ڤیدیۆی ئامادەکاری و ئەنجامدان و دوای ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی لە زاپ بڵاوکرایەوە

گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە نێوان ٨-٩-ی کانوونی یەکەمدا لە دژی یەکینەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ناوچەی زاپ ئۆپەراسیۆنێکی شۆڕشگێڕییان ئەنجامدا. ڤیدیۆی ئامادەکاری، ساتەکانی ئۆپەراسیۆنەکە و دوای ئۆپراسیۆنەکە لەلایەن گەریلا تیڤییەوە بڵاوکرایەوە.

ئۆپەراسیۆنێکی شۆڕشگێڕی لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆسدا ڕێکخرا. هێزەکانی گەریلا لە قەڵای بێدەوێ و جیلۆی بچووک و شاخی شەهید مونزور هێرشیان کردە سەر داگیرکەران و گورزی قورسیان لێدان.

لەو ئۆپراسیۆنەى گەریلاکاندا، سوپای تورک سەرباری بەکارهێنانی کامێرا حەرارییەکانی و "تەکنەلۆژیای سەردەم" نەیتوانی رێ لەو ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕییەی هێزەکانی گەریلا بگرێت. جگە لەو داگیرکەرانەی کوژران، چەندین سەربازیش سەنگەرەکانیان بەجێهێشت و ناچار بوون رابکەن.

ئەو گەریلایانەی خۆیان بۆ ئەو هەڵمەتە ئامادە دەکرد ڕایانگەیاند، تاکە ئامانجیان تۆڵەسەندنەوەی هەڤاڵە شەهیدەکانیان و پاککردنەوەی ئەو سەنگەرانەیە، کە دوژمن خۆی تێیدا جێگیر کردووە.

ئەو گەریلایانە وتیان، "ئەم بەرخۆدانە وەردەچەرخێت بۆ بزاوتی هێرشێکردن و تۆڵەسەندنەوە" یادی جومالی چۆروم فەرماندەی بەرخۆدانی وەرخەلیان کردەوە و ڕایگەیاند، کاتی ئەو جوڵە و بزاوەتە هاتووە و لە ئێستا بە دواوە ڕێگە نادەن لە ناوچەى زاگرۆس هەناسە بەبەر داگیرکەراندا بێتەوە.

تیرێژ دژوار گەریلای هەپەگە قسەی بۆ کامێراکانی گەریلا تیڤی کرد و وتی: "ماوەیەکی زۆرە خۆمان بۆ ئەو چالاکییە ئامادە دەکەین.  ئەوەی لە ئێمە چاوەڕێ دەکرێت ئەرکی هەموومانە. ئامانجی یەکەممان لەم هەڵمەتەدا ئەوەیە، کە تۆڵەی هاوڕێ شەهیدەکانمان بکەینەوە. بەتایبەتی دەمانەوێت تۆڵە لەو داگیرکەرانە بکەینەوە، کە بە شێوەیەکی دڕندانە هاوڕێیانی ئێمەیان لە تونێلەکانی جەنگ دا بە گازی کیمیایی شەهید کرد. لەم چالاکییەدا جارێکیتر هێزەکانی گەریلا دەبیننەوە. گەریلا لە هەموو شوێنێک شەڕ دەکات و لەم پرۆسەیەدا بەهێزتر بووە. لەم چالاکییەشدا ئەرکی جەنگاوەریی خۆمان جێبەجێ دەکەین".

داگیرکەران لەسەر شاخی شەهید مونزور هاوکات لەگەڵ دانانی چەکی قورس، کامێرای حەراریی چاودێری و تێلی دڕکاوی بە چڕی،  سەربازەکانیشیان بە نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەم تەیار کردووە، بەڵام دەستەیەک گەریلا بەبێ ئەوەى سەربازانی تورک هەستیان پێ بکەن و پێیان بزانن، چوونە سەر سەنگەرەکانیان و دوای ئەوەى چەندین داگیرکەریان سزادا، دەستیان بەسەر چەک و کەرەستە سەربازییەکانی سەربازانی سوپای تورک دا گرت.

بەپێی سەرچاوەکانی گەریلا، ئەو چالاکییە دەیسەلمێنێت، کە تەنها سوپای تورک تەکنەلۆژیای بە دەستەوە ماوە، بەڵام ئەو تەکنەلۆژیایەش بە تاکتیکی پیشەیی و پرۆفیشناڵانەى گەریلا تێکدەشکێنرێت.

پێشتر هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندبوو، ٨ سەربازی تورکی داگیرکەر سزادراون و دەستیش بەسەر چەندین چەک و کەلوپەلی سەربازیی داگیرکەراندا گیراوە.

ڤیان بۆتان گەریلای یەژا ستار لە بەرامبەر ئەو چەکانەدا، کە لە دوای ئەو چالاکییە لە سەربازانی سوپای تورک سەندران، وتی: "شەرمەزارترین شت بۆ سەربازێک ئەوەیە چەکەکەی لێ بستێنن و لە دژی خۆی بەکاری بهێننەوە".

بۆتان دەڵێت، "بەڵام سوپای تورک هیچ شەرم و حەیایەکی تیادا نەماوە" و رایدەگەیەنێت، "سەربازانی تورک بە تەقاندنی یەکەم فیشەک لە سەنگەرەکانیان رایانکرد".

گەریلاکان ڕایانگەیاند، هەموو گەریلاکانی بەشدار لە چالاکییەکەدا بە سەرکەوتوویی گەڕانەوە بنکەکانیان و بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ چالاکییەکەیان پیرۆزکرد.

ژ.ت