ئاسایشی هەولێر دوو ڕۆژنامەنووس دەستگیردەکات

ئەمڕۆ شەممە، کەناڵی ئاسمانیی کوردسات ڕایگەیاند، بۆ دووەمین جار لەم هەفتەیەدا، ئاسایشی هەولێر ڕێگە لە کارکردنیان دەگرێت و دوو ڕۆژنامەنووسی سەر بە کەناڵەکەی لەکاتی ڕووماڵدا دەستگیرکردووە.

لە ڕاگەیاندراوی کەناڵەکەدا هاتووە: «هێزە ئەمنییەکانی هەولێر، پەیامنێر و کامێرامانی کەناڵەکەیانی لەکاتی ڕووماڵدا دەستگیرکردووە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا، دووەمین جارە ڕێگری لە کاری کەناڵە دەکرێت».

هەروەها دەڵێت: «کەناڵەکە بەردەوام پابەند بووە بە بنەما و پرەنسیپ و ئاکارە ڕۆژنامەگەرییەکانەوە، هیچ هەڵە و سەرپێچییەکان لەم پرەنسیپانە نەکردووە». هەروەک ڕوونی دەکەنەوە «کەناڵە بەبێ جیاوازی دەنگ و ڕەنگی هەمووان بووە و باوەڕیان بە بەها نیشتیمانییەکانە».

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، کەناڵەکە داوا لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و دەزگای میترۆ بۆ بەرگری لە مافی ڕۆژنامەنووسان دەکات «ڕێگە لەم ڕێکارانە بگرن و نەهێڵن دووبارە ببێتەوە».