وەزارەتەکەی پەدەکە لە بری پاراستنی مانگرتووان چەواشەکاری مافەکانیان دەکات!

لە دوای ١٣ ڕۆژ لە مانگرتنی مامۆستایان، ئەمڕۆ بە مەبەستی ڕۆشتنە هەولێر مامۆستایانی مانگرتوو بەرەو شاری هەولێر بەڕێکەوتن، لە پاش گەیشتنیان بە بازگەی دێگەڵە هێزەکانی پەدەکە بە توندوتیژی ڕێگرییان لە پەڕینەوەی مامۆستایان کرت.

لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی دەسەڵاتداری باشووری کوردستان (حکومەتی کاربەڕێکەر)، کە لە پشکی پەدەکەیە، لە بری پاراستنی گیانی مانگرتووان کە هەموو جۆرە توندوتیژییەکان لە بازگەی دێگەڵەی سەر بە پەدەکە دەرحەق ئەنجامدرا (لێدان، هەڕەشە و ڕژاندنی گازی فرمێسک ڕێژ) لە ڕاگەیاندرواێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لایەنی دەرەکی بەکاریان دەهێنن و لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن."

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی پەدەکەدا هەوڵی چەواشەکردنی داوا ڕەواکانی مانگرتووان دەدات و دەڵێت: "ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە، کۆمەڵێک کەس و لایەنی دەرەکیی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە  بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن و بەمەش داواکارییە ڕەواکانی فەرمانبەران تێکەڵ بە مەرامەکانیان دەکەن."

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هەوڵەکانی مامۆستیان بە گێرەشێوێنی ناوهێنراوە و دەڵێت: "هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕێگرییان لێ دەکرێت و هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان بێت ڕێگەی پێ نادرێت."

ئەم ڕاگەیاندراوەی وەزارەتی ناوخۆ، لە کاتێکدا تیمی پشتیوانیی مانگرتووان له‌ په‌یامێكییان بڵاوکردەوە تێیدا باسییان لە هەوڵەکانیان کردووە و دەڵێت "ئێمه‌ ئه‌مڕۆ هاتین له‌ پایته‌خته‌وه‌ جاڕی به‌ده‌مه‌وه‌هاتن و ویژدان ڕاته‌كاندن، بۆ ڕزگاركردنی گیانی مانگرتووانی هاوڕێ خۆڕاگره‌كانمان بده‌ین."

ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كرد‌ووە، "گیانی هاوڕێیانی مانگرتوومان له‌ مه‌ترسیدایه‌؛ ئه‌گه‌ر كه‌رامه‌ت و ئه‌خلاق و ویژدانتان ماوه‌! به‌ زوویی داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا سوێند به‌و خودایه‌ی فیرعه‌ون و هامان و زوحاك و سه‌دام و قه‌زافی و ئه‌سه‌دی كرد به‌ په‌ندی زه‌مانه‌؛ گیانی هه‌ر هاوڕێیه‌كمان به‌رامبه‌ره‌ به‌ گیانی سه‌دان تاڵانكار و پیسخۆر و نۆكه‌ری وه‌ك ئێوەیە‌ و ژیانی یه‌ك به‌یه‌كتان ئه‌شێوێنین."

هەر لە پەیامەکەدا ڕووی دەمییان لە پەدەکە کردووە و بە خێڵگەرا ناوهێندراون و دەڵێت: "ئێوه‌ چونكه‌ به‌ كلتووری خێڵه‌كی و ته‌سكبینی حوكمڕانی ئه‌كه‌ن؛ له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ده‌م داوا سه‌ره‌تاییه‌كانی ئه‌وان و ته‌واوی موچه‌خۆرانه‌وه‌ بێن؛ وه‌ك پیشه‌یی هه‌میشه‌ییتان ته‌خوین و تۆمه‌ت ئه‌به‌خشنه‌وه‌. له‌ كاتێكدا خودی خۆتان ئه‌هریمه‌نی خیانه‌ت و چاوشۆڕی و ئه‌ڵقه‌له‌گوێی و نۆكه‌رین."