وەزارەتی پێشمەرگە سەریسوڕماوە لە بەرانبەر وتەکانی وەزیری تورکیا!

دوای چەند ڕۆژ لە بێدەنگیی، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی وەزیری بەرگریی تورکیا دەداتەوە و دەڵێت، گوایە ئینکارکردنی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە جێگای سەرسوڕمانە!.

دوای چوار ڕۆژ لە بێدەنگییکردن لە قسەکانی خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا، کە نکۆڵیی هەبوونی جوگرافیایەکی بەناوی کوردستان کرد، ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاگەیەندراوێک وەڵامی ئاکاری دایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە”وتەكانی خلوسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا لەمەڕ ئینكاركردنی كوردستان جێگەی سەرسوڕمانە”.

وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت”بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە كەسێك لە پێگەیەكی فەرمیی دەوڵەتدا ڕێگە بە خۆی بدات ئینكاری واقیعێكی مێژوویی و دیموگرافی و جیوگرافی بكات كە لە ڕاستیدا خۆشی قەناعەتی پێی نییە.

 ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دوای ئەوە هات، کە کاردانەوەیەکی بەرفراوان لەناو خەڵکدا دروستبوو، دەیان ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیی لەسەر قسەکانی ئاکار دروستکرا و ڕەخنە لە بێدەنگیی حکومەتی هەرێم گیرا.

ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، کە قسەکانی خلوسی ئاکار بۆ وەزارەتی پێشمەرگە جێگای سەرسوڕمان بێت، چونکە بە سەدان جار بەرپرسانی دەوڵەتی تورک، هەمان قسەیان کردووە و نکوڵییان لە بوونی کوردستان کردووە، بەردەوامیشن لە کۆمەڵکوژکردنی کورد و داگیرکردنی خاکی کوردستان.

ف.ق