وڵامی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد لەبارەی دۆخی ڕێبەر ئۆجالان نادریتەوە

سەندیکای پارێزەرانی ئامەد لەبارەی دۆخی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد سەردانی وەزارەتی دادی کردبوو، بەڵام وڵامی نادرێتەوە. پارێزەر مەهدی ئوزدەمیر وتی، " تاوەکو گۆشەگیری کۆتایی نەیەت، دیموکراسی جێگیر نابێت."

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، سەندیکای پارێزەرانی ئامەد لەبارەی دۆخی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش زیندانیانی دیکەی ئیمڕالی لە ٢٦ی تشرینی دووەمدا سەردانی وەزارەتی دادی تورکیان کردبوو.

سەردانەکە لە چوارچێوەی ماف و ئازادی زیندانیاندا ئەنجامدرابوو، بەڵام وەزارەتی دادی تورک تاوەکو ئێستا وڵامی سەندیکای پارێزەرانی ئامەدی نەداوەتەوە.

مەهدی ئۆزدەمیر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد ڕایگەیاند کە ئەگەر لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا وەزارەتەکە وەڵام نەداتەوە ئەوە مانای ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەیە. ئۆزدەمیر باسی ئەوەی کرد، کە گۆشەگیرییەکی ڕەها لەسەر ئۆجالان و زیندانیانی دیکە هەیە و تیشکی خستە سەر ڕێگریکردن لە چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزان و پارێزەران و چاوپێکەوتنی تەلەفۆنی.

 ئۆزدەمیر، وتیشی: "ئێمە سەندیکای پارێزەرانی ئامەد بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری داوامان لە وەزارەتی داد کردووە کە دەست بەکار بکات. ئۆزدەمیر ئەوەشی خستەڕوو کە داواکاری وەک لێکۆڵینەوە و دەرخستنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە داواکارییەکەدا هەبووە و وتیشی: "هەرچەندە داواکارییەکەمان لە ٢٦ی تشرینی دووەمدا ئەنجامدراوە، بە هیچ شێوەیەک وەزارەتی داد وەڵامی نەداوەتەوە. لە ماوەی ٣٠ رۆژدا ئەگەر وڵامنەدرێتەوە، واتە داواکاریەکە ڕەتکراوەتەوە.

ئۆزدەمیر ڕایگەیاند، گۆشەگیرکردنی ڕەها لە زیندانی ئیمراڵی لە هەموو زیندانەکان بڵاوبووەتەوە و ئازادنەکردنی زیندانیانی نەخۆش و درێژکردنەوەی سزای زیندانیان لەم چوارچێوەیەدایە. ئۆزدەمیر، وتیشی: "گۆشەگیریی لە زیندانی ئیمراڵی و کردەوەکانی نێو زیندانەکانی دیکە پەیوەندیان پێکەوە هەیە.

ئۆزدەمیر، تیشکی خستە سەر دەزگای چاودێری دادپەروەری لە سەندیکاکەیان و داوایکرد، کە یاساکە بگۆڕدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئۆزدەمیر ئاماژەی بەوەدا کە لاوازی یان بەهێزبوونی پێوەرە دیموکراتی و یاساییەکان لە تورکیا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە گۆشەگیریی ئیمرالییەوە هەیە و وتیشی: "کاتێک پرۆسەی سیاسی بۆ کورد دەگۆڕێت، هەندێک جار گۆشەگیری ڕادەگیرێت. یان لاواز دەبێت، بەڵام کاتێک پێچەوانە دەبێت، جارێکی تر گۆشەگیرییەکە جێبەجێ دەکرێت. ئەمە شمشێرێکە کە بەسەر کورددا جێبەجێ دەکرێت. دیموکراتیزەبوونی تورکیا بەواتای کۆتایی هێنان بەگۆشەگیرییە. واتە جێبەجێکردنی مافە سەرەکیەکان و ئازادییەکانە. بۆ ئەوەی بتوانێت وڵات لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدا بەڕێوە ببرێت، دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیریی لە ئیمراڵی بهێنرێت"

ف.ق