'ئاسایشی سلێمانی رێگا نادات هاوکاری بۆ زیان لێکەوتووانی بومەلەرزەکە کۆبکرێتەوە'
ئاسایشی سلێمانی ڕێگە بە خۆبەخشانی کەمپەینی هانا نادات، کە لە کارگەی جگەرەی سلێمانی هاوکاری بۆ زیان لێکەوتوانی بومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان کۆبکەنەوە.
ئاسایشی سلێمانی ڕێگە بە خۆبەخشانی کەمپەینی هانا نادات، کە لە کارگەی جگەرەی سلێمانی هاوکاری بۆ زیان لێکەوتوانی بومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان کۆبکەنەوە.
کەمپەینی هانا بە دەستپێشخەریی کۆمەڵێک لە چالاکوانان و سیاسەتمەداران و خۆبەخشان، دوای ڕۆژێک لە بومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، لە شاری سلێمانی ڕاگەیاندرا بۆ گەیاندنی هاوکاری بە قوربانیان و زیان لێکەوتوانی بومەلەرزەکە. کەمپیەینەکە لە ناوەندی ڕۆشنبیری جەمال عیرفان لە شاری سلێمانی ڕاگەیاندرا و هاوولاتیانی شاری سلێمانی بایەخێکی زۆریان بە کەمپەینەکە دا و هاوکارییەکی بەرچاویان پێشکەشی کەمپەینەکە کرد، بەڵام لەدوێنێوە ئاسایش بەبیانوەی ئەوەی مۆڵەتیان وەرنەگرتووە ڕێگری لە کۆکردنەوەی هاوکاری دەکات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن ڕێکەخەرانی کەمپینی هاناەوە دراوە، ئەمڕۆ سەردانی پارێزگای سلێمانییان کردووە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت و چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام لە پارێزگاوە ڕەوانەی قائیمقامیەتیان کردوون و قائیمقامیەتیش ئامادە نەبووە وەڵامیان بداتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن ڕێکخەری کەمپینی هانا-وە خراونەتەڕوو، ئاسایش ڕێگە نادات هاوکاری بگاتە کارگەی جگەرە و فشار دەخاتە سەریان بۆ ئەوەی کۆتایی بە کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بهێنین.
ڕێکخەرانی کەمپەینی هانا داوا لە سەرجەم هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و حزب و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خێرخوازان و خۆبەخشان دەکەن سەردانی کارگەی جگەرەکە بکەن و پشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵمەتەکەی هانا دەرببڕن بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم هەڵمەتەکەیان کۆتایی پێ بێت.
ڕێکخەرەکانی کەمپینەکان ڕاشیانگەیاندووە، ئەگەر ڕێگرییەکان بۆ کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بەردەوام بێت، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوان بۆ ڕای گشتی رێکدەخەن و لە دۆخەکە ئاگاداریان دەکەنەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی سێ هاوڵاتیی باکوری کوردستانیان دەستگیرکرد، کە بڵاوکراوەی هەڵمەتی هانایان لە بازاڕدا دابەش دەکرد. بەپێی زانیارییەکان، هەر سێ کەسەکە لە نیوەشەودا ئازادکراون.
ژ.ت