ئامە بۆ نەورۆز ئامادەیە

محەمەد بەکر هاوسەرۆکی دەبەپە لە ئامەد رایگەیاند، "بۆ ٢١ی ئادار هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون و رێوشوێنگیراونەتەبەر. داوا لە گەلەکەمان دەکەم، بە جلوبەرگی کوردی و جەماوەری و بە کۆدی (HES) و کەمامەوە بەشداری ئاهەنگی نەورۆز بکەن".

کوردستانیان دەستیان بە پیرۆزبایی نەورۆز کردووە و وەک هەموو ساڵێک، ئەمساڵیش لە ٢١ی ئاداردا بە بەشەداریی سەدان هەزار کەس نەورۆزی ئامە بە جۆش و خرۆشەوە پیرۆز دەکەن.

پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و بزووتنەوەى ژنانی ئازاد (تەژا) لە کۆمیتەى ئامادەکاری نەورۆزدا بەشدارن. نەورۆزی ئەمساڵ بە دروشمی "بە ئاگری نەورۆز خۆڕاگری بکەن و ئازادی بەدی بهێنن" لە پارکی نەورۆز لە رەزان پیرۆز دەکرێت.

ئەندامی کۆمیتەى ئامادەکاری نەورۆز زەلال بیلگین رایگەیاند، بۆ نەورۆز هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون و بۆ ئەوەش دەیانەوێت داوا هەموان بکەن، کە روو لە گۆڕەپانەکانی نەورۆز بکەن و هیچ کەسیش نابێت کۆدی پشکنینی تەندروستیی کۆرۆنا (HES)ی لە بیر بچێت، چونکە ناچارییە و ئێمەش بە کۆدی پشکنینی تەندروستیی کۆرۆنا (HES)ەوە ئامادە دەبین.

محەمەد بەکر ئەندامی کۆمیتەى ئامادەکاری نەورۆز و هاوسەرۆکی دەبەپە لە ئامەد رایگەیاند، نەورۆز بۆ گەلی کور گرنگە و بە مانای تێکۆشانی هەبوونە. نەورۆز بۆ کوردان هەم جەژنە و هەمیش سیبمولی بەرخودان و بەرەنگارییە.

"هەموو رێوشوێنێکی ئەمنی گیراوەتەبەر"

بەکر رایگەیاند، ساڵی رابردوو بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە گەلی کورد نەورۆزی پیرۆز نەکرد و وتی، "لەبەر ئەوە وزەیەکی زۆر لە گەلەکەماندا کۆبووەتەوە. بۆ ئەوەش گەلەکەمان دەیەوێت نەورۆز لەسەر بنەمای ئازادی بە گۆڤەند و هەڵپەڕکێ و هەلهەلە پیرۆز بکات. ئێمەش هەموو ئامادەکارییەکانمان تەواو کردوە. هەروەها بۆ گەلەکەمان، کە لە دەرەوەی ئامەد دێن بۆ پیرۆزبایی نەورۆز، هەموو رێوشوێنەکان بە رێوشوێنێ ئەمنیشەوە گیراونەتەبەر و هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون".

کەمامە و کۆدی پشکنینی تەندروستیی کۆرۆنا ناچارییە

بەکر لەبارەی رێوشوێنەکانیانەوە بۆ نەورۆز وتی، "بۆ ئێمە گرنگ ئارامی و ئاسایشی گەلەکەمانە، کە بەشداری لە نەورۆزدا دەکەن. ئاسایش ئەوەیە، کە دەبێت لایەنی تەندروستی بە باشی لە بەرچاو بگیردرێت. بۆ ئەوەش تکا لە گەلەکەمان دەکەین، بەبێ ماسک و کەمامە نەین بۆ گۆڕەپانەکانی نەورۆز. هەروەها کۆدی پشکنینی تەندروستیی کۆرۆنا (HES) لە بیر نەکەن. ٥ دەروازە لە گۆڕەپانی نەورۆزدا هەیە. ئێمە لەوێ دەبین، ئەو کەسانەى بێ ماسک دێن، ئێمە کەمامەیان پێدەدەین، بەڵام سەرباری ئەوەش دەبێت هەموو کەس کەمامەى پێ بێت. هەروەها پاککەرەوە و دەرمانڕژاندن و تەعقیمکردنیشمان هەیە".

بەکر باسی ئەوەیکرد، هەموو رێوشوێنە ئەمنییەکان گیراونەتەبەر و ئەرکی سەر شانی ئێمە و ئێوەشە، کە جێبەجێی بکەین و دەبێت هاووڵاتییانش هۆشیار و هەستیار بن و وتی، "ئێمە باس لە سەدان هەزار کەس دەکەین. لە هیچ شوێنێکی جیهاندا پلان بۆ پیرۆزبایی نەورۆز بەو ژمارە زۆرە لە جەماوەر نییە و دانەنراوە. بۆ ئەوەیە داوا لەگەلەکەمان دەکەین، کە لەسەرخۆ و بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵواڵەوە بەشداری پیرۆزبایی نەورۆز ببن. ئێمە پیرۆزبایی نەورۆز لەسەر بنەمای ئازادی و جەژن بەڕێوەدەبەین. بۆ ئەوەش بەشداربوونی هەمووان لەسەر ئەو بنەمایە گرنگە. کاتێک لە گۆڕەپانەکەدا کێشەیەک روویدا، دەبێت گەلەکەمان خۆیان بە ئەرکداران لە گۆڕەپانەکاندا بگەیەنن".

ژ.ت