ئاگری نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی گەشایەوە

لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاگری نەورۆز بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' گەشایەوە. لە زۆر شار چالاکی ئەنجامدران. جەماوەر هەروەها بە سەردانکردنی گۆڕستانەکان و دانانی چەپکەگوڵ لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانەکەیان کرد.

لە سەرجەم ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئاگری نەورۆز كرایەوە و ڕەنگ و دروشمەكانی سەرهەڵدان و یادی گیانبەختكردووان، بەسەر مەراسیمەكانی ئەمساڵی نەورۆزدا زاڵ بوو.

لە شاری سەقز، خەڵک سەردانی گۆڕستانیان کرد، بەتایبەتی بنەماڵەی ژینا ئەمینی و سەدان کەس لە چالاکوانان و هاوڵاتیان چوونە سەر گۆڕی ئەو کچە کوردەی بوو بە هێمای سەرهەڵدانی ژن، ژیان ئازادی و لە سەر گڵکۆکەی یادی کرایەوە و نەورۆز لە بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانەکە پیرۆز کرا.

لە مەراسیمەكەدا سرودی شۆڕشگێڕی و دروشم دژی دەسەڵات وترانەوە و جەخت لە درێژەدان بە سەرهەڵدانەكە تا گەیشتن بە ئامانجەكانی كرایەوە. هەر لەو شارە لە سەر یەكێك لە بەرزاییەكانی ئەو شارە بە ئاگر ناوی ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان نوسرابوو.

لە شارەكانی وەك سنە و بۆكانیش دایكانی گیانبەختكردووان بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی و شەهید نامرن”، ئاگری نەورۆزیان كردەوە و لە سەرگڵكۆی گیانبەختكردووانیش مەراسیمی یادكردنەوە بەڕێوەچوو.

هەروەها شەوی ڕابردووش لە شارەكانی وەك سنە، مهاباد، پیرانشار، شنۆ، بۆكان، سەقز، دێوڵان، كامیاران و چەند ناوچەیەكی دیكە، گەنجان ڕژانە شەقامەكان و بە وتنەوەی دروشمەكانی وەك “ژن، ژیان، ئازادیی و نەمان بۆ داگیركەر” توڕەیی و بێزاری خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵات نیشاندا.

بەپێی چەند سەرچاوەیەك و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوكراونەتەوە، لە بەشێك لە شارەكان بەتایبەتی سنە، دێوڵان، بۆكان و سەقز، بەهۆی هێرشیهێزەکانی دەوڵەت بۆ سەر گەنجان ئاڵۆزی روویداوە و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەر برینداربوون.

هـ . ب