ئاماری مانگانەی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوە

بە گوێرەی نوێترین ئاماری پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا ١٤ چالاکوان دەستگیرکراون و سزای لەسێدارەدان بەسەرزیندانییەکی سیاسیدا سەپێندراوە و سێ کاسبکاریش کوژراون و دوو کۆڵبەریش گیانیان لەدەستداوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری پێشێلکارییەکانی مانگی خاکەلێوە (٢١ی ئادار بۆ ٢١ی نیسان)ی بڵاوکردەوە، بە گوێرەی ئامارەکە لەو ماوەیەدا لانیکەم ١٤ چالاکوان و هاووڵاتی کورد لە شارە جیاجیاکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و خوراسانی رەزەوی بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنیەتی دەستبەسەرکراون.

هەر بەپێی ئامارەکە لەو مانگەدا زیندانیەکی سیاسی کورد بە ناوی نایب عەسکەری لەلایەن لقی سێیەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “شەڕ لە دژی خودا” لە رێگەی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، هاوکات مامۆستایەکی ئایینی سوننە و هاووڵاتییەکی دیکە لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی هەمەدان و دادگایەکی کرماشانەوە سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا لەبارەی پێشێلکارییەکانی مانگی رابردوودا هاتووە: لەو ماوەیەدا لانیکەم سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی بێهزاد عەزیزی، ئازاد رەزایی و عەینوڵا قادر نژاد بە گومانی هەبوونی باری قاچاخ یان نەبوونی بەڵگەنامەکانی ئۆتۆمبێل لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی سوپای پاسدار و پۆلیس لە جادە و شەقامەکانی بانە، سنۆ و کرماشان کوژراون.

لە ناوچەی سنووریی بانەی سەر بە پارێزگای سنە دوو کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەنداوی کێلێی ئەو شارە نوقم بوو و تەرمی ئەو دوو کۆڵبەرە دوای ١٠ رۆژ گەڕان لەلایەن خۆبەخشانەوە دۆزرایەوە، هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەش لە ناوچە سنوورییەکان بەتەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بریندار کرا.

لەماوەی ئەو مانگەدا وەک تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتەکەیدا بڵاویکردووەتەوە تەنیا یەک حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە ئەویش ژنێک بووە بە ناوی مریەم سلێمانی تەمەن ٢٨ ساڵ و دایکی ٣ منداڵ کە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە لە گوندێکی شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ کوژراوە.

سەبارەت بە دۆخی زیندانیانیش ئاماژە بەوەکراوە کە زیندانییەکی تەمەن ٦٥ ساڵ بەناوی عەبدوڵا بەدەوی لە ئەنجامی بێ بەشکردنی لە وەرگرتنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ گیانی لەدەستداوە.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، کە مانگی رابردوو لە ناوچە سنوورییەکانی بانە هاووڵاتییەک بە هۆی تەقینەوەی مینەوە برینداربووە، هەروەها کارمەندێکی مین هەڵگرەوەش لە شاری قەسری شیرینی کرماشان بەهۆی تەقینەوەی مین کەمئەندام بووە.

هـ . ب