'وەرن با نەورۆز لە بناری قەندیل پیرۆز بکەین'

هونەرمەندانی میللی شاری سلێمانی، بۆ نەورۆزی ئەمساڵ ٢٠٢٤ بانگەوازی خۆیان ئاڕاستەی گەل کرد و وتییان: "وەرن با هەموومان نەورۆزی ئەمساڵ لە بناری قەندیل پیرۆز بکەین."

هەریەک لە هونەرمەندانی شاری سلێمانی، ئاری فەوزی و ڕێبوار تاڵیب، سەبارەت بە نەورۆزی ئەمساڵ پەیامی خۆیان ڕاگەیاندن و داوایان لە گەلانی ناوچەکە کرد، نەورۆزی ئەمساڵ لە بناری قەندیل پیرۆز بکەن.

هونەرمەندی میللی شاری سلێمانی، ئاری فەوزی، پەیامی ۆی بۆ نەورۆزی ئەمساڵ لەڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فوڕاتەوە ڕاگەیاند و وتی: "جەنی نەورۆز جەژنێکی نەتەوەیی گەلەکەمانە و یادکردنەوەی جۆرێکە لە خەبات و تێکۆشان، وەرن با هەموومان جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل پیرۆز بکەین و یادی بکەینەوە."

هەروەها لەبارەی ئەوەی کە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ بەر یادی نەورۆز دەکەوێت، ئەوەی خستەڕوو کە نەورۆز یادێکی  نەتەوەییە و ڕەمەزان پرسێکی ئاینییە و کێشە بۆ یەکتر دروست ناکەن، هەروەها وتیشی: "سەبارەت بە یادکردنەوەی نەورۆز لە مانگی ڕەمەزاندا هیچ کێشە نابێ، میللەتی کورد ڕێژەیەکی زۆری موسوڵمانە، دەتوانین بەربانگی ئێوارە پێکەوە لە قەندیل بکەینەوە."

لای خۆشییەوە هونەرمەند ڕێبوار تاڵیب، بانگهێشتی هەموو کچان و کوڕانی کرد کە یادی نەورۆز لە بناری قەندیل پیرۆز بکەن و وتیشی: "نەورۆز یادێکە کە ئێمە بیری خەبات و تێکۆشان و کوردایەتی دەخاتەوە، یادکردنەوەی نەورۆز لە قەندیل بۆ ئێمە بۆتە پیرۆزیی و ئەرکێک، ڕاستە ڕەمەزان پیرۆزی خۆیی هەیە، بەڵام لە پیرۆزیی نەورۆز کەمناکاتەوە و دەتوانین لە مانگی ڕەمەزانیشدا یادی نەورۆز لە بناری قەندیل بەرز بنرخێنین."

هـ . ب