ڕوانگەی ڕێبەری گەلی کورد بۆ ئەخلاق و یاسا
رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: ''بە مۆمیش بە دوای ئەخلاقدا بگەڕێیت، لە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا نایدۆزیتەوە.''
رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: ''بە مۆمیش بە دوای ئەخلاقدا بگەڕێیت، لە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا نایدۆزیتەوە.''
مژاری ئەخلاق و یاسا ئەو جووتە مژارەن کە هەر لە سەرەتاوە باندۆرێکی باڵکێش دەخەنە سەر بیر و ڕامانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چ لە وانە و پەروەردەکان و چ لە پەرتووکەکانی پێش پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا، ڕێبەرایەتیی بە وردیی شیکار و هەڵسەنگاندنی بۆ ئەم جووتە چەمکەی نێو ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کردووە، بەو پێیەی کوردان بە قوربانی دەستی یاساکانی دەوڵەت تەماشا دەکات، وەک خۆی دەڵێت: ''یاسا هەنگاو بە هەنگاو بواری کۆمەڵگە بەرتەسک دەکاتەوە و دەیکات بە بواری ڕێساکانی دەسەڵاتی دەوڵەت، بە مۆمیش بە دوای ئەخلاقدا بگەڕێیت لە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا نایدۆزیتەوە.'' سا بۆیە تا دوادڵۆپ مژاریی یاسا شی دەکاتەوە، هەر بۆیە لە پارێزنامەکانی زیندانیشدا ڕێبەر ئۆجالان درێژە بەم شیکارییانە دەدات.
ڕێبەر ئۆجالان سەبارەت بەم پرسە دەەڵێت: ''دەشێت ئەخلاق وەک یادەوەریی کۆمەڵگەی سیاسیی ببینرێت، ئەو کۆمەڵگانەی لە بواری ئەخلاقەوە تێک چوون، یاخود بێئەخلاق ماونەتەوە، واتە یادەوەری سیاسیی خۆیان، هێزی ڕێسا و دامەزراوەیی نەریتیی خۆیان لاواز کردووە یان لەدەستیان داوە، ئەوەش بۆ کۆمەڵگە واتای بێبەشبوونە لە (بەرگرییکردن لە خۆی).'' هەروەها بەپێی شیکارییەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەمەڕ ئەم جۆرە کۆمەڵگانە، ئەم چەشنە ''کۆمەڵگانە کراوەن بۆ هەموو جۆرە توانەوە و داگیرکارییەک. هەر لەبەر ئەمەشە دەوڵەتان هەمیشە لە هەوڵی تێکدانی ئەخلاق و سەپاندانی یاسای تاکلایەنە (واتە ئەخلاقی باڵادەستان)ـدان بە سەر کۆمەڵگەدا.''
ئەخلاق، چاند و کولتوری کۆمەڵگەیە
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: ''ئەو کۆمەڵگەیەی بە شێوەیەکی بەهێز ئەخلاقی خۆی بژێنێت، بە ئاسانیی ملکەچی دەسەڵات و چەوسانەوە نابێت. لە بەرانبەر ئەخلاقدا کە وەک چاندی کۆمەڵگەی وێنای دەکات، پێی وایە؛ ''ڕۆڵی سەرەکیی یاسا تۆکمەکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و بەرتەسککردنەوەی زیاتری بواری کۆمەڵگایە.'' هەروەها دەڵێت: ''پڕوپاگەندەیەکی زۆری یاسا دەکریت، هەر بۆیەش ڕۆڵە بنەڕەتییەکەی هێندە ئاشکرا نابێت.'' ئەو پێی وایە بەهۆی یاساوە کۆمەڵگە لە خۆبەڕێوەبەرێتیی و سیاسەت بێبەش دەکرێت، لەلایەنی بەڕێوەبەرێتیی و یاساییشەوە گەمارۆ دەدرێت، کە لە سەرەوە لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتەوە ئامادە کراوە، بۆیە بەرانبەر ئەم سیستەمەی یاسا کە دەوڵەت و چینی باڵادەستان تانوپۆیان کێشاوە، دەڵێت: ''نەریتیترین و دواکەوتووترین و سەرەتاییترین دۆخی ئەخلاق لە بەڕێوەبەرێتیی یاسا پێشکەوتووەکانی دەسەڵات و دەوڵەتان بۆ کۆمەڵگە بەهادارترە.'' پوکانەوەی ئەخلاق وا دەکات کوتەکی یاسا گۆشت و خوین بگرێت، سا بۆیە پێی وایە. پەرەسەندنی زۆری یاسا لە کۆمەڵگەدا، گوزارشت لە نەبوونی ئەخلاق دەکات، هەر بۆیە ڕێبەر ئاپۆ بەرانبەر فرتوفێڵ و تەڵەکەبازیی یاسا، ئەخلاق وەک چاندی کۆمەڵگە بە بنەما دەگرێت و پێی وایە؛ ''ئەو شوێنەی کۆمەڵگەی ئەخلاقیی و سیاسیی تێدا بێت، ئەوا دەسەڵات و یاسا نەک هەر بێواتا و ناپێویست دەبن، بەڵکوو دەبنە بارێک کە هەڵناگیرێن.''
بەپێی شیکردنەوەکانی ڕێبەر ئۆجالان لە ژێر پەردەی یاساوە زڵتەی چاوەکانی دەوڵەت دێت و یاسا وەک سیستەمی ڕەواکردنی چەوسانەوە و ستەمی چینایەتیی و نەژادیی دەبینێت، هەر بۆیە دەڵێت: ''یاسا بوونی چەوسانەوە و سەرکوتکردن پیشان دەدات. بە پێچەوانەی ئەو بانگەشە بەردەوامانەی دەکرێن، پۆڵێنبەندییە یاساییە وردەکان، نوێنەرایەتیی هێزی ماف و دادپەروەریی ناکەن، بەڵکوو بەرژەوەندییە کۆدکراوە سیستەماتیکەکانی پاوانەکانی چەوسانەوە و سەرکوتکردن دەخەنە ڕوو.
یاسا، کوتەکی دەستی دەوڵەت
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پارێزنامەی پێنجەمدا دەنووسێت: ''کاتێک بە شێوەیەکی مێژوویی توێژینەوە لەبارەی دەستەواژەی مافەوە بکەین، ئەوا ڕووبەڕووی پاوانی دەسەڵات دەبینەوە، کە خۆی وەک پاشا- خواوەند ڕاگەیاندووە، لێرەدا دەستەواژەی ماف گوزارشت لە موڵکداریی و چالاکیی ئیرادەی یەکلایەنەی پاشاکان دەکات، هەمیش گوزارشت لە ئیلاهیبوونەکەی دەکات.'' بەم ڕەنگە دەسەڵات یان شێوازی بە چڵەپۆپەگەیشتووی دەسەڵات، کە لە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا وەک دەوڵەت نەتەوە خۆی لە پێناسە دەدات، نکۆڵیی لە سیاسەت دەکات و لە سەر بنەمای فرتوفێڵ و وەک سیستەمی هەزار پەردە چاوبەستەکیی لە گەل دەکات. ئەمە لە کاتێکدا ڕێبەر ئاپۆ ئەخلاق وەک دۆخی نەریتی دامەزراوەیی مێژوویی سیاسەت پێناسە دەکات، کە شیوەی گرتووە، هەر بۆیە بە باوەڕی ڕێبەر ئاپۆ تەنانەت لیبراڵیزم و دەوڵەت و یاسا و فەرمانەکانی لە دێرینترین میتۆلۆژیاش کۆنەپەرەستانەترە. ئەوەتا دەڵێت: ''ئەو زانستە کۆمەڵایەتییانەی لیبڕاڵیزم سرووشیان پێ دەبەخشێت، سیاسەتیان بۆ ئاستی دیماگۆژییەت بچووک کردووەتەوە.''
هەر بۆیە یاسا لە ناو مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا کوتەکی دەستی دەوڵەت نەتەوەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی چینی باڵادەست، ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: ''هەڵکشانی یاسا بۆ ڕیزەکانی سەرەوەی زانستی کۆمەڵایەتیی، سەرچاوەی خۆی لە پەردەپۆشکردنی ناهەقییەکان بە ناوی مافەوە وەردەگرێت، بەمەش لە ژێر ناوی واقعی کۆمەڵگە و بە ناوی ژیانی ڕێسایی یان ڕێکوپێکەوە ژیان کۆتوبەند دەکەن، هەر بۆیەش یاسا ناچارە ئامڕازی سەرەکیی ڕەواکردنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بێت.''
کەواتە ڕێبەر ئۆجالان چ چارەسەرێک بە بنەما دەگرێت؟
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە نێوان ئەخلاق وە چاندی خۆڕسک و سرووشتیی ژیریی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵی ئاسۆیی و یاسای نێو پاوانەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا، ئەخلاق بە بنەمای چارەسەر هەڵدەبژێرێت و ئەو پنتە ئەخلاقییانەی نێو یاسا و ژیانی کۆمەڵایەتیش بە بنەما دەگرێت کە دەسەڵات و دەوڵەت نەیانتوانیوە پاکتاویان بکەن، بۆیە دەڵێت: ''چارەسەرکردنی ئاڵۆزیی و پەشێوییەکانی کۆمەڵگە لە میانی ئەو ئەخلاقە سنووردراوەوە دەستەبەر دەبێت وا دەرخواردی یاسا دراوە، هیندەی بەدەستهێنانەوەی ئەو کارگێڕییەی کۆمەڵگە وا دەرخواردی دەسەڵات دراوە، ئەو ئەخلاقەی دەرخواردی یاساش دراوە، دەستبەرداری ڕۆڵی پاراستن و بەردەوامیی کۆمەڵگە نابێت.''
هـ . ب