەندە لێمانەوە نزیک بوو دەنگمان دەگەیشتە یەک"
ئەو فەرماندەی یەژەشە دەڵێت: "شەڕی نێوان ئێمە و داعش بۆ ماوەیەكی زۆر و درێژ لە شەنگالی کۆن و گەڕەکەکانی بەر بەرۆژ دروست بوو، ئەو گەڕەکانە بە گەڕەکی بەرخودان دەناسرێن و ناوبانگیان دەرکردووە. ١١ مانگ ئێمە و داعش لەو گەڕەکانە بەیەکەوە شەڕمان کرد لەبەر ئەوەی گەڕەکەکان تەنگ بوون دەنگمان دەگەیشتە یەک، بە شێوازێک لە یەکتر نزیک بووین و بەرامبەری یەکتر بووین زۆر جار بۆمبە دەستیەکانمان دەگەیشتە یەکتر، بۆیە ئەو شوێنە لە بیری و هزری کۆمەڵگادا دەمینێتەوە، چونکە بەرخودانێکی مەزنی تێدا کرا، هەموو زەحمەتیەکان لەو گەڕەکاندا بوون".
لە درێژەی چێرۆکەکەیدا باسی ئەو شەڕە دەکات لەگەڵ داعش، کە کاتێکی دریژی خایاند و شەڕێکی قورس بووە و دەڵێت: ' لە ٢٠١٤ لە دوای فەرمان کاتێک گەڕەکەکانی کۆنی شەنگالمان ڕزگارکرد و تا مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٥ بەرامبەر داعش لەو گەڕەکانە شەڕمان کرد تاکوو لە مانگی ١١ی ٢٠١٥ بە تەواوەتی هەڵمەتی ڕزگارکردنی شەنگالمان ڕاگەیاند و تەواوی شارەکەمان ئازاد کرد و لە داعش پاکمان کردوە."
"دایە گوڵی، شەهید زێری وشەهید جیلان لە فەرماندا بوونە قارەمانی بەرخودان"
لە درێژە باسەکانی جەخت لەسەر ڕەوشی ژنان دەکاتەوە لەکاتی فەرمان و لە فەرمانی ٣ ئابی ٢٠١٤ دەدا دەتوانین بڵێین، ئەوەی هەرە زۆر ئێش و ئازاری کێشا ژنان بوون، ئەوەی هەرە زۆر ڕوو بەڕووی کوشتن، سەربڕین، دەستدرێژی و فرۆشتن بوویەوە هەر ژنان بوون و ئاماژە بەوەش دەکات: "لەبەرامبەر ئەوەشدا قارەمانی ژنان دروست بوو، کە تەسلیم نەبوون و بەرخودانیان کرد. نموونەکانیشیان بەرچاوە، دایە گوڵی، شەهید زێری وشەهید جیلان-ن، کە لە فەرماندا بوونە نموونەی قارەمانی و بەرخودان و لە ئێستادا لە ناو کۆمەڵگای ئێزدی وەک قارەمانی بەرخودانی ژنانی ئێزدی دەناسرێن.
"بە هەزاران منداڵ بێ دایک بوون"
هاوکات ئیش و ئازارەکانی ژنان باس دەکات لە کاتی فەرمان و دوای فەرمان و دەڵێت: "ئەگەر ئێمە تەنها بڵێین فەرمان درووست بوو و ڕویدا و ژنان ڕووبەڕووی ئێش و ئازارێکی گەورە بوونەوە ئەوە تەنها بەس نییە، بەڵکوو تا ئێستا ئەوە ئێشە بەردەوامە و برینێکی وایە زوو لەبیر ناکرێت، بۆچی دەڵێم، ئێشی ژنانی ئیزدی بەردەوامە، چونکە تا ئێستا چارەنووسی ٣ هەزار ژنی ئیزدی دیار نییە، نموونەی ئەوەش ئەو کچە بوو کە حەفتەیک پێش ئێستا تازە لە دەستی داعش ڕزگار کرا، ئەوەش ئەوەمان پێ دەڵێت، کە تا ئێستا چارەنووسی ژنانی ئیزدی دیار نییە و بە هەزارن منداڵ بێ دایک بوون و بە هەزاران دایک بێ منداڵ بوون، هەزاران ژن منداڵەکانی خۆیان بەجێ هێشت و نەیان توانی منداڵەکانیان ڕزگار بکەن، لە چیای شەنگال تا ئێستاش ئیسکی هاووڵاتیی ئیزدی دەدۆزرێتەوە. ئێستاش دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ هەیە، کە هاووڵاتییانی ئیزدی لە کاتی فەرمان تیایاندا کۆمەڵکوژ کراون، ئەوەش بە هیچ شێوەیەک لە بیر ناکرێت."
"ئەو ژنانەی هەوڵی بە کۆیلەکردنیان دەدرا رۆیشتن پایتەختی داعشیان ڕووخاند"
لە کۆتا قسەکانیدا ڤیان حەبابی ئەو فەرماندەیەی یەکینەکانی ژنانی شەنگال دەڵێت: ئەو ژنانەی کە داعش وەک کۆیلە مامەڵەی لەگەڵ دەکردن و هەوڵی بە کۆیلەکردنی هەموو ژنانی ئیزدی دەدا سوپای ژنانیان دروستکرد و لە ساڵی ٢٠١٧ دا چونە شاری ڕەقەی پایتەختی ئەو کاتی داعش و بە شداری هەڵمەتی ئازادکردنی شاری ڕەقەیان کرد و پایتەختی دەوڵەتەکەی داعشیان تێک شکاند و شارەکەیان ڕزگار کرد و کۆتاییان بە ترس و تۆقاندن لە سەر ژنانی ئیزدی هێنا."
ژ.ت