ئاگری دارستانەکانی مەریوان تا دێت تەشەنە دەستێنێت و تارانیش ھیچ ھەنگاوێک نانێت

ئاگری دارستانەکانی شاری مەریوان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە ڕووبەڕێکی فەراوان و لە سێ ناوچەی جیاجیا لە تەشەنە سەندندایە و دەوڵەتی ئێرانیش، ڕۆڵێکی ئەوتۆ لە دامرکاندنی ئاگرەکە ناگێڕێت.

لە ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردووەوە، لە سێ شوێنی دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەی مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاگر کەوتووەتەوە، کە بریتین لە ناوچەی دەرەوەران، ئاسنەوە و سەرشیو، دواتر ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و زۆربەی سنوورەکەی گرتووەتەوە.

بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لەلایەن ژینگەپارێزانی ئەنجوومەنی سەوزی چیاوە، بە بەردەوامی هەوڵی کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەدرێت و سەفەربەرییان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە ڕاگەیاندووە، دەمودەست لە تەواوی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ژینگەپارێزان چوون بە هانایانەوە و بە وتەی خۆیان لە ئێستادا، زیاتر لە ٥٠٠ ژینگەپارێز لەسەر ھەوڵدان بۆ ڕێگرتن لە ئاگرەکە.

بەگوێرەی ئامارێکی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ هێکتار دارستان، پوش و پاوان سووتاون، هەروەها ژنان ڕۆڵێکی بەرچاو و گەورەیان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا گێڕاوە.

مانگی ڕابردوو بەهۆی هێرشەکانی ڕژێمی ئێرانەوە بۆسەر ناوچەی کۆساڵان، نزیکەی ١٠٠هێکتار دارستان، پوش و پاوان سووتان، لە ناوچەی مەریوانیش بەم دواییە، ناوە ناوە دارستانەکانی زاگرۆس دەسووتێنرێن، بە وتەی چالاکوانانی ناوچەکە، ئەم ئاگرە دەستی ڕژێمی ئێرانی تێدایە و دەیانەوێت ژینگەی کوردستان وێران بکەن و ئەو ناوچانە لەلایەن خەڵکەکەیەوە چۆڵ بکرێن، لە کوژاندنەوەشیدا ڕۆڵێکی ئەوتۆ ناگێڕن.

سووتاندنی دارستانەکانی زاگرۆس، هاوکاتە لەگەڵ به‌ ئه‌نقه‌ست سووتاندنی دارستانه‌كانی چیای جودی و به‌ستای سه‌ر به‌ شڕنه‌خی باکووری کوردستان، لەلایەن سه‌ربازانی سوپای تورکی داگیرکەرەوە.

ژ.ن