ئاسیا گەزەر: من کار بۆ زیندانییەکان دەکەم

ئاسیا گەزەر خوشکی غەریبە گەزەر لە مێردین پاڵێوراوی پەرلەمانە لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز و وتی: "ئامانجی من کارکردنە بۆ زیندانییەکان و گۆڕینی بارودۆخی زیندانەکان."

غەریبە گەزەر لە ۹ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۱ دا لە زیندانی ژمارە ١ی جۆری ئێف لە کاندرا لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا. تا ئێستاش ڕووداوەکە ڕوون نەکراوەتەوە. ئاسیا گەزەر خوشکی غەریبە گەزەر لە مێردین بووە بە پاڵیوراوی پارتی چەپی سەوز بۆ پەرلەمان.

ئاسیا گەزەر ڕایگەیاند، ئامانجی لە خۆ پاڵاوتن ئەوەیە، کە چالاکانە کاری پەیوەندیدار بە زیندانیانەوە ئەنجام بدات و وتی، "ئامانجی من کارکردنە بۆ زیندانییەکان و گۆڕینی بارودۆخی زیندانەکان."

تێکۆشانی ۳۰ ساڵەی بنەماڵەی گەزەر

١١ کەس لە ئەندامی بنەماڵەی گەزەر لە ساڵانی ١٩٩٠دەکاندا چالاکانە بەشدارییان لە خەبات و تێکۆشانی سیاسی دا کرد. لێکۆڵینەوە لە دژی ٩ کەسیان دەستیپێکرد، ٤ کەسیان زیندانیکراون و یەکێکیانیشیان لەکاتی چالاکی دژ بە داگیرکاری کۆبانێ لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە ناوەڕاستی شەقامەکاندا کوژرا.

ئاسیا گەزەر ڕایگەیاند، یەکەمجار  یوسف کەسەری باوکی لە ساڵی ١٩٩٤دا و کاتێک بە زۆر گوندەکەیان چۆڵکرا بەهۆی ئەشکەنجەوە چاوێکی خۆی لەدەستدا و وتی، لەو کاتەوە گوشار لەسەر بنەماڵەکەمان دەستیپێکردووە. ئاسیا گەزەر باسی لەوە کرد، خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی تێکۆشانی بنەماڵەکەیدا چالاکیی دژ بە داگیرکردنی کۆبانێیە و وتی: "غەریبە و بیلالی برام هەمیشە بەشدارییان لە کاری حیزبدا دەکرد. من لەو کاتەدا لە ئیزمیر مامۆستا بووم. غەریبە بەڕێوەبەری ناوچە بوو. لە ڕووداوەکانی کۆبانێ، براکەم لە شەقامێکی گشتی لە ناوچەی کەربۆران کوژرا. گوشارەکان لەسەر ئێمە زیادیان کرد. لە ۸ی تشرینی یەکەم، کاتێک تەرمی براکەم لە مێردینەوە دەهێنرایەوە، محەمەد ئەمینی برام لەلایەن پۆلیسەوە هێرشی کرایەسەر و لە ئەنجامی ئەو گولـلەیەی پۆلیس نای بە ملییەوە ئیفلیج بوو".

ئەو هەم هاوڕێ و هەم خوشکم بوو

ئاسیا گەزەر ڕایگەیاند، لەگەڵ غەریبەی خوشکی بۆ ماوەی ٩ مانگ لە زیندانەکانی مێردین و میدیات دا زیندان بوون و ڕاشیگەیاند، غەریبە لە ٦ زیندانی جیاوازی تردا ماوەتەوە و سەبارەت بە ڕۆژانی زیندانی غەریبە لە دوورخراوەیدا وتی:

"منیش لەو کاتەدا لە زیندان دا لەگەڵ غەریبە دا بووم. ٩ مانگ پێکەوە ماینەوە. ئەو هەم هاوڕێ و هەم خوشکی من بوو. من ئازاد بووم، بەڵام غەریبە چەندین جار لەم زیندان بۆ ئەو زیندان دوورخرایەوە. لە ماوەی ٦ ساڵدا ٨ زیندانی پێکرا. ئەو لە ژووی تاکە کەسی دا ڕادەگیرا و ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکردنی ماف و سیاسەتی جیاکاری دەبوویەوە."

هەرچەندە سزاکەی سەری پەسەند نەکرا، بەڵام لە زیندانی تاکەکەسیدا زیندانی کرا

دۆسیەکەی دژ بە غەریبە لەلایەن دادگای باڵاوە پەسەند نەکرا. دادگای هەرێم بڕیارەکەی پەسەند کرد و ڕەوانەی دادگای باڵای کرد، بەڵام دادگای باڵا هەر ئەو سزایە پەسەند نەکرد، بەڵام لە ژووری تاکە کەسیی زیندان دا ڕادەگیرا. لە دژی خواست و ئیرادەکەی ئەو سزا و ڕەفتاری لە دژ ئەنجام دەدرا.

غەریبە ژنێکی ڕاپەڕیو و سەرکێش بوو. ژنێک بوو، ئەوەی بەسەریدا دەسەپێنرا قبوڵی نەدەکرد. بۆ ئەوەش دووریان خستەوە بۆ زیندانی ژمارە ١ی جۆری ئێفی کۆجالی. ئێمە هەموو پرۆسەکە دەزانین. بە زەویدا ڕایانکێشا. ئێمە لەو کاتەدا ئەوەی ڕووی دەدا بە میدیاکانمان دەوت. بۆ ئەوەی ئیهەدە بڕوات بۆ سەردانی، کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمان لێکۆڵینەوە بکات، بەڵام ئێمە لە ۹ی کانوونی یەکەم دا غەریبەمان لەدەستدا.

ئێمە لەو کاتەدا لە دژی ئەشکەنجەی سەر غەریبە سکاڵامان لە دژی بەڕێوەبەرایەتی زیندان تۆمار کرد، بەڵام بڕیاری بەدوادانەچوون بۆ سکاڵاکەی ئێمە دەرکرا. پارێزەرەکانمان ساڵێک پێشتر ئەو سکاڵایەیان بردبووە دادگای دەستووری. پرۆسەکە بەردەوامە. دەبوو وتەی من بۆ ئەو دۆسیە وەربگیرایە، بەڵام وتەیان وەرنەگرتم. دوای مردنی غەریبە، بە هەوڵی پارێزەرەکانم وتە لە من وەرگیرا".

دوای غەریبە زیندان بۆ ئێمە بوو بە برینێکی قووڵ

ئاسیا گەزەر ڕایگەیاند، تاکە ئامانجی بۆ خۆ کاندیدکردن بۆ پەرلەمان ئەوەیە کە لە پەرلەمان کار بۆ زیندانیان ئەنجام بدات و لە کۆتایی وتەکانیدا وتی:

"ئێمە چوار خوشک و برا یەک لە دوای یەک دەستگیر و زیندانیکراین. زیندان بۆ شوێندانەرێکی تایبەتی بوو. دوای غەریبە زیندان بۆ ئێمە بوو بە برینێکی قووڵ. من ئەوە تەنها بۆ خێزانەکەم و بنەماڵەکەم ناڵێم، بێگومان خەڵکێکی زۆری وەک ئێمە هەیە. چەندین هاوڕێی ژنی وەک غەریبە هەیە. ویستم شتێکیان بۆ بکەم. غەریبە هەمیشە باسی سیاسەتی زیندانەکانی دەکرد و دەیوست، "ئێمە هەموومان لەژێر گوشارداین، بەڵام گوشارێکی زۆر لەسەر ژنان هەیە." دایک و منداڵی کۆرپە پێکەوە لە زیندانەکاندان. زیندانیی نەخۆش هەیە. بۆ ئەوەی کێشەکانی گەلەکەم چارەسەر بکەم، بۆ ئەوەی سود بەوان بگەیەنم و بۆ ئەوەی کار بۆ زیندانەکان بکەم، من خۆم پاڵاوت بۆ پەرلەمانتاری".

ژ.ت