ئامەد مەلازگرد: قوربانییەکەی هەر چییەک بێت دەدەین و رێگا بە داگیرکەری نادەین

ئامەد مەلازگرد باسی لە بەرخودانی گەریلا لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک کرد و وتی، "ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتی تورک لە کوردستان تێکبشکێنین. قوربانییەکەشی هەر چییەک بێت دەدەین و رێگا بە داگیرکەری نادەین".

ئامەد مەلازگرد لە فەرماندەکانی ناوەندی پاراستنی گەل بەشداری بەرنامەى تایبەتی ستێرک تیڤی بوو و لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و بەرخودانی گەریلا قسەى کرد.

ئامەد مەلازگرد رایگەیاند، هێرشە داگیرکەرییەکان ٤٦ رۆژە بەردەامن و وتی، "هەڤاڵانمان لە دژی ئۆپراسیۆنەکە تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەدەبەن. هەموو رۆژێک لە هەموو گۆڕەپانەکاندا شەڕێکی قورس بەڕێوەدەبەن. دەوڵەتی تورک لە هێرشەکەیدا بۆ سەر مەتینا، ئاڤاشین و زاپ دەیەوێت ناوچە داگیراوەکانی ژێر دەستی بەرفراوانتر بکات".

فەرماندە ئامەد مەلازگرد باسی ئەوەیکرد، کە ناوچەکانی بەرخودانی گەریلا بە بەردەوامی ٢٤ کاتژمیر بە فڕۆکەى جەنگی بۆردومان دەکرێن و وتی، "هاوکات بە تانک و تۆپ و هاوەن هێرشێکی چڕ و قورس ئەنجام دەدەن. ئەو شەڕەی، کە دەوڵەتی تورک بەڕێوەی دەبات شەڕی دەستەویەخە و سینگ بە سینگ نییە، بەڵکو شەڕێکە لە دەرەوەی هەموو پێوەرەکانی شەڕ و بە شێوەی نامەردانە بەڕێوەی دەبات و تەکنەلۆژیای سەربازی زۆر بە چڕی بەکار دەهێنێت. بۆ نمونە لە یەک شوێندا ١٠٠ سەرباز دەڕۆن بۆ ٣ هەڤاڵ و دوای ئەوەش ئەو سەربازانە پێیان ناوێرن و خۆیان دەدەن لایەک و دەست بە هێرشی ئاسمانى و بۆردومان دەکرێت بۆ سەریان. لەبەر ئەوەش ئێمە دەڵێین، هەڤاڵانمان لەو ناوچانەدا بە شێوەیەکی زۆر بەهێز و قارەمانانە بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن".

دەوڵەتی تورک لەبەر ئەوەى بە بنبەست گەیشتووە تاوەکو دێت تاوانی زیاتر ئەنجام دەدات

ئامەد مەلازگرد باسی لە چالاکییەکانی گەریلا لە ناچەى مەتینا کرد و وتی، "لە زەندورا و کێستە شەڕ بەردەوامە و ناتوانن پێشڕەوی بکەن. ٤٦ رۆژە هەڤاڵانمان بەرەنگاری دەکەن و رێگا نادەن دەوڵەتی تورک بڕواتە ناو تونێلەکان. یانی لە تەواوی ناوچەکە شەڕ روودەدات و دیاریشە ئەو شەڕە ماوەیەکی دوور و درێژ بەردەوام دەبێت. ئێمە دەمانەوێت رێ لە دوژمن بگرین و لەو شوێنەدا کە خۆیان جێگیرکردووە، چالاکیی بەهێز لە دژیان ئەنجام بدەین. دەوڵەتی تورک ئەو سەرکەوتنەى بە دەستنەهێناوە، کە دەیخواست و پلانی بۆ دانابوو.

خەڵکی ناوچەکەش شاهیدی ئەوەن، کە پەکەکە لە دژی هێزە داگیرکەرەکان و لە دژی تەکنەلۆژیاکەیان چۆن بەرەنگاری و بەرخودان دەکات. هیچ هێزێک ناتوانێت لە بەرامبەر ئەو چەکانەدا، کە دەوڵەتی تورک بەکاری دەهێنێت لەو ئاستەدا و بەو رادەیە بەرەنگاری و بەرخودان بکات، بەڵام گەریلاکانی پەکەکە هەم لە دژی ئەو تەکنەلۆژیایە و هەمیش لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن. لەبەر ئەوەش دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەشکەنجەى تەرمی هەڤاڵە شەهیدەکانمان دەکات و ڤیدیۆ و وێنەى ئەشکەنجەی تەرمەکان و تاوانەکانیان بەرامبەر بە تەرمی شەهیدەکانمان لە ئینتەرنێت بڵاودەکەنەوە. ئەوە جارێکیتر بێ ئەخلاقیی دەوڵەتی تورک دەخاتەوە بەرچاو".

"ئەمڕۆ پەکەکە دەکەنە بیانوو، سبەی هێزێکی تر دەکەنە بیانوو"

ئامەد مەلازگرد لەبارەی نزیکایەتی و هەڵوێست و رەفتاری هەندێک هێز، کە دەڵێن، "لە باشوور پەکەکە هەیە و لەبەر ئەوەیە دەوڵەتی تورک هێرش دەکات" وتی، "بەڵێ لە باشوور پەکەکە هەیە و تێکۆشانی خۆی لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتى تورکیش درێژە پێدەدات. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەى هێرش بکاتە سەر کوردستان ئەمڕۆ پەکەکە دەکات بە بیانوو و سبەی هێزێکی تری کورد دەکاتە بیانوو بۆ هێرشە داگیرکەرییەکانی، چونکە ستراتیژیی خۆی لەسەر ئەوە بونیاتناوە، کە دژایەتیی کورد بکات و کوردستان بە تەواوەتی داگیر بکات و کورد بسڕێتەوە. ئەردۆغان چەتەکانی لە خۆی کۆکردووەتەوە و لە رووی تەکنەلۆژیای سەربازیشەوە خۆی بەهێز دەزانێت، بۆیە دەڵێت، "تاوەکو ساڵی ٢٠٢٣ من هەر کوێ داگیربکەم و بڕۆم بۆ هەر شوێنێک بۆ من دەبێتە سەرکەوتن". لەبەر ئەوەش هەنگاو بە هەنگاو دەستپێدەکات. سەرەتا بە وتەى "وڵاتی شین" بۆ ئەوەى بڕوات بۆ لیبیا دەستیکرد بە دروستکردنی رۆژەڤ. لە ئەنجامی ئەوەشدا هەندێک قەیرانی دروستکرد. هەندێک دەوڵەتی بچووک لە سەرەتادا ئەو قسانەى دەوڵەتی تورک-یان بە جدی نەدەزانی، دەوڵەتی تورکیش لەو غەفڵەتەى ئەوان سوودی وەرگرت و بەرەو پێش ڕۆیشت. کاتێک دەوڵەتەکانی تر ئەوەیان بینی ئیدی سنوورێکیان بۆ دانا. دەوڵەتی تورک دواتر ناچار بە پاشەکشە کرا. واتە کاتێک دەوڵەتی تورک هەڵوێستێکی لە دژی خۆی بینی دەستی بە پاشەکشە کرد. باشە دەبێت و دەکرێت ئەوەى لە کاتی داگیرکەریی عەفریندا بەرامبەر کورد ئەنجامی دا لە بیر بکرێت؟ هەر کەس، کە بەخۆی دەڵێت، کوردم و بە شەرەف و ناموسم دەبێت تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین لە بیر نەکات".

شەڕی تونێلەکان بە بەهێزی بەڕێوەدەچێت

فەرماندە ئامەد مەلازگرد لەبارەی بەرخودانی هێزەکانی گەریلا لە دژی داگیرکەری وتی، "لە هێڵی مەتینا شەڕی تونێلەکان بەڕێوەدەچێت. لە مام رەشۆ لە دوو بەرەوە شەڕی تونێلەکان هەیە. لە ناوچەى شەهید سەردار شەڕی تونێلەکان بەڕێوەدەچێت. بەرخودانی هەڤاڵان لەوێ بە بەهێزی بەردەوامە. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەى خۆی وەک سەرکەوتو نیشان بدات هەموو ئەو تاوانانە لەو ناوچانەدا ئەنجام دەدات، کە بەپێی یاساکانی شەڕ قەدەغەن و تاوانی جەنگن. گەریلا بە دەستە و یەکەی بچووک بچووک لە دژی دوژمن چالاکی ئەنجام دەدەن و گورزی قورس لە دوژمن دەدەن. لە ناوچەکانی تریش چالاکیی لەو شێوەیە لەلایەن گەریلاکانی ئازادییەوە ئەنجام دەدرێن. شەڕ لەو ئاستە چڕوپڕەدا بەڕێوەدەچێت. هێزەکانی گەریلامان بۆ پووچکردنەوەى تەکنیک و تەکنەلۆژیای دوژمن شێوازی جۆراوجۆر و نوێ دەئافرێنن. دەوڵەتی تورک بەردەوامە لەسەر ئۆپراسیۆنە داگیرکەرییەکەى و درێژەى پێدەدات.

دەوڵەتی تورک حسابی ئەوەى کردبوو، کە بە تەکنیک و تەکنەلۆژی قورس و بەبەکارهێنانی چڕیان دەتوانێت زۆر ناوچە داگیر بکات، بەڵام کاتێک ئەو بەرخودانەى رووبەڕوو کرایەوە، ئیدی سەرنوێ لێکدانەوەى نوێی بۆ ستراتیژیی شەڕەکەى کرد. بۆ ئەوەى خۆی سەرکەوتو نیشان بدات دەستی بە هەوڵی جۆراوجۆر کرد. ورە و موراڵ و ئامانج و نیازی هەڤاڵانمان زۆر گەورە و بەرزە. بۆ ئەوەى کۆتایی بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بهێنن تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەدەبەن. کورد لە هەر چوار پارچەى کوردستان و لە ئەوروپا و هەموو ئەو شوێنانەدا تیایدا دەژی دەبێت خاوەنداری لە شەهیدە قارەمانەکانمان بکەن. بێگومان گەلەکەمان خاوەنداری لە شەهیدەکانی دەکات، بەڵام هەندێک خائین و بەکرێگیراو، کە بۆ پارە خۆیان فرۆشتووە لەگەڵ دوژمندان و ئەوە ورە بە دوژمن دەدات و دوژمن بەوانە خۆی شێرە کردووە.

"قوربانییەکەى هەر چییەک بێت دەیدەین و دەوڵەتی تورک تێکدەشکێنین"

لەلایەکی ترەوە و لە بەرامبەریاندا ئەو رۆڵە تێکۆشەرانە هەن، کە بەبێ حسابات گیانی خۆیان بۆ کورد و کوردستان فیدا دەکەن. هاوکات لەلایەکی تریشەوە هەندێک لەگەڵ دوژمندان. بێگومان ئەوە زۆر بۆ مرۆڤ ئازار بەخشە. کاتێک گەلەکەمان خاوەنداری و پشتیوانی لە گەریلا دەکەن، گەریلا هێز و ورە لەو پشتیوانییە وەردەگرێت. ئێمە دەمانەوێت لە ناوچەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین دەوڵەتی تورک تێکبشکێنین. قوربانییەکەی هەرچییەک بێت دەیدەین و تێکیدەشکێنین. ئێستا و هەر خۆی ئێمە هەموو رۆژێک قوربانی دەدەین، بەڵام ئێمە هەرگیز ناهێڵین، کە دەوڵەتی تورک لە خاکی کوردستاندا بمێنێتەوە".

ژ.ت