وادەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دیاری کرا

وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم ڕایگەیاند، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی ١٨ی١١ی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد.

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی: لەبەر هەر هۆكارێك بێت هەڵبژاردن ساڵی ڕابردوو ئەنجام نەدرا و تەمەنی پەرلەمان درێژكرایەوە، ماویەكی زۆرە بابەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی نێوان لایەنەكان بووە، لە ساڵی ڕابردووەوە سەرۆكایەتی هەرێم دەستی بە هەنگاوەكانی خۆی كردووە.

هەروەها وتیشی: ئەمڕۆ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ٢٠٠٥ بڕیاریدا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لە ڕۆژی ١٨ی ١١ی ٢٠٢٣ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان پابەند دەبن بۆ كاری پێویست بە هەماهەنگی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكە.

سەرۆكایەتی هەرێم داوا لە پەرلەمانی كوردستان و فراكسیۆنەكان دەكات، بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆئەوەی دەست بە كارەكانی خۆی بكات، جگە لەوەش هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە ئەولەوییەتی كاری پەرلەمان بێت بۆئەوەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت.

ف.ق