وتەبێژی چاپەمەنی هەپەگە: سەروەریی بەدەستی گەریلایە

وتەبێژی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە، سەرداری یەکتاش پەیوەست بە داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و باشووری کوردستان و تێکۆشانی گەریلا، هەندێک زانیاری بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

دوایین ڕەوشی شەڕ

سەرداری یەکتاش بەشداری لە بەرنامەیەکی ستێرک تیڤی کرد، پەیوەست بە ڕەوشی شەڕ زانیاری بەرفراوانی بڵاوکردەوە. یەکتاش ڕایگەیاند دوایین فەرماندە کە بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕەپانی شەڕ نێردرابوو، لە ئەرکەکەی دوورخراوەتەوە، ئەمەش دەشاردرێتەوە و دووپاتی کردەوە لە گۆڕەپانەکەدا سەروەریی بەدەستی گەریلایە. یەکتاش ڕایگەیاند پەدەکە هاوکاری داگیرکەران دەکات، بووەتە بەشێک لە شەڕەکە. هەروەها وتەبێژی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە پشتڕاستی کردەوە، سەدان ئەندامی داعش بە دەستی دەوڵەتی تورک هاتوونەتە باشووری کوردستان.  

ئەو زانیارییانەی دەربارەی گۆڕەپانی شەڕ لەلایەن سەردار یەکتاشەوە بڵاوکرانەوە، بەم جۆرەن:

ڕەوشی باکووری کوردستان

لە باکووری کوردستان شەڕێکی بێ وێنە بەڕێوەدەچێت. ساڵی ڕابردوو هەزاران ئۆپەراسیۆن لە باکووری کوردستان ئەنجام دراون.

بەڵام دەوڵەتی تورک ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا ناکات و دەیشارێتەوە. چونکە شکستێکی گەورەی لە ئۆپەراسیۆنەکاندا خواردووە.

هەزاران ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن و لە زۆر شوێن هەڤاڵانمان ڕووبەڕووی ئۆپەراسیۆن دەبنەوە و ئەگەر دەرفەتیش هەبێت گورزی قورس لە دوژمن دەدەن. ئەگەر دەرفەتەکانیش نەگونجاو بن، هەوڵی دوژمن لەباردەبەن.

ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە تێچووی ماددییان زۆرە، پووچەڵ دەکرێنەوە. ئۆپەراسیۆنەکان لە مێردین، ستێور، مەهسێرت و باگۆک ​​بەردەوامن. بەم دواییانەش ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوچەکانی گەڤەر، جولەمێرگ و زاگرۆس بەردەوامن. هەروەها لە بەستا، جودی، گابار و فەراشین ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامن. هەر ١٥ ڕۆژ جارێک هەرێمێک قەدەغە دەکەن. هەروەها لە سەرتاسەری گارزان و ئامەد ئۆپەراسیۆن هەیە. هەروەها لە دێرسیم، ئەرزینگان و ئەرزەرۆم ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن. لە سەرانسەری باکوری کوردستان شەڕێکی مەزن و بەردەوام هەیە. بەڵام لە هەندێک شوێن بەرکەوتن هەیە. گەریلا شەڕ دەکەن و گورزی قورس لە دوژمن دەدەن و زیانەکانیان زۆرە. لە هەندێک ناوچەدا شەهیدی ئێمەش هەن. دەوڵەتی تورک تەنها ئەوکاتانەی ئێمە شەهیدمان دەبێت، باسی ئۆپەراسیۆنەکان دەکات.

بێریتان نورحەق چووە نێو حەشارگەی دوژمن

بەم دواییانە ئۆپەراسیۆنێک هەبوو کە تێیدا هاوڕێی فەرماندەمان بێریتان نورحەق چیا (سوڵتان داغ) شەهیدبوو. لە چەند خاڵێک هەرێمەکە گەمارۆدەدەن. هاوڕێمان بێریتان بە ڕۆحێکی فیدایانە دەچێتە حەشارگەی دوژمن و سێ داگیرکەر سزا دەدات. کاتێک دەچێتە حەشارگەی دووەمیش شەڕێکی دژوار ڕوودەدات، بریندار دەبێت، بەڵام بۆ ئەوەی بە برینداری نەکەوێتە دەستی دوژمن، فیداکارانە شەهید دەبێت. بەهۆی هەلومەرجی شەڕەوە درەنگ زانیاری دەگەنە دەستمان.

ئەم دواییانەش، لە دۆڵی ماسیرۆی ئێلباک لە وان ڕووداوێک ڕوویدا. دوو هاوڕێمان شەهید بوون و یەکێکیان بە دیل گیرا. ئێمە هەوڵ دەدەین ئەم ڕووداوە ئاشکرا بکەین. کاتێک زانیاری وردمان لەسەر ڕووداوەکە پێگەیشت و ڕووداوەکەمان ئاشکرا کرد، بۆ گەلەکەمان و ڕای گشتی بڵاوی دەکەینەوە.

ڕەوشی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا

گەریلا لە شێوازی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کە ٢٠٢١ ـەوە بەردەوامە، وانەیەکی وەرگرت، ڕێوشوێنیان گرتەبەر و تاکتیکەکانیان قووڵتر کردەوە. دەوڵەتی تورک لەم ڕووەوە هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێنا. ساڵی ٢٠٢٣ ئەمجارە بە هاوکاری لەگەڵ خیانەتکاران و خۆفرۆشان هاتە پێشەوە. ئەوان دەیانویست بەم ڕێگەیە هێرش بکەن. ئەمەش پووچەڵکرایەوە. لە ساڵی ٢٠٢٤یشدا هیچ تاکتیکێک لە دەستیان نەماوە. وەک پێشتر، بۆردومان دەکەن و چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنن و ژمارەی سەربازەکانیان لە هەرێمەکە زیاتر دەکەن. ئەمجارەیان بە بەکارهێنانی خیانەتکاران هەوڵ دەدەن تاکتیکێک بە ناوی گەمارۆدان ئەنجام بدەن. هەر لە ئێستاوە دەڵێن دەمانەوێت ئەو شوێنانە زەوت بکەین. بەڵام لە بابەتێکدا خۆیان فریو دەدەن. گەریلاکان ڕێوشوێنیان لە دژی ئەمانە گرتووەتەبەر. واتە دەوڵەتی تورک تاکتیکی گەمارۆدان لە هەندێک هەرێمی وەک مەتینا جێبەجێ دەکات. لە هەندێک شوێن وەک ئەوەی قومار بکات، ڕیسک دەکات و پێشوەختە یەکەکانی دەنێرێتە گۆڕەپانەکە. بەکورتی ڕەوشی دوژمن بەم جۆرەیە.

ڕەوشی مەتینا

دەوڵەتی تورک لە گۆڕەپانە چۆڵەکانی مەتینا جێی خۆی کردۆتەوە. چەندین جار بەریەککەوتن هەبووە و هاوڕێیانمان چالاکیی کاریگەریان ئەنجامدا. ئەم هێرشە نوێیانەی داگیرکاری لە ١٦ی نیسانەوە دەستی پێک رد. هاوڕێیانمان دەستبەجێ ئەو تاکتیک و ستراتیژانەیان دەستنیشان کرد کە دوژمن لە مەتینا بەڕێوەی دەبات و تاکتیکیان لە دژی جێبەجێ کرد. کاتێک هاوڕێیانمان دەیانبینی دوژمن بەشێوەیەکی جیاواز لێیان نزیک دەبێتەوە، بەشێوەیەکی جیاواز وەڵامیان دایەوە. تێکۆشان لە مەتینا درێژخایەن دەبێت و دوژمن ئەنجامێکی بەدڵی خۆی دەست ناکەوێت. خۆیان فریو دەدەن.

ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن

دەڕوانینە ئەو دیمەنانەی دەوڵەتی تورک بڵاویان دەکاتەوە. لە دۆڵی ڕووبار و چەلێ تۆپ و هاوەن دەهاوێژن. تۆپ بە مەودای ٥٠ کیلۆمەتری دەهاوێژن.ئەمە سەرکەوتن نییە، فریودانی ڕای گشتییە. دەڵێن قفڵ دراوە، من ئێستە ڕاستیتان پێ دەڵێم، با ببینین کێ و لە کوێ قفڵ دراوە.  

دوژمن بۆ جاری دووەم لە خواکوڕک هێرشی کردە سەر سرووشت. بۆ ماوەی 200-300 مەتر چوونەتە ناو هەندێک شوێن و دواتر پاشەکشەیان کرد. پاشان ڕوویان لە شەکیف کرد. ئەم شوێنە بەرز و کوێستانە. گەیشتن بەو شوێنە بە هێلیکۆپتەر زەحمەت نییە.

بەڵام لە هەرێمی زاپ بەتایبەتی لە چەند مانگی ڕابردوودا لە چیای ئامەد و چیای ئێف ئێم هەوڵەکانی دوژمن پووچەڵ کرانەوە. هاوڕێیان تەنها خۆپارێزییان نەکرد، بەڵکو چالاکیشیان ئەنجامدا. ئێستا لەو شوێنە هەندێک وەستاوە، چونکە هەڤاڵانمان لەوێ شکستیان پێ هێنان.

لەبەرئەوەی زانیان لەوێ ئەنجام ناگرن، ئەمجارە لە ٣ ی تەمموز لە چیای بەهار لە سێ لاوە هێرشیان کرد. ئەنجامی ئەمەشمان بڵاوکردەوە. هەنوکە هەڤاڵان لەوێ وەڵامێکی کەمەرشکێنیان دەدەنەوە. دەوڵەتی تورک ئەم هێرشەی لەڕێگەی هێزە تایبەتەکانییەوە ئەنجامدا. هەموو هێزەکەیان، هێزی دەستەبژێرە. هەروەها دەزانن کە نیشتەجێبوون لەم شوێنانە ئاسان نییە. دەکرێ بڵێین سوپای تورک نزیکەی هەموو هێزەکانی لە زاپ کشاندەوە. هەموو هێزەکانیان لە دژی گەریلاکان شکان. ئێستا بێدەنگن، بەڵام چەند مانگێک لەمەوبەر شانازیان بە هێزە تایبەتەکانیانەوە دەکرد. لە سوریاوە چەتە و کەتیبەیان هێنا. ئەوانیش ئەنجامیان بەدەست نەهێنا. ئێستا ئەوەندەی بیستوومانە لە بالیکەسیر و قەیسەری، کەتیبە بە کەتیبە سەرباز دەهێنن. با ئەوانیش بهێنن.

لە چوار ڕۆژی ڕابردوو لە چیای بەهار و سەرگەڵێ چەندین چالاکی ئەنجامدراون. ئەم شوێنانەش بۆ داگیرکەران بوونەتە دۆزەخ. ئەگەر بێیتە نێو خاکەکەمان، بتەوێت ئاگر بکەیتەوە و گوندە کوردییەکان چۆڵ بکەیت و هەرێمەکە تۆپباران بکەیت و زەوییەکانمان بسووتێنی، هەڵبەتە قارەمانانی ئەم خاکە تۆڵەی ئەمەت لێ دەکەنەوە و مافی ژیانت پێ نادەن.

ئەوانەی هاوکاری داگیرکەران دەکەن: باجەکەی دەدەن!

تەڤگەرەکەمان چەندین جار هۆشداری دایە ئەوانەی هاوکاری و مامەڵە لەگەڵ داگیرکەران دەکەن. ئێمە بەو کەسانەی لەگەڵ داگیرکەران دێن و هێرش دەکەنە سەرمان و دەبنە هۆی شەهیدبوونی گەریلاکان، پێیان دەڵێین؛ باجەکەی دەدەن!

ڕەوشی گشتی لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا چی نیشان دەدات:

- پلانەکانی دوژمن بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠٢١ دەستی پێ کرد، شکستی هێنا. نەک سێ هەفتە، سێ ساڵە ئەنجامێکیان بەدەست نەهێناوە.

- دەوڵەتی تورک کە بانگەشەی ئەوە دەکات خاوەنی سوپایەکی وەها مەزنە، ئێمە لەم هەرێمە تێکمان شکاند. ئێمە ئەم دەوڵەتەمان لە زاپ و لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا گەیاندە بنبەست.

- شەڕەکەی گەیشتۆتە بنبەست، تاکتیکەکەی گەیشتۆتە بنبەست: ئەمەش دەبێتە هۆی قەیرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئێمە ڕەوشی ئێستای تورکیا دەبینین. ئەو ڕەوشەی ئەمڕۆ تورکیا تێیدا دەژی، دەرئەنجامی بنبەستەکەی زاپ و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایە.

کۆنتڕۆڵ بەدەستی گەریلایە

لەگەڵ هەبوونی سەدان هەزار سەرباز و تەکنیک و خیانەتکار و خۆفرۆش و چەتە؛ بەڵام کۆنتڕۆڵی هەرێمەکە بەدەستی گەریلایە. ئەوانەی هونەری شەڕ نازانن بە هەڵە لە کۆنترۆڵکردن تێدەگەن. کۆنترۆڵ مانای هەبوونی سەربازێکی زۆر نییە لە هەرێمەکەدا. کۆنتڕۆڵ واتە هەرکات بتەوێت لە دوژمن بدەیت. ئێمە ئێستا کۆنتڕۆڵی گۆڕەپانەکە لەدەستی ئێمەدایە. خۆمان و تونێلەکانمان دەپارێزین. زیانێکی ئەوتۆمان نییە. کاتێک شەهیدبوون دەبێت، ئاشکرا دەکرێت و بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە. بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا هەزاران جار گورزمان لە دوژمن داوە. لە مانگەکانی ڕابردوودا، سەدان کوژراویان هەبووە. تەنها باسی سێ-چوار دانەیان کردووە، هەمووی دەشارنەوە.

دوایین فەرماندەیان گۆڕی، بەڵام دەیشارنەوە

لە سێ ساڵی دواییدا، تورکیا فەرماندەی سوپای گۆڕی، وەزیری جەنگی گۆڕی، فەرماندەی جووڵەی داگیرکاری گۆڕی، تەنانەت دوو جار گۆڕی. ئەگەر هەڵە نەبم، بەم دواییانە، لە ئابی ساڵی ڕابردوو بەو پاساوەی شەڕ ببەنەوە، فەرماندەیەکی نوێیان هێنا و کردیانە بەڕێوەبەری گۆڕەپانەکە. بەڵام زیانی زۆریان پێ کەوت و سەرنەکەوتن.

 بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئێمە کەوتووە، ئەویش لە ئەرکەکەی دوورخراوەتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی لەڕووی مۆراڵەوە تێک نەشکێن، هێشتا ئاشکرایان نەکردووە. وەک ئەوەی هێشتا لە شوێنی خۆی مابێت نیشانی دەدەن، بەڵام فەرماندەی دووەمی سوپا لە جێگەی دانراوە. ناوی مەتین تۆکەرە و هاتۆتە گۆڕەپانەکە. ئەو شەڕ بەڕێوەدەبات. ئەویش سەرناکەوێت.

ڕۆڵی پەدەکە: بێجگە لە هاوکاری، بووەتە بەشێک لە داگیرکاری

تێگەیشتن لە هاوکاری و دوژمنایەتی پەدەکە بەرامبەر گەل، ئیتر گوزارشت لە هیچ شتێک ناکات. پەدەکە ئێستە بەفیعلی بەشێکە لە داگیرکاری.

لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ ـەوە ڕێگەیان دروست کردووە. ئێستە دەردەکەوێت ئەم ڕێگەیەیان بۆ سوپای تورک دروست کردووە. بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک داگیرکاری ئەنجام بدات، ڕۆژانە کاروانی سوپای تورک لە دەروازەی سەرگەڵێ بەهێز دەکرێت. پەدەکە و پاسەوانانی سنوور (ئەوانیش هاوکاری دەکەن) بۆ سەرکەوتنی دەوڵەتی تورک هەموو شتێک دەکەن. ڕێگایەکیان بۆ دەکەنەوە، هاوشێوەی ڕێگای خێرای نێوان شارەکان.

 ئەوان دەیانگوت ئەو سەنگەر و بنکانەی لە دژی گەریلا دروستیان کردووە، بۆ ڕێگرتن بووە لە هاتنی دەوڵەتی تورک. بەڵام ئێستا زیاتر لە نیوەیان دراوە بە دەوڵەتی تورک. بەبێ ئەوەی دەوڵەتی تورک داواکارییەکی لەو شێوەیە بکات، ئەوەیان پێ بەخشین. نیوەکەی تر پێکەوە بەکاردەهێنرێن. میت و زێرەڤانی و سەربازەکان لە یەک بنکەدان.

لە هێرشەکانی سەر بەهار و سەرگەڵێ، عێراق و پەدەکە سەرجەم ڕێگە فەرمیەکانیان کردەوە. بە ئاشکرا ڕێگایان بۆ داگیرکەران کردەوە.

سوپای تورک سەرەتا دێت و لە بنکەکانی پەدەکە نیشتەجێ دەبێت، پاشان تەقەمەنی و زرێپۆشی زیاتر دەھێنێت. پاشان هێرش دەکاتە سەر سەرگەڵێ. هەموو ئەو حەشارگە کۆنکرێتیانەی کە هەن، هی پەدەکەن. پاشان دەیدەن بە سوپای تورک. هەم یارمەتیان دەدەن و هەمیش کۆیلایەتییان بۆ دەکەن. بەڕاستی شەرمەزارییەکی گەورەیە بەناوی گەلی کوردەوە.

بەهێزبوونی چەتەکانی داعش

ئەوەی وتەبێژی یەنەکە گوتی دەربارەی هێنانی ٣٠٠ چەتەی داعش بۆ هەرێمەکە، ڕاستە. بەڵێ هێنراون بۆ هەرێمەکە. بەڵام لەبەرئەوەی داعش بە دڕندەییەکەی دەناسرێتەوە، بۆیە لەژێر ناوی ئەلنوسڕە هێنراون. زانیاری ڕوونمان لەم بارەیەوە هەیە. هەمووان دەزانن هەموو ئەمانە ڤێرژنی جیاوازی پاشماوەی قاعیدەن. کڵاوێک دەکەنە سەریان و دەبنە داعش، کڵاوێکی تر دەکەنە سەریان و دەبنە ئەلنوسڕە، هەموویان چەتەن و ئەم زانیارییانە ڕاستن.

وەڵام بۆ ئەو پەدەکەییانەی دژی داگیرکاریین

جاروبار پەدەکەییەکان پەیاممان بۆ دەنێرن. پەیامی وەهامان بۆ دەنێرن "کاتێک باسی هاوکاری دەکەن، دەڵێن پەدەکە، ئاخر ئێمەش لەناو پەدەکەین. ئێمە دژی داگیرکارین. مەڵێن پەدەکە، بڵێن بنەماڵەی بارزانی". ئێمە باوەڕ بە ڕاستگۆییەکەیان دەکەین، بەڵام وەها نابێت. ئەگەر دڵسۆزی گەلەکەتانن، سەرەتا پارتەکەتان ڕەخنە بکەن. پێویستە بڵێین "ئەی بەڕێوەبەرانی پەدەکە، بۆچی ئەم وڵاتە پێشکەش بە داگیرکەران دەکەن، ئاخۆ ئەو هەموو قوربانیەمان بەخشی تا دەوڵەتی تورک بێت و ئێرە داگیربکات، ئایا بۆ ئەمە خوێنمان ڕشت"، دەبێت ناڕەزایەتی نیشان بدەن. پەدەکە بەم کارانەی ئێستە، دەیەوێت هەموو ئەندامانی پەدەکە بە تۆمەتباری بهێڵێتەوە. ئێمە دەمانەوێت بەم جۆرە وەڵامی ئەو پەیامانەی ئەوان بدەینەوە".