ئامانجەکانی پشت هێرشەکانی تورکیا و پەدەکە بۆ سەر گەریلا چین؟

تورکیا بە هاوکاریی پەدەکە هێرشێکی چڕی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستپێکردووە و هەموو تەکنیکێکی سەربازیی لەو هێرشانەدا بەکاردەهێنێت، شرۆڤەکاران و سیاسەتمەداران خوێندنەوەی فرە ڕەهەند بۆ ئامانجەکانی پشت ئەو هێرشەی تورکیا دەکەن...

تورکیا بە هاوکاریی پەدەکە هێرشێکی چڕی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستپێکردووە و هەموو تەکنیکێکی سەربازیی لەو هێرشانەدا بەکاردەهێنێت، شرۆڤەکاران و سیاسەتمەداران خوێندنەوەی فرە ڕەهەند بۆ ئامانجەکانی پشت ئەو هێرشەی تورکیا دەکەن، کە کاریگەرییەکانی نەک تەنها سێکتەری سەربازیی، بەڵکو سێکتەرەکانی ئابووریی، سیاسیی و نەتەوەیی دەگرێتەوە.

دوای شکستی دەوڵەتی تورکیا لە هێرشی ٢٣ی نیسانی ساڵی ڕابردوو، کە زیاتر لە شەش مانگ درێژەی کێشا و ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینای گرتەوە، ئێستا تورکیا هێرشێکی نوێی داگیرکاریی بۆ سەر ئەو ناوچانە دەستپێکردووەتەوە و دەیەوێت ئەو ئامانجانە تەواو بکات، کە ساڵی پار بەرخۆدانی گەریلاکان نەیهێشت بەدیبهێنێت، ئێستاش تورکیا ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوەیەکی بەهێزی گەریلاکانی کوردستان بووەتەوە، بەتایبەتی لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا چالاکییە پارتیزانییەکانی گەریلا سوپای تورکی ناچارکرد لە چەندین گرد و ناوچە بکشێتەوە، کە پێشتر هێزی لێ جێگیرکردبوون.

بۆیە تورکیا لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵ کەوتە جموجۆڵ بۆ هێرش و داگیرکاریی نوێ، بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر لێی شکستی خواردبوو، بەڵام هەر زوو پیلانەکانیان لەلایەن کەجەکەوە ئاشکرا کرا، ڕۆژی ٢٧ ئاداری ئەمساڵ کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) زانیاریی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: تورکیا پیلانی داناوە لە ١٥ نیسان بەدواوە بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێرشێکی نوێی داگیرکاریی دەست پێ بکات.

 گەریلا وڵامی بەهێزی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەداتەوە

وەک چاوەڕێ دەکرا تورکیا هێرشە داگیرکارییەکەی دەستپێکرد، لەو کاتەی کە پێشتر کەجەکە ئاماژەی پێکردبوو، هاوکات ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەسەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بەرخۆدانی گەریلا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە:"سوپای تورکی داگیرکەر چەند مانگێکە لە زەویی و ئاسمانەوە بۆردوومانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەکات، لەم ڕۆژانەی دواییدا بۆردوومانی چڕ و قورسی ئەنجامدا بە تایبەتی بۆ سەر ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ و لە ١٤ و ١٧ی نیساندا ئەو بۆردومانانە چڕتربوونەوە، ئێوارەی دوێنێ ١٧ی نیسان سوپای تورک هێرشێکی داگیرکاریی کردە سەر ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ".

هاوکات هەپەگە ئاماژەی بەوەش کردووە: لە ئەنجامی بەرپرچدانەوەی هێزەکانیان لە دژی داگیرکەرانی تورک تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ٤٤ سەربازی داگیرکەر سزا دروان.

"هێرشەکان سەد گوندی باشوری کوردستانی گرتووەتەوە"

عەسام عەبدولڕەحمان، ڕۆژنامەوان لە نزیک گۆرەپانی شەر دەربارەی کاتی دەستپێکردن و چۆنییەتی دەستپێکردنی ئەو هێرشە داگیرکارییەی تورکیا بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: نزیکەی ١٠ ڕۆژ زیاترە بە بەردەوامیی دەوڵەتی تورکیا بە چڕی لە ڕێگەی فڕۆکە و تۆبخانەوە سنووری قەزای ئامێدی بە تایبەتی شارەدێی شیلادزێ بۆردوومان دەکات، کە پێ دەگوترێت دەڤەری (نەهێلی و ڕێکانی)، ئەو هێرشانە نزیکەی سەد گوندی ناوچەکەی گرتووەتەوە، خەڵک ناتوانن سەردانی گوندەکانی خۆیان بکەن، بەتایبەتی لەو وەرزە کە خەڵک دەچێت بۆ کۆکردنەوەی گژ و گیای بەهارە."

"کۆپتەرکانی تورکیا لە نێوان قەزای ئامێدی و  چیایی گارەی باشوری کوردستان هاتن و ناوچەکەیان بۆردوومان کرد"

دەربارەی کاتی دەستپێکردنی هێرشەکان، ناوبراو وتی: دوێنێ شەو (شەوی ١٧ لەسەر ١٨ی نیسان) کاتژمێر ٩ی شەو لە هەرسێ ناوچەی دەڤەری ڕێکانی، نەهێلی و بەرورای بەڵا تورکیا دەستی بە هێرش کرد و بەچڕیی ناوچەکەی بۆردوومان کرد،  دوای بۆردوومانەکان لە ڕێگەری ٨ کۆپتەری جەنگیی، کە لە ناوچەی نێوان چیای گارە و قەزای ئاماێدی هاتن بۆ سەرە دەڤەرەکە، هێرشیان کردە سەر چیای کوڕەژارۆ، کە ئەو چیایە دەکەوێتە سنووری نەحیەی شیلادزێ، لە کاتی هێرشەکە بە شێوازێکی هەڕەمەکیی هێرشیان کرد، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ڕەوشی هاوڵاتیانی مەدەنیی بکەن.

"پەدەکە هێزی جوڵاند بۆ هاوکاری تورکیا"

هاوکات لەکاتی هێرشەکانی تورکیا بۆ ناوچەکە دیمەنی جموو جۆڵی هێزە چەکدارەکانی پەدەکە لە ڕاگەیاندنەکانی باشوری کوردستان بڵاوکرایەوە، کە دەستی بە جموجوڵ کردووە بۆ گەمارۆدانی گەریلا، عەسام عەبدولڕحمان ئاماژەی  بەوەش کرد:"ئەو دەڤەرانەی ئێستا تورکیا هێرشیان بۆ دەکات، ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزی زێرەڤانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان گەمارۆ دراون پێشتر دەوربەری ئەو ناوچەیان کۆنترۆڵکردووە."

"پەدەکە ڕێگری لە ناڕەزایەتی گەلی شیلادزێ دەکات "

ئەو ڕۆژانامەوانە سەرنجی خستەسەر دۆخی هاوڵاتییانی شیلادزێ لە ئەنجامی ئەو هێرشە داگیرکارییە و وتی:" هاوڵاتییانی شیلادزێ بەهۆی ئەو  هێرشانەوە زۆر نیگەرانن، بەڵام بەهۆی ڕێگریی دەسەڵاتەوە ناتوانن ناڕەزایەتییەکانیان دەرببڕن، چونکە لە ئەگەری ناڕازیەتیی دەربڕین، دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە تۆمەت بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات و زیندانییان دەکات، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی هاوڵاتیان لە دۆخێکی دەروونیی ناخۆش دا بژین، هیچ ڕێگایەکی ژیانیان نەهێشتووەتەوە، دەسەڵات تەنها یەک ڕێگەی لە پێش گەل هێشتووەتەوە، کە ناوچەکەیان چۆڵ بکەن، وەک چۆن پێشتر گوندەکانیان پێ چۆڵ کرا، یاخود لە شیلادزێ بمێننەوە، بەڵام نابێت لەسەر ڕێگا گشتییەکان لابدەن بچن بۆ گوندەکانی خۆیان، چونکە لە ئەگەری لادان لەسەر ڕێگای گشتیی و چوونیان بۆ گوندەکانیان، ڕاستەوخۆ دەبنە ئامانجی بۆردوومانی سوپای تورکیا و گیان لەدەست دەدەن."

"هێرشی داگیرکردنی باشوری کوردستانە"

کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە ئەو هێرشانە وەک هێرشی داگیرکردنی باشووری کوردستان پێناسە دەکات، زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەی کەجەکە دەربارەی ئامانجی ئەو هێرشە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: ئەو هێرشە پێناسەکەی ئەوەیە، هێرشی داگیرکردنی باشووری کوردستانە، هێرشی لکاندنی ویلایەتەکانی موسڵ و کەرکوکە بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی نوێوە بە سەرۆکایەتیی خەلیفە ئەردۆغان."

ئاماژەی بەوەشکرد: "خۆڕاگریی گەریلا لەهەمان کاتدا پاراستنی باشووری کوردستان و هەموو گەلی کوردستانە، هێرشی تورکیا هێرشێکی داگیرکاریی و جینۆسایدە بۆ تەواوی گەلی کورد، پێوستە هەموو حزبەکانی باشووری کوردستان ئەو هێرشە دژی خۆیان ببینن، ئێستا ئامانج گەریلایە، سبەینێ ئامانج دەبێتە هێزەکانی دیکە."

"پەدەکە ئاشبەتاڵ دووبارە دەکاتەوە"

نیاز حامید شرۆەڤەکاری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەربارەی ئەو هێرشە قسەی کرد و پێیوایە: "هێرشێکی داگیرکارییە بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە، بەتایبەت پارتی (پەدەکە)گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی بپارێزێت و ئاشبەتاڵ بکات، دەیەوێت دەوڵەتی تورک باشووری کوردستان داگیربکات، ئەو تاڵانییەشی کە لەسەر قووتی خەڵک کردوویەتی، تێیدا بزری بکەن."

هاوکات ناوبراو سەرەنجی ڕاکێشایە سەر کردارەکانی پەدەکە و وتی :" پارتی دەیەوێت تورکیا میساقی میللـی جێبەجێ بکات و کەرکوک و موسڵ و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان بخاتە ژێردەستی خۆیەوە، بەڵام پەکەکە و گەریلا دەیەوێت ئەو پیلانەی دەوڵەتی تورک و پارتی تێکبدات، تێکدانی ئەو پیلانەش پێویستی بەوە هەیە لەڕووی سەربازییەوە بەرامبەری بووەستێتەوە، بۆیە تاکە هێزێک کە دەیەوێت ئەو دەستکەوتانەی گەلی کورد بپارێزێت، تەنها پەکەکەیە."

"تورکیا لە قەیرانی قوڵی ئابوریدایە"

ئەم هێرشانەی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان لەکاتێکدایە، کە ناوخۆی تورکیا دووچاری چەندین قەیران بووەتەوە، داستان جاسم، لێکۆڵەری سیاسیی پێیوایە ئەم دۆخە وادەکات ئابووریی تورکیا تووشی داڕووخانی زیاتر ببێتەوە و دەڵێت: تورکیا خۆی لە ناو کێشەیکی زۆر قوڵداییە، ڕێژەی بێکارییی زۆر بەرزبووەتەوە، هاوکات نرخی لێرە زۆر دابەزیوە، تورکیا ئێستا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ژیان تێدا زۆر قورسە و ڕەوشی ئۆکرانیاش کاریگەری لەسەر تورکیا هەیە، چونکە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پێشتر لە هەریەک لە ڕووسیا و ئۆکرانیا کەلوپەل و کاڵای بۆ دەهات، بەڵام ئێستا ئەو وڵاتانە ناتوانن وەک پێشتر هەناردە بکەن، ئەوەش کاریگەریی لە تورکیا دەکات لە ڕووی ئابوورییەوە و بەرەو خراپی دەڕوات، هاوکات تورکیا لە هەریەک لە ئازەربایجان، لیبیا و سووریاش بەرەی شەڕی هەیە، ئەوەش هەموو کاریگەریی لە تورکیا دەکات، کە ئابووریی بەرەو خراپتر ببات."

ئەو لێکڵەرە سیاسییە ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەو دۆخە خراپە ئابوورییەی کە لە تورکیا هەیە وای کردووە ناڕەزایەتیی لەناو کۆمەڵگە دروست ببێت، بۆیە ئەردۆغان هەوڵ دەدات بە دروستکردنی ئەو شەرە بۆ پێش هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو، دەنگی تورکە فاشیستەکان کۆبکاتەوە، لەلایەکی ترەوە هێرشەکانی تورکیا پەیوەندی بە دۆخی ناوخۆی عێراقیشەوە هەیە، ماوەی شەش مانگ تێپەر دەبێت بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام تا ئێستا حکومەت پێکنەهاتوە، تورکیا لەناوخۆی عێراق پشتیوانیی بەرەی خەمیس خەنجەر و بارزانی دەکات، بەو هێرشانەی هەوڵ دەدات پەیام بە شیعەکانی عێراق بدات، کە تورکیا هێزە لە ناوخۆی عێراق."

"ئەو چەکدارانەی هێرش دەکەنە سەر گەریلا پێشمەرگە نین"

لە ناوخۆی باشووری کوردستانیش کاردانەوەی زۆر هەیە دژی ئەو هێزانەی پەدەکە، کە لەگەڵ تورکیا بەشداریی شەڕ دەبن دژی گەریلاکانی کوردستان، هاوڵاتیان ئەو چەکدارانەی پەدەکە بە خیانەتکار و بەکرێگیراو وەسف دەکەن و دەڵێن: نابێت ئەو کەسانە ناوی پێشمەرگە بزڕێنن و خراپی بکەن، چونکە پێشمەرگە هێزی پاراستنی کوردستانە نەک هێزی بەکرێگیراو ڕادەستکردنی کوردستان.

لەو بارەیەوە حازم عەلی ناسراو بە حازم کوتەک، پێشمەرگەی دێرین بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دەڵێت: هەرگیز ئەوانە پێشمەرگە نین کە دەستیان دەچێتە خوێنی گەریلا، ئەوانە لە (گورگەمێش خراپترن)، نابێت پێشمەرگە دێرینەکان قبوڵ بکەن ئەوانە ناویان پێشمەرگە بێت، چونکە ئەوانە لە کۆیلە و پیاوی حزب زیاتر هیچی دیکە نین، ئەوانەی شەڕی پەکەکە بکەن، کوڕی ئەو حزبانەن کە نۆکەری تورکیان.

ئەو پێشمەرگە دێرینە پارچە شیعرێکی هەژار موکریانی وەک نموونەی خیانەتی پەدەکە بەبیر دەێنیتەوە دەڵێت:

چ ناپیاون ئەوانەی سوود پەرەستن

دژی خاوەن دڵی شەیدا دەوەستن

نەفرەت لەو سەگانەی گورگە مێشن

کەلاک بۆ گورگی برسی ڕابکێشن.

"پێوستە پشتیوانی گەریلا بکرێت"

داوا دەکرێت لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا، گەل خاونداریی لە گەریلا بکات، لەو بارەیەوە زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کەجەکە دەڵێت: "خۆڕاگریی گەریلا لەهەمان کاتدا پاراستنی باشووری کوردستان و هەموو گەلی کوردستانە، هێرشی تورکیا هێرشێکی داگیرکاریی و جینۆسایدە بۆ تەواوی گەلی کورد، پێوستە هەموو حزبەکانی باشووری کوردستان ئەو هێرشە دژی خۆیان ببینن، ئێستا ئامانج گەریلایە، سبەینێ ئامانج دەبێتە هێزەکانی دیکە."

هەر لەو چوارچێوەیە نیاز حامید دەڵێت: گەلی کوردستان نابێت گەریلا بەتەنها جێبهێڵیت، دەبێت پشتیوانیی لێبکات و بە ڕێ و ڕێبازی جیاجیا پشتیوانیی لێ بکات، چونکە گەریلا نوێنەرایەتیی ویژدانی کوردیی دەکات، پێویست دەکات هەموومان پشتیوانیی لێ بکەین."

ژ.ت