ئەمڕۆ لە شەنگال ئاسایشى ئێزدخان یەكەمین كۆنفرانسی خۆی بە دروشمی "مسۆگەرکردنی ئیدارەی خۆسەری شنگال لە بەهێزكردنی ئاسایشى ئێزدخاندایە" بە بەشداری ٣٠٠ ئەندام و نوێنەر ئەنجامدا، ئامانج لە کۆنفڕانسەکەش بەهێزکردن و پتەوکردنی سیستمی پاراستنی جەوهەری و شەنگالی خۆبەڕێوەبەر و ئازادە.
ئاسایشی ئێزدخان بڵاویکردەوە، هەنگاوی گرنگی نوێ بۆ پتەوكردنی سیستمی پاراستنی جەوهەری بۆ خۆبەڕێوەبردنی شنگالی ئازاد دەگیرێتەبەر و ئێمەش لە دوای كۆمەڵكوژی لە مانگی تەمموزی ٢٠١٦ وەك هێزێكی پاراستنی ناوخۆ لە شنگال دامەزراین، ئەمڕۆ یەكەمین كۆنفرانسی خۆمان لە ژێر دروشمی “گەرەنتی خۆبەڕێوەبەریی شنگال لە بەهێزكردنی ئاسایشی ئێزدخاندایە” ئەنجامدا.
لە كۆنفرانسەكەدا سەرجەم پێكهاتەكانی شنگال و دامەزراوە و ئۆرگانەكانی ئیدارەی خۆسەر، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی، یەكێتی لاوانی ئێزدخان، بنەماڵەی شەهیدان، ئۆرگانەكانی عەشیرەتەكان، چەندین میوان بەشداربوون، جگە لە میوانان و نوێنەران ٣٠٠ ئەندام بەشدارییان لە كۆنفرانسەكەدا كرد.
سەرەتای كۆنفرانسەكە بە خولەكێك بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئێزدخان دەستی پێكرد، پاشان حەسۆ ئیبراهیم، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی ئیدارەی خۆسەر لە شنگال، وتاری دەستپێكی پێشكەش كرد، هەروەها جەختی لە ڕۆڵ و گرنگی ئاسایش ئێزدخان كردەوە لە پاراستنی شنگال و وتی: “لە ساڵی ٢٠١٨ەوە زۆرێك لە سەركردە و پاڵەوانەكان، كە دەیانویست پەرە بە ئیمان و بیروباوەڕەكانیان بدەن و بپارێزن، بۆ ئەم مەبەستە گیانی خۆیان بەخت دەكەن، بەڵام دەستبەرداری ئەم دۆزە نابن.
حەسۆ ئیبراهیم باسی لە گرنگی مانگی نیسان كرد، كە سەرەتای ساڵی نوێیە بۆ كۆمەڵگەی ئێزدی و وتی، هیوادارن ئەمساڵ ساڵێكی باش و ئاوەدان و ئازاد بێت بۆ هەموو منداڵانی ئێزدی، هیوادارین، كە ئەم كۆنفرانسە ببێتە هیوایەك بۆ كۆمەڵگەی ئێزدی.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەك پێكهاتەی ئێزدی ڕووبەڕووی چەندین سەختی و ئاستەنگ بووینەتەوە، دوژمن دەیەوێت دینمان لە ناو ببات. سوپاس بۆ شەهیدان ئەم ڕێبازە بە زیندووی دەمێنێتەوە، لە ئێستا دا سیاسەتی پیس بەسەر كۆمەڵگاكەماندا جێبەجێ دەكرێت.
باسی لە ڕێككەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم كرد، كە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەم ڕێككەوتنە لەناوبردنی ئاسایشی ئێزدخان بوو، دەشڵێت، بە ڕێككەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم دەیانویست بەناوی یاساوە جینۆسایدێكی نوێ بەسەرماندا بسەپێنن.
ڕونیشیكردەوە، بەهۆی بەرخۆدانی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر و هەموو پێكهاتەكانی شنگال، ئەم ڕێككەوتنە شكستی هێنا، لە ئێستادا دەیانەوێت سیاسەتێكی نوێ لە دژی شنگال و ئێزدییەكان جێبەجێ بكەن، جارێكی تریش دەیانەوێت ڕێكەوتنی ٩ی ئۆكتۆبەر لە ڕێگەی ئەنجوومەنی ڕۆحی و میرەوە بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە و هیوادارین جارێكی تر ڕێگە بەو خیانەتكارانە نەدەن بگەڕێنەوە بۆ شنگال، داوا لە هەموو ئێزیدییەك دەكەین هاوكاری دوژمن نەكەن.
لە كۆتاییدا ڕایگەیاند، ئەوان خەریكی بەرهەمهێنانی فیلمن و دەیانەوێت خۆیان وەك ئەو كەسانە بسەپێنن، كە شنگال و كۆمەڵگەی ئێزیدییان ڕزگاركرد، بەڵام هەمووان دەزانن پێشمەرگە تەنانەت یەك فیشەكیشی نەتەقاندووە.
كۆنفرانسی ئاسایش ئێزدخان هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێ بۆ ئێزدییەكان، كە لە چوارشەممەی سووری مانگی نیسانی ئەمساڵدا ئاهەنگ دەگێڕدرێت، هەروەها ئەم كۆنفرانسەکە بۆ یادی سەركردەكانی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگالە.
هـ. ب