ئارین کۆچەر گەریلای یەژاستار: سەرکەوتن بۆ ئێمەیە

ئارین کۆچەر گەریلای یەژاستار رایگەیاند، "راستە دوژمن بە تەکنەلۆژیا شەڕ دەکات، بەڵام ئێمەش ئایدۆلۆژیا و بڕوامان هەیە. تاوەکو ئەو ئایدۆلۆژیا و بڕوایە هەبێت، تاوەکو ئەو رۆح و ورەیەى هەڤاڵێتی هەبێت ئێمە بە شێوەیەکی گەورە سەردەکەوین و دوژمن تێکدەشکێنین".

ئارین کۆچەر گەریلای یەژاستار لەبارەی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەی حەفتانین و وەڵامدانەوەى گەریلا لە دژی ئەو هێرشانە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

ئارین کۆچەر باسی ئەوەیکرد، هێزە داگیرکەرەکان سەرەتا بەرەو گردە چۆڵەکان و ئەو شوێنانە رۆیشتن، کە گەریلای تیادا نەبوو و وتی، "سەرەتا بە فڕۆکە و کۆپتەر دەستیان بە هێرش و بۆردومانکرد. دواتر سەربازەکانیان لەسەر گردە چۆڵەکان دابەزاند".

ئارین کۆچەر رایگەیاند، سوپای تورک نەک تەنها بە سەربازەکانی، بەڵکو لەگەڵ کۆنتراکان، چەتەکان و جاشەکاندا دەستی بە هێرش کردووە و وتی، "ئەوەى بۆ ئێمە قورس بوو ئەوە بوو، کە کوردە خۆفرۆشەکانیان هێنا و دایانبەزاندن و دەستیان بە شەڕ لەگەڵماندا کرد. دەوڵەتی تورک خۆی نەهات و شەڕی نەکرد، شەڕەکەى بەوان کرد".

ئارین کۆچەر باسی قارەمانێتیی جەنگی حەفتانینی کرد و وتی، "بە رۆح و ورەی هەڤاڵ گۆران و ئەسمەرەکان ئۆپراسیۆنەکە تێکشکێنرا. بە رۆح و ورەی فیداییانە تاوەکو دوا گولـلەیان شەڕیان کرد و بە رێبازی نوێی گەریلایەتی تەکنیک و تەکنەلۆژیای دوژمنیان پووچ کردەوە.

دوژمن لە حەفتانین پشتی خۆی بە تەکنەلۆژیا قایم کردبوو، بەڵام تەکنەلۆژیاکەیان پووچ کرایەوە و تێکشکێنرا. ئێمە خۆمان بە فەلسەفەى سەرۆکایەتی پەروەردە کردووە. رەنگە دوژمن بە تەکنەلۆژیا شەڕ بکات، بەڵام ئێمە ئایدۆلۆژیا و بڕوامان هەیە. تاوەکو ئەو ئایدۆلۆژیا و بڕوایە هەبێت، تاوەکو ئەو رۆح و ورە هەڤاڵانەیە هەبێت ئێمە بە شێوەیەکی سەرکەتوانە سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەین و سەردەکەوین و دوژمن تێکدەشکێنین".

گەریلا ئارین کۆچەر رایگەیاند، سوپای تورکی داگیرکەر لە بەرامبەر بەرخودانی گەریلادا بێ ئەنجام بووە و وتی، "دوژمن چاوەڕێی دەکرد لە حەفتانین ئەنجام بە دەست بهێنێت، بەڵام نەیتوانی ئەوە بکات. دوژمن بۆ خۆیشی ئیدی دەزانێت، کە شکستی هێناوە. وای لێهاتووە، کە نازانێت شەڕ لە کوێ بکات و چی بکات. ئەوان ئیدی بۆ خۆیان لە ناو خۆیاندا تووشی ناکۆکی بوون. لە هەموو لایەکەوە ژێرکەوتووە و شکستی هێناوە. لەبەر ئەوەى لە حەفتانین سەرنەکەوت خواستی لە گارە ئەنجام بە دەست بهێنێت، بەڵام ئەوەى دەیخواست بە دەستی نەهێنا. هەڤاڵان لەوێ ئۆپراسیۆنەکەیان تێکشکاند. بە رۆح و ورەی شەهید شۆڕش دوژمن تێکشکا. لە ئەشکەوتەکان و تونێلەکاندا شەڕیان کرد و بە رێباز و تاکتیکی نوێی گەریلایی سەردەمی نوێ دوژمنیان تێکشکاند. دوژمن ناچار بوو بکشێتەوە. تەنانەت نەیتوانی هەفتەیەکیش بەرگە بگرێت. لە گارە، حەفتانین، مەتینا و لە هێڵی ئاڤاشین – زاگرۆس و لە هەموو شوێنێکەوە هێرش دەکات، بەڵام نەیتوانی و ناشتوانێت ئەنجام بە دەست بهێنێت. ئەوەى سەردەکەوێت و ئەنجامی بە دەستهێناوە گەریلا و رێکخستنە".

گەریلا ئارین کۆچەر لە کۆتایی وتەکانیدا ئاماژەى بەوەکرد، "ئێمە سەردەکەوین، بەڵام دەبێت گەلەکەمان لە باکووری کوردستانیش لە دژی ئۆپراسیۆنەکان ببنە وەڵام و هەستنە سەرپێ و راپەڕن و ناهەقی قبوڵ نەکەن. راستیی کوردان ئیدی ئاشکرا بووە و ئیدی بەرەو سەرکەوتن دەڕوات. پێویستە گەلی کورد، ژنان و گەنجانی کورد، هەموو گەلانی بندەست ئەو داگیرکەرییە قبوڵ نەکەن و لە دژی راپەڕن".

ژ.ت