ئاماری مانگانەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیەندرا

بەگوێرەی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە مانگی جۆزەرداندا ٧٠ کەس لەوانە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کراون و ١٣ کەسیش لە سێدارەدراون و ١٨ کۆڵبەریش بوونە قوربانی.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستانی لە مانگی جۆزەردان (٢١ی ئایار تا ٢١ی حوزەیران) بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئامارەکە "لانیکەم ٧٠ هاووڵاتی و لەوانە بنەماڵەی دادخوازان و هەروەها چالاکانی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و خووزستان، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون".

٤٠ ئەندامی بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدان دەستبەسەرکران

ئامەژیە بەوەسکردووە: "لە ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەرداندا (٩ی حەزەیران) لانیکەم ٤٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان کە بە مەبەستی دیدار لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردواندا سەردانی شارەکانی سەقز و بۆکانیان کردبوو، لە دەروازەی شاری بۆکاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. زۆربەیان دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کران، بەڵام ٦ کەسیان و هەروەها دوو شۆفیرەکە دوای چەند ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

هەروەها لە نێو دەستبەسەرکراوانی تری ئەم مانگەدا ٢ کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون، بەڵام ئەوانی دیکە هێشتا هەر دەستبەسەرن یاخود هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

سزای زیندان بەسەر ١٦ چالاکواندا سەپێندراوە

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لەو مانگەدا لانیکەم ١٦ هاووڵاتی، چالاکوان و مامۆستای ئایینیی کورد لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان و دادگای شۆڕشی ئیسلامی و گشتیی پارێزگاکانی ورمێ، سنە، تاران و ئیلامەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

کردنە ئامانجی کۆڵبەران بەردەوامە

سەبارەت بە دۆخی کۆڵبەرانیش لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی پارێزگای سنە، کۆڵبەرێکی کورد بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە، کۆڵبەرێکیش بە هۆی وەستانی دڵەوە لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان گیانی لەدەست داوە و هەروەها ١٦ کۆڵبەریش بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە بریندار یان تووشی زەبری قورس بوون.

لانیکەم ١٣ کورد لە سێدارەدراون

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لانیکەم ١٣ بەندکراوی تۆمار کردووە کە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» یان تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو و لە زیندانەکانی سنە، کرماشان، کەرەج، ورمێ، مەشهەد و شیراز لە سێدارە دراون.

سێ ژن لەو مانگەدا کوژراون

سەبارەت بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانیش لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لانیکەم ٣ ژنی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام و کوردستان بە دەستی ئەندامانی بنەماڵە و بە هۆکاری «نامووسی» یان «کێشەی خێزانی» کوژراون.

دۆخی کرێکارانیش بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە پێکدەهێنێت و لەو بارەوە هاتووە: " لانیکەم ٢ کرێکار بە ڕووداوی کار لە شارەکانی دیواندەرە و ورمێ گیانیان لەدەست داوە".

هەر لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە: "لەم مانگەدا مەرگی گوماناویی دوو خوێندکاری کورد بە ناوەکانی بامشاد سلێمانخانی و مەنسوورە سەگوەند، خەڵکی ئاودانان و خوڕەمئاوا، لە شاری ئاوداناندا ناڕەزایەتیی گەورە و بەربڵاوی لێ کەوتەوە. لە رێکەوتی ١١ی جۆزەرداندا (١ی حوزەیران) بازاڕیان و کاسبکارانی شاری ئاودانان لە پەرچەکردارێکدا دژ بە مەرگی گوماناویی بامشاد سلێمانخانی مانیان گرت و دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ و لە خۆپیشاندانی جەماوەریدا لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون".

سوپای پاسداران بەردەوامە لە کاول کردنی ژینگەی کوردستان

هێرشەکەی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کۆساڵان و وێرانکردنی ژینگە و سروشتی کوردستان بەشێکی دیکەی پێشێلکارییەکانی مانگی رابردوو پێکدەهێنێت و لەو بارەوە رێکخراوەکە رایگەیاندووە: "سوپای پاسداران لە رێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانەوە (١٢ی حەزەیران) لە ناوچەکانی کوێستانی کۆساڵانی شاری سەوڵاوا و گوندەکانی دەوروبەری مەریوانی پارێزگای سنە، دەستی کردووە بە مانۆڕێکی سەربازی لەژێر ناوی «موحەڕەم»دا. مانۆڕەکە تا ئێستایش بەردەوامە و لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی سوپای پاسداراندا بەشێکی گەورەی ناوچە پارێزراوەکانی کۆساڵان سووتاون. سوپای پاسداران بە دروستکردنی جادە و سەربازگەی نوێ لە بەرزاییەکانی زنجیرەکوێستانی کۆساڵاندا بەشێکی بەرچاوی ئەم ناوچە ژینگەپارێزراوەی کاول کردووە و ڕێگری لە هاتوچۆی ئەو گوندنشینانەش دەکات کە لە ناوچەکەدا سەرقاڵی ئاژەڵداری و هەنگدارین".

لە کۆتاییشدا رایگەیاندووە: "هاوکات لەگەڵ ئەم مانۆڕەدا، ڕەوانەکردنی بەربڵاوی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ ناوچە سنوورییەکانی شارەکانی شنۆ، پیرانشار و بانەیش درێژەی هەیە و لەم ماوەیەدا دوو جار ناوچەی «بورئالان»ی ماکۆ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بە چڕی تۆپباران کراوە".

هـ . ب