یادی تاهیر ئەلچی کرایەوە

لە ئامەد لە ساڵیادی شەهیدکردنیدا، یادی تاهیر ئەلچی سەرۆکی پێشووی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد کرایەوە.

پارێزەر تاهیر ئەلچی ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لەکاتی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی لەبەردەم منارەی (چوارلنگ)-ی ناوچەی سوری شاری ئامەدی باکوری کوردستان شەهیدکرا.

لە شەشەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ئەلچیدا، پارێزەران بە جلی پارێزەریەوە لەبەردەم دادگای ئامەد کۆبونەوە و تاوەکو ئەو جێگەیەی ئەلچی لێی شەهیدکرا، ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

تورکان ئەلچی هاوسەری تاهیر ئەلچی، ساڵحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی دەبەپە، ئەبرو گونای گوتەبێژی هەدەپە، سەزگین تانرکولو پارلەمەنتەری جەهەپە و سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئەنقەرە، ئیزمیر، ئەدەنە، مێرسین، ئانتاڵیا، سینۆپ، ئایدن و ئامەد ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون.

پارێزەران پانکارتی 'لەبیرت ناکەین'-یان بەرزکردەوە و دروشمی 'تاهیر ئەلچی نەمرە'-یان وتەوە.

دوای ڕێزگرتن، نیهاد ئەرەن سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد قسەی کرد وتی، "هەرچەندە هەوڵ دەدرێت، تاوانەکە پەردەپۆش بکرێت، بەڵام هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین کە رووداوەکە ئاشکرا بکرێت و بۆ ئەوەش ئێمە بەڵێن بە ڕای گشتی کوردستان و تورکیا دەدەین."

دواتر تورکان ئەلچی هاوسەری تاهیر ئەلچی قسەی کرد و وتی، "٦ ساڵە ئێمە داوای ئاشکراکردنی بکوژان و رووداوەکە دەکەین، بەڵام دەسەڵات کەڕە و وەک ئەوەی بۆ دیوارێکی چیمەنتۆ قسە بکەین وایە. تاوەکو ئێستاش دەنگی گولەکان لە گوێ ئێمەدایە."

ف.ق