یاریزانی بۆكسینی كورد بۆ پێشبڕكێی ئاسیای ٢٠٢٢ له‌ هانگژو بانگهێشت كرا

گه‌نجی مه‌ریوانی مه‌هدی خوسره‌وی كه‌ له‌سه‌ر ئاستی ئێراندا یاریزانێكی لێهاتووی بۆكسینه‌، بۆ به‌شداری له‌ پێشبڕكێی بۆكسینی ئاسیای ٢٠٢٢ له‌ هانگژوی چین بانگهێشت كرا. خوسره‌وی له‌ كێشی ٥٤ كیلۆدا نوێنه‌رایه‌تی پارێزگای سنه‌ ده‌كات.

سه‌رۆكی فیدراسیۆنی بۆكسینی پارێزگای سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌ید مه‌هدی ئیبراهیمی رایگه‌یاند، "١٣ یاریزانی بۆكسین بۆ شاندی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ تیمی ئۆزباكستان بانگهێشت كراون، كه‌ یه‌كێكیان بۆكسه‌ری هێژای كوردستانی مهدی خوسره‌وییه‌".

ئیبراهیمی باسی له‌وه‌ش كرد، كه‌ ئه‌و شاند هاوبه‌شه‌ له‌ ٣١ی ئادار تا ١١ی نیسان ساز ده‌كرێت و خولی نوێی خۆئاماده‌كردن تا ره‌وانه‌كردنیان بۆ پێشبڕكێكه‌ له‌ تاران به‌رده‌وام ده‌بێت. هه‌روه‌ها ئیبراهیمی باسی له‌وه‌كرد، ئه‌گه‌ر یاریزانی بۆكسینی به‌نرخ مه‌هدی خوسره‌وی بتوانێت به‌شداری له‌ پێشبڕكێی ئاسیادا بكات ده‌بێته‌ چانسێك بۆ هێنانه‌وه‌ی مه‌دالیا.

خوسره‌وی له‌ كێشی ٥٤ كیلۆگرامدا به‌شداری له‌ پێشبڕكێكه‌دا ده‌كات.

بۆكسه‌ری كۆڵبه‌ر

بۆكسه‌ری گه‌نج مه‌هدی خوسره‌وی له‌ شاری مه‌ریوانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه‌. به‌ هۆی دۆخی خراپی ئابووری بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌، خوسره‌وی گه‌نج ناچاربووه‌ له‌ ته‌مه‌نی ١٥ ساڵیه‌وه‌ هه‌م كۆڵبه‌ری بكات و ده‌رس بخوێنێت.

خوسره‌وی كه‌ له‌ته‌مه‌نی كه‌مه‌وه‌ رووبه‌ڕووی سیاسه‌تی برسیكردنی رژێمی ئێران بووه‌ته‌وه‌، له‌ ته‌مه‌نی ١٦ ساڵیه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی پڕۆفیشناڵ ده‌ستی به‌ یاری بۆكسین كردووه‌. به‌وته‌ی خودی مه‌هدی هێشتا دوو مانگ به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی به‌ بۆكسین تێپه‌ڕ نه‌ببوو، كه‌ توانیبووی له‌ پێشبڕكێی پارێزگاكه‌دا ببێته‌ یه‌كه‌م.

هـ . ب