ئاسایشی پەدەکە کوردێکی خەڵکی دێرکی رۆژئاوای دەستگیرکرد

کوردێکی خەڵکی شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان کاتێک لە دەروازەی سنوری پێشخاپورەوە دەچووە رۆژئاوا، لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیرکرا. ئەو کەسە بە بیانۆی ئەوەی منداڵەکانی لەناو یەپەگەدان و پشتگیری لە بەڕێوەبەری خۆسەر دەکات دەستگیرکراوە.

ناییف عەلی حەسەن خەڵکی شاری دێرکە و لە ساڵی ١٩٦٨ لەدایک بووە، ماڵباتەکەی وتی، باوکیان ١ی نیسان سەردانی باشوری کوردستانی کردبوو و بە شێوەیەکی فەرمی لە دەروازەی سێمالکاوە سەردانی زۆربەی شارەکانی باشوری کوردستان کردبوو. هەروەها باسی ئەوەیان کرد کە ئەمڕۆ ئەو کاتەی بۆی دیاریکرابوو، کۆتایی هات و ویستی لە رێگەی پیشخابۆرەوە بچێتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان بەڵام دەستگیرکراوە.

بە پێی وتەی خانەوادەکەی، ناییف عەلی حەسەن لە دەروازەکە رووبەرووی لێپرسینەوە بووەتەوە و دواتر لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیرکراوە و بۆ ئاسایشی دهۆک دەگوازرێتەوە.

خانەوادەکەی رایگەیاند، چارەنووسی باوکیان نادیارە و ئەوان ئاگادار نین بۆ گوێ براوە و دەست بەسەر تەلەفۆنەکەشیدا گیراوە.

ف.ق